رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ رێكخستنی ناوماڵی كورده‌

رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ رێكخستنی ناوماڵی كورده‌
مانگێك و چوار رۆژی ره‌به‌قه‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و ئه‌ندامانی جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، ئه‌و ریسه‌ ده‌ڕێسن كه‌ گوایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك دایه‌ و ده‌ڵێن: رێككه‌وتنه‌كه‌مان بۆ رێكخستنی ناوماڵی كورده‌ و دژی هیچ لایه‌نێك نییه‌، به‌ڵام نه‌وشیروان مسته‌فا رووه‌ شاراوه‌كه‌ی ناو رێككه‌وتنه‌كه‌ی ده‌رخست و به‌ چوار خوله‌ك ئه‌و ریسه‌ی لێكردنه‌وه‌ به‌ خوری.
نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ: له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی دێنین، دواتر ده‌ڵێ: فراكسیۆنه‌كانمان ده‌كه‌ین به‌ یه‌ك و ئه‌كات به‌ 42 كورسی په‌رله‌مانی ده‌بینه‌ فراكسیۆنی زۆرینه‌ و پارتیش به‌ 38 كورسی ده‌بێته‌ كه‌مینه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یه‌وێ به‌و رێككه‌تنه‌ی گه‌ڵ یه‌كێتی، ئه‌و كۆنه‌قینه‌ سیاسیه‌ به‌سه‌ر پارتی و نه‌یارانی ناو یه‌كێتیدا بڕێژێ كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێوه‌ی ده‌تلێته‌وه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ر له‌ پارتی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و جڤاتی نیشتیمانی و گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێنه‌ ده‌نگ و به‌ نه‌شیروان مسته‌فا بڵێن: ئه‌گه‌ر دوای ئه‌و هه‌موو شكسته‌ سیاسیانه‌ په‌ندت وه‌رنه‌گرتووه‌ و ژانی تۆڵه‌ به‌رینه‌داوی و هێشتا به‌ ته‌مای رشتنی كۆنه‌قینی، ئه‌ی بۆچی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌مان پێده‌كه‌ی گوایه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌مان بۆ خه‌ڵكه‌ و دژی هیچ لایه‌نێك نییه‌؟
با چاوه‌ڕوان بین.. ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ 9ی ئاب له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی یه‌كێتی هێنا و پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌رگرته‌وه‌ ده‌ڵێم: ئه‌شهه‌دو كۆتایی به‌ بڕیاری تاكڕه‌وی سیاسی دێنێ، ئه‌گه‌ر واش ده‌رنه‌چوو ده‌ڵێم: هیچ نییه‌ و وه‌ك درووشم و بانگه‌شه‌كانی رابردووی باوبژی سیاسییه‌ و هیچیتر.
Top