تیرۆردیوەکەی تری نھێلیزمە

تیرۆردیوەکەی تری نھێلیزمە
بە پێی فەرھەنگنامەی ئۆکسفۆرد چەمکی نھێلیزم یان پووچگەرایی (nihilism) لە لایەنی فەلسەفیەوە بیریتیە لە بیروباوەرەی کە تیایدا ھیچ شتێک بەھای خۆی نیە و بە تیبەت لایەنی ئایینی و بنەماڕەوشتیەکان(٣:ل. ٨٥٩)، و لە زانستی دەروونناسیدا، ئەو چەمکە بریتیە لە جۆرێکی (ھەزەیان) کە تیایدا نەخۆشی دەروونی نکۆڵی لە بوونی جەستە و دەروون و جیھانی دەوربەری خۆی دەکات، و بڕوای وایە کە جیھان لە ناو چووە و دەم تیایدا وەستاوە و ناجوڵێتن. و ھەندێ نەخۆشیش وای دەبینن و بڕوایان وایە کە بەشێک یان پارچەیەک لە جەستەیان لێبۆتەوە، بۆ نموونە ھەن خۆاردن ناخۆاتن چونکە بڕوای وایە ورگ و ڕیخەڵۆکەکانی نەماون. ئەو بڕوایە ھاوکاتە لەگەڵ ھەبوونی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و ئارەزووی خۆکۆشتن لای ئەو کەسە پەیدا ببێ و ئاستێکی بەرزیان ھەبێ. ھەروەھا ئەو جۆرە بڕوایە ھاوکاتن لەگەڵ گێڕانی ڕۆڵێکی خرابکارانە و ێرانکەر لای ئەو جۆرە نەخۆشانە.نەخۆش تیایدا بڕوای وایە کە دەتوانێ بە کردەویەکی بچووک ڕوودا و کارەساتی گەورە پەیدا بکات. بۆ نموونە نایەوێ قاچی لە نێو ڕووبارێک دابنێ چونکە بڕوای وایە بەو کارەی کارەساتێکی گەورە ڕوودەداتن و لەوانەیە خانووبەرەکانی دەوروبەری ڕووبارەکە ژێر ئاو بکەون، و ئەوەش خۆدی نھێلیزمە( ١: ٩٧٧ و ١٠٠٢ ). ھەر چەندە نھێلیزم لەگەڵ بیروباوەرکانی فەیلەسۆفی گەورە فریدریک نیچە زۆرتر بەکار دێتن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو جۆرە بیروباوەر و کەسایەتیە لە زۆر شوێنی تریش بەدی دەکرێتن. ئەوەتا ئەگەر لە کەسایەت تیرۆریستان ورد ببینەوە زۆر بە ئاسانی ئەو جۆرە بیروباوەرەیان تیایدا بەدی دەکەین. ئەو چەندە دەگۆنجێتن لەگەڵ دید و بۆچوونی پسپۆرانی فەلسەفی کە بڕوایان وایە کە نھێلیزم یان پووچگەرایی دەرەنجام و بەرھەمی دۆخێکی ناڵەباری دەروونی و کەلتوورین کە بەھۆیەوە ئەو کەسە بە جۆرێکی تایبەت دەڕوانێتە جیھان و بوون( وجوود)، و تیایدا ھەبوونی ئارەزوو و ویستی ڕەتکردنەوەی ھەبوونی بەھا و نۆرمەکان بەسەر مرۆڤدا زاڵ دەبێ (٢: ل. ٦٩)، و ئەوە لووتکەی پووچگەرایی و نھێلیزمە. کەسایەتی تیرۆریست، کە جێگەی داخە ئەمڕۆکە ناوێکە بە مۆسڵمانە تووندڕۆەکانەوە لکاوە، بە پێچەوانەی فەرمایشتە بە نرخ و جوان و چاکەکانی خۆای گەورە و میھرەبان و بەخشندەن کە زۆربەیان خۆیان لە ناوەرۆکی پەرتووکە پیرۆزەکەی قۆرئاندا دەبینن. ئەو ڕەفتار و بەھایانە زۆر دوورن لە ھەموو بەھایە جوانەکانی کە ئیسلام بانگەشەی بۆ دەکاتن. ئاشتی، یەکسانی، دادپەوەری، برایەتی، لێبۆردەیی، خۆشەیستی بەرامبەر، ڕێزگرتن لە ڕا و دید و بۆچوون و ئایین و نەتەوەکانی تر و جیاواز، مرۆڤدۆستی، و ھزاران بەھای تر، ئەو بەھا جوانانەن کە ئیسلام لە پێناو چەسپاندن و بڵاوکردنەوەیان ھاتە خۆارەوە. کەچی دەبینین کەسایەتی تیرۆریست لە ڕوانگە و دیدێکی تایبەت کە خۆی لە خۆیدا نیشانە و ھێماکانی نھێلیزم و پووچگەرایی پێوە دیارە، پشت لەو بەھا بە نرخانە دەکاتن و نەک ھەر بایەخیان پێناداتن و پشتگۆێیان دەخات بەڵکۆ ( ٣٦٠) پلەش ئاوەژوویان دەکات و بە پێەوانەیان دەجوڵێتن. ڕەفتارە دڕندانەکانیان بەڵگەی حاشاھەڵنەگری ئەم قسەیەن. ئەی باشە ئەگەر ئەوە نھێلیزم نیە ئەی چیە؟ و گۆمانیشی تیایدا نیە کە ڕاھاتنی تیرۆریستان لەسەر ئەو ڕەفتارانە و بیروباوەرانە لە خۆیەوە نەھاتوون و دروست نەبوونە. ھەرچەندە کە خۆیان بەرپرسی یەکەمن لێیان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەان بەرھەمی کارتێکردنی ھەژمارێک مامۆستای ئایینی تووندڕۆ و دەمارگیرن کە لە لایەک بە جوانی و چاک لە فەلسەفەی ئایینەکان بە گشتی و ئایینی مرۆڤدۆستانەی ئیسلام تێنەگەیشتوون و لە لایەک بە ناچارکردنی چەند کەسانێک، کە زۆربەیان بە ھۆکارەکانی وەک پێویستبوونیان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان و لە بەر ھۆکاری ھەژاری و نەداری و بێکاری ڕوویان تێدەکەن، ئەوان نەچار دەکەن بە خوێندنەوەی ھەندێ پەرتووک و سەرچاوەی دەمارگیرانە، کە لەوانەیە ھەندێکیان ھی سەردەمانێکی زۆر کۆن بن و لەگەڵ ھیچ شتێک و دۆخی ئێستای شارستانیەت ناگۆنجن. دوور نیە نووسەری ئەو پەرتووکانە کەسانی پڕ لە قین و حەزی تۆڵەسەندنەوە و دڵپیسانە بن. قۆربانی ئەو جۆرە کارە تیرۆریستیانەش دەمێنێتەوە کە کێ بێ: کوردێکی مۆسڵمان یان یەزیدی یان ھەر کەسێکی تر کە تیرۆریستان حەزیان بە کۆشتن و لەناوبردنیانە. کەسایەتی تیرۆریست لەو ڕوانگەیەوە لە دۆخێکی ناڵەباری سایکۆلۆژیدا بڕیار لەسەر ڕەتکردنەوەی بەھاکان و ژیانی ئێستا و ھەموو تام و چێژەکەی دەدات و بە خەیاڵی خاوی خۆی دەتوانێ بەم کارە دڕندانە و دژی مرۆڤایانەی خۆی ژیانی جیھانەکەی تر مسۆگەر و دەستەبەر بکات. ئەو لە بیروباوەریدا لە ئەو پەڕی سنوورەکانی نھێلیزم و پووچگەراییدایە و ناتوانێ وەک مرۆڤێکی ئاسایی بڕیار لەسەر ژیان و ڕەفتارەکانی خۆی بداتن و ھەر لە ڕوانگەیەشەوە و لەسۆنگەی ئەوەی تا سەر ئێسقان مێشکی شوردراوە، چارەسەرکردنی و گەڕاندنەوەی بۆ دۆخی پێش ئەوە ئەستەمە. بەڵام حکومەت و لایەنە پەیوەندارەکان دەتوانن لە بڕی ئەوان ئەو کەس و لایەنانە چارەسەر بکات کە دەرگای چوونە نێو ئەو تەوژمە دەمارگیرانە بۆ کۆڕەکانی ئەو گەلە دەکەنەوە. ئەو کەسانەی کە خۆیان پڕن لە ڕق و قین و دۆگماتین و لە دۆخێکی ناڵەباری دەروونیدا دەژین و بە ھۆکاری جیاواز پڕ بوونەتە لە گرێ دەروونیەکان و ئەو گرێ دەروونیانە ئازاریان دەدات و ھەر ئەو ئازارە سایکۆلۆژیانەن کە ھانیبدەن کە بۆ تۆڵەسەندنەوە ھەڵبستن بە ڕێخۆشکردن و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی ھاوشێوە و ئێکسپایێربوو و ماوەبەسەرداچوو و نەگۆنجاو لەگەڵ ژیان و قۆناغی ئێستا دا و نەچارکردنی کۆڕانی ھەژار و دورەپەرێز لە نێو کۆمەڵگا کە گوێ لە ھەندێ سەرچاوەی تایبەت بگرن تا ئەو کاتەی کە تیایدا نقوم دەبن و ئیتر ڕێگای گەڕنەوەیان لێ وون و بزر دەبێ. ئەم لایەنانە لە قۆناغەکانی دەستپێکی ھەڵخەڵەتاندنی نێژیرەکانیان بڕێک پارەیان پێدەدەن و سەرچاوەی ئەو پارەیەش لای ھەموو کەس و جیھان ئاشکرایە کە ھەندێ وڵاتی ناوچەکەن کە سوود لە لێلکردنی ئاو لە جیھان و ناوچەکە و کوردستان وەردەگرن. کاری ئەو کەسە ھەڵخەڵەتێنراوانە دەگاتە ئاستێک کە ئیتر بڕوایان بە خۆیان و دەوروبەر و ھیچ کەس نامێنێ و مرۆڤی گۆشەگیریان لێ دروست دەبێ و ھەموو کەس جگە لە خۆیان بە ھەڵە و کافر دەزانن و لە قۆناغەکانی دواتریش بە دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆریستی وەک داعش و تالیبان و ئەلقاعیدە و ئەلشەباب و ... ھتد، بە بێ دوودڵی پەیوەندیان پێوە دەکەن و فرێوی چەند لۆگۆی ئیسلامیانەیان دەخۆن و پاش بێھیوا بوون لە ھەموو شتێک و کەسێک خۆیان بەکۆشت دەدەن لەبڕی ئەوەی کە زۆرێکیان ناتوانن خۆیان بکۆژن. چونکە کۆشتن لەسەر دەستی کەسێکی تر بۆ ئەوان خۆشتر و ئاسانترە و بەڵکۆ خێریشی تیدایە وەک ئەوەی ئەوان لێی تێگەیشتوون و بڕوایان کردووە!!ئەوەش لووتکەی نھێلیزم و پووچگەراییە.
ژێدەر و سەرچاوەکان :
١. پورآفکاری . ن. (١٣٨٠) . فرھنگ معاێر جامع روانشناسی وروانپزشکی وزمینە ھای پیوستە انگلیسی وفارسی ، جلد ١ -٢ ،تھران ، ٨١٤ ێ.
٢. جەمال، نەوزاد(٢٠١٢). دەروازەیەک بۆ فەلسەفە، چاپی یەکەم، چاپخان کارۆ، (١٥٠)ل.
٣. Hornby، A. S. ( ٢٠٠٣) . Oxford advanced learner's dictionary، ٧th. Ed. Ed. Oxford university press،چاپ پنجم، چاپخانە نگین، ١٥٣٩ ێ
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ

Top