دەوڵەتی ئێراق چۆن دروست بوو؟

دەوڵەتی ئێراق چۆن دروست بوو؟
ئەم گۆتارە پێشکەشە بەو کەسانەی مێژوو ناخوێنن و وانەی لێوەرناگرن، و ھەروەھا ئەوانەی کە لە ئەلفبای سایکۆلۆژیای مێژوو ھیچ شتێک نازانن. لێرەدا مەبەستمان تەنھا گێڕانەوەی ڕووداوێکی مێژوویی و ڕەوالەت نیە. بەڵکۆ زیاتر دەمانەێ لە سیاسەتی ڕۆژئاوایەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتەکان تێبگەین و شرۆڤەی بکەین و سوود لە ئەزموونەکان وەربگرین.
وەک ھەموومان دەزانین لە نەخشەی جۆگرافیایی جیھاندا شوێنێک بەناوی دەوڵەتی ئێراق بوونی نەبوو. ئەو وڵاتە بەرھەمی پلانی وەڵاتە زلھێزەکانی براوەی جەنگی جیھانی یەکەمە( ١٩١٤-١٩١٨). لە داڕشتنی ئەو وڵاتە دا و سنوورە دەستکردەکانی ھەموو بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسیەکان لەبەرچاو گیراوە. زانای گەورە عەلی وەردی( ١٩١٣-١٩٩٥) یەکەم ساتەکانی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بەو شێوازە باس دەکات: سێر پێرسی کۆکس ( ١٨٦٤-١٩٣٦Percy Cox, ) ناسرا بە (Kokus) وەک وەزیری ڕاسپێردراوی بەریتانیا لە تاران، لە لایەن وڵاتەکەی خۆیەوە داوا دەکرێ تا بابەتی " بە دەوڵەتکردنی" ئێراقی لەگەڵدا تاوتوێ بکرێتن. ئەم پرۆژەیە دوو دەستە لایەنگری ھەبوو: ئەوانەی کە ڕەزامەندبوون و گرووپی دیکەش لەگەڵ ئەو ڕایە دا نەبوون. کۆکس بە زیرەکایەتی و لێھاتوویی خۆی و بە لەبەرچاوگرتنی زۆر بەرچەوەندی توانی وڵاتەکەی خۆی بەو کارە قایل و ڕازی بکات. ئەوە بوو بە دەستێکی پڕ لە ( ٢٠/٨/١٩٢٠) گەڕایەوە بەغداد و لە لایەن کەسایەتی ناوچە و بیانیەکان پێشوازی لێکرا. بۆ ئەم مەبەستەش ئاھەنگێکی قەشەنگی بۆ سازکرا. چەند کەسێک تیایدا گۆتار و شێعریان پێشکەش کرد. خۆدی کۆکس وتەیەکی پێشکەش کرد کە ناوەرۆکەکەی ئەوھایە: " بەڕێزان ... دەوڵەتی بەریتانیا منی ڕاسپاردووە بۆ ھاوکاری و گفتگۆکردن لەگەڵ کەسایەتی و کاربەدەستانی ناوچەکە تاوەکو کارێک بکەین بەدڵی ھەمووان بێ و حکومەتێکی عەرەبی سەربەخۆ و لە ژێر چاودێری دەوڵەتی بەریتانیا بۆتان دروست بکەین. من بۆ ئەو مەبەستە ھاتووم. بەڵام دەبینم ھێشتان بەرھەڵایی بوونی ھەیە و بەردەوامیشە. بێگرمان ئەوھا و بەو شێوەیە ناتوانرێتن کار بکەین. ھەر کاتێک بارودۆخ گۆنجاو بوو من ئامادەم و ئەوەش بە دەست خۆتانەوەیە" (١: ل. ١٦ ؛ ٢ ). دیارە دوای ئاشکرابوونی ئامانجەکانی کۆکس ناحەزان لێی بوون بە ئۆپۆزسیۆن و دژایەتیان دەکرد و بۆ ئەم کارەیان مەھانەی جیاوازیان دەھێنا بۆ نموونە دەیانگۆت ئێراقیەکان شایەنی ئەوە نین سەربەخۆ بن چونکە دیسان دەگەڕێنەوە سەر خوویەکەی خۆیان و وەک ڕابردوو دەست بە کۆشت و کۆشتاری یەکتری دەکەن. کۆکس سوور بو لەسەر پرۆژەکەی خۆی و لەوانەیە ئەگەرەکەش ئەوە بووبێ چونکە بەڵێنی بە وڵاتی خۆی دابوو و ھەموو بەرپرسیارەتی کارەکی خستبووە سەر شانی خۆی. بۆیەش لە دژی نەیارانی پرۆژەکە وەستا و تیایدا سەرکەوت.
ئەوەی لێرە دا گرنگە بزانین تاوتوێکردنی وتارە کۆرتەکەی کۆکسە کە لە بازنەی یەک تەوەر دا دەخوڵایەوە و ئەویش دڵنیابوونە لە ھێوربوونەوەی بارودۆخی ناوچەکە و گۆنجاوی کات لەو ڕانگەیەوە و ئامادەیی خۆدی خەڵکەکە. دیارە کۆکس وەک دیپلۆمات و سەرکردەیەکی لەشکەری شارەزای تەواوی سایکۆلۆژیای تاکەکانی ناوچەکە بوو. ئەو ھەموو تەرکیزی کارەکەی خستبووە سەر ئەوەی کە چەند خەڵکەکە دەتوانن ھێور بن و یەکبگرن و لە رووی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیەوە خۆیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتە نوێ یە بگۆنجێنن و زەمینە خۆشکەری دروستبوونی بن بە دەستی خۆیان.
ڕۆژئاواییەکان بەپێچەوانەی سیاسەتوانانی ئێمە، بۆ پرۆژوەی وەھا زۆر جار بە مێژوو دا دەچن و چەندەھا جار مێژوو دەخوێننەوە. ڕاستە ئەوان زۆر لایەن و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان لەبەر چاو دەگرن، بەڵام ئەوە سیاسەتە و ھەموو ئامادەکاریەک دەخۆازێ، ولەگەڵ ئەوەشدا ئەوان باری سیاسی ئەو شوێنانەشیان پێ گرنگە کە دەیانەوێ ئەو جۆرە پرۆژانەی لێ جێبەجێ بکەن. کوردستان، ئەمڕۆ و لە سەروبەندی بوون بە دەوڵەت بە ھەمان قۆناغی سەرەوەدا دەرباز دەبێ. ئێمەی کورد پێوێستە ئەو لاپەڕەکان مێژوو بخوێنین و پەند و وانەیان لێوەربگرین. ئێمە دەبێ لە جیاتی لێل کردنی ئاوەکە و ھاوکاریکردنی لەبەرچوونی ئەم پرۆژەیە، بە زەمینەخۆشکردن ھاوکاری بە گۆڕو تین خستنی ئەو دۆست و لایەنگرانەی بیانی و ڕۆژئاوایی بین کە دەیانەوێ لە سەرگرتنی ئەو پرۆژەیە ھاوکاریمان بکەن. دەبێ ھەموومان ناکۆکیەکان وەلا بنێین و لە پێناو ئەو ئامانجە گەورە و بەرژەوەندییە ھاوبەشانە ئامانج و بەرژەوەندییە تایبەت و بچوکەکان وەلا بنێن یان لانی کەم بۆ کاتێکی گۆنجاوتری پاش دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان دوایان بخەین. بەپێچەوانەوە ئەو دۆست و پشتەوانانە لێمان زوور دەبن و دەتۆرێن و پشتمان تێدەکەن، چونکە ئەوان بەشێکن لە لایەنەکانی پەیوەندار بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان. ئەوە واتە وریا بوون لە ئەلفبای دامەزراندنی دەوڵەتان لە لایەن وڵاتە زلھێزەکان و یان دۆستان و وریابوون لە ئاکامەکانی ئەرێنی یان نەرێنییەکانی یەکتر پەراوێزخستن و ناکۆکی.
سەرچاوەکان:
(١) الوردی، علی (١٩٧٢ ). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق-( ١٩٢٠-١٩٢٤)، الجزء السادس، بغداد، ( ٣٨٥ ) ێ.
(٢) https://en.wikipedia.org/wiki/Percy_Cox

*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ

Top