ئەزموونی کوردستان لە دیدی پاڤلۆفەوە

ئەزموونی کوردستان لە دیدی پاڤلۆفەوە
ئیڤان پێترۆڤیچ پاڤلۆف (١٨٤٩-١٩٣٦) گەورە پزیشک و دەروونناسی بەناوبانگی ڕووسی و یەکێک لە دامەزرێنەرەکانی ڕێباز و قوتابخانەی ڕەفتارگەرایی و ڕەفتاری (behaviorism) تیۆرییەکی تایبەت بە خۆی ھەیە کە دەکرێ زۆرێک لە چەمک و بیروباوەرەکانی لە بۆارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فێربوون و سایکۆلۆژیا دا و بۆ مەبەستی شرۆڤەکردنی ڕەفتارەکان سوودی لێوەر بگیرێتن. کۆرتەی ئەو تیۆرییە ئاماژە بەوە دەداتن کە مرۆڤ و گیانەوەران بەھۆی " ھەوڵدان و ھەڵەکردن" فێری زۆرێک لە ڕەفتارەکانیان ببن و ئەم یاسایە لە گەشەکردنی کەسایەتیش ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێ.بەواتایەکی تر کاتێک مرۆڤ کار یان ڕەفتارێک دەکاتن و تیایدا جارێک یان چەند جاران ھەڵە دەکات ئەوتا لە کۆتاییدا فێری ئەو ڕەفتارە و کارە دەبێ. ھەڵبەت زۆر مەرجی بابەتیان و خۆدی لەو چەندە دا کاریگەری خۆیان ھەیە.
دەکرێ ئەو تیۆرە لەسەر ھەڵوێستە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانیش جێبەجێ بکرێ. ئەوتا لە پرۆسەی سیاسی کوردستان و چۆنیەتی ھەڵسوکەتمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی ئێمە ھەموو جارێک بە بێی ئەوەی کە لەو بیردۆزەش ئاگادار بین، بەڵام ناڕاستەخۆ ناوەرۆکەکەیمان جێبەجێکردووە. ئێمە ھەر جار و چ لە کاتی خەباتی شاخ و چ لە کاتی تر دا بە چەندین شێواز ھەوڵمان داوە لەگەڵ ئەو حکومەتە بە ھێوری و دانوستاندن و دیالۆگ و گفتگۆ و نواندنی ( نیەت ) پاکی و برایەتی و ئاشتی کێشەکانمان چارەسەر بکەین. سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لە شۆڕەشەکانی ئەیلوول و گۆڵان و تەنانەت دواتریش بەردەوام ھەوڵی داوە بە کەمترین زیان لەگەڵ ئەو حکومەتە ڕێک بکەوین. کەمترین زیان بۆ دۆزی ڕەوای کوردستانیان و خەڵکەکەیش زۆر لەبەرچاو گیراوە. ئەو بیرۆکەیە دواتریش و بە تایبەت لە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی فاشیستی و سەدامی گۆڕ بە گۆڕیش پیادە دەکرا. بەڵام جێگەی داخە ھەموو جارێ و لە پرۆسەی " ھەوڵدان و ھەڵەکردن" ی ئێمەی کوردستانیان ھەمیشە زیان و باجی زۆرمان داوە. چونکە ئەوان لە مامۆستایەکانی خۆیان فێری لووتبەرزی بوون و فێری ئەوە بوونە کە ئەوان نەتەوەیەکی ھەڵبژێردراون و (قۆدسیەتیان) ھەیە و بەرزترن لە نەتەوەکانیتر و بە تایبەت لە کوردستاندا. بۆیەش بەردەوام ھەوڵی ئەوەیان داوە مافەکانمان بخۆن و لێمانی زەوت بکەن و بەتایبەت ئەو کاتانەی کە لە لووتکەی بەھێزی دان. و ئێمە ھەمیشە قۆربانیی ئەو تیۆرە بووینە و لە پێناوی دا زۆر نەھامەتی وەک ئەنفال و کێمیاباران و جینۆساید و داعش و بڕینی مووچە و قوتی خەڵکی کوردستان و ... ھتد،مان بینیوە. بەڵام پێدەچیتن کە ئێمە ھێشتان لە ئەو ھاوکێشەیە، واتە " ھەوڵدان و ھەڵەکردن" فێری ھیچ نەبووینە! ھەرچەندە کە پاڤلۆف بڕوای وایە کە لە کۆتاییدا و پاش چەندەھا جار یان زۆر جار ھەر دەبێ فێربوون بەشی ئەو کەسە بێ ، بەڵان نازانرێتن کۆتایی پرۆسەی فێربوون بۆ سیاسەتوانانی ئێمەی کوردستان کەیە؟ ئەو کاتەیە کە ھەموو شتێک بدۆڕێنین یان ... ؟؟!
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ

Top