سایكۆلۆژیای بەكارهێنانی بەڵام
June 19, 2016
وتار و بیروڕا
یەكێتی نیشتمانی و هەموو لایەنەكانی دیكەش، پێیانوابوو كە پارتی پەلەی كردووە لە هەڵوێست وەرگرتن، گوتیان ئەمە بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان و جڤاكی و سیاسییەكانە لەگەڵ عێراق و وڵاتانی دەوروبەر و جیهان و ..تاد.
ئەوەی راستی بێت، برایانی ینك بەزانین یان نەزانین، كەوتوونەتە داوی گەمەیەكی ترسناك، خۆیان گیرۆدەی وازییەك كردووە كە كۆتاییەكی مەترسیداری هەیە و، بۆی هەیە ئەم دەرفەتە زێڕینە لەكیسی كوردستان بدات.
ئەوەتا، لەم چەند رۆژەی رابردوودا لە راگەیاندنی گۆڕان بینەری سەرەتا ئیجابیەكانی ئەم رێككەوتنەین. ئەوساش دیار بوو كە خاڵەكانی رێككەوتنەكە بەهەناسەی دوو حزبی ینك و گۆڕان بەتەنیا نهبوون، بەڵكو دوو هێزی دیكەی وەك یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامیشیان لەگەڵدابوو.
گۆڕان كە بە ئیدیعای چەسپاندنی یاسا و سەروەری یاسا پێی نایە مەیدان، ئێستا لە جیاتی ئەوەی نموونەیەكی جوانی ملكەچ بوون بە یاسا پێشەكەش بكەن و رێكخەرەكەیان وەك مرۆڤێكی سادە و خاكی بێتە بەردەم دادگا و، بیسەلمێنێت كە ئەم تۆمارە دەنگیانە ساختەن و هی ئەو نین. زۆر ئاسانە سەلماندنی شتی قەلب لە راستەقینە، دونیا تەكنەلۆژی پڕە لە تاقیگەی پێشكەوتوو زۆر جوانتر دەبوو خۆی بكاتە پێشەنگ بۆ چەسپاندنی یاسا. گۆران كە دەیگوت نابێت گرێدراوی كەسەكان بین، لەم هەرایەدا تەواو پێچەوانەی قسەكانی خۆیان سەلماندووە، ئەوەتا ماكینەیەكی زەبەلاحی راگەیاندنیان لەسەر نەوشیروان مستەفا خستووەتە كار بۆ بێ ڕێزی كردن بە سەرۆك بارزانی و پرۆژەی سەربەخۆیی كوردستان. ئەوەتا هەموو پرۆسەی سیاسی لەسەر یوسف محەمەد پەكخستووە و گیرۆدەی كەسەكان بووە.
ئەوەتا، ئەو یەكێتییەی كە هیچ بێڕێزییەك نەما پێینەكەن و لە تۆمەت و تاوان دانە پاڵیان، تەنیا بەیەك رێككەوتن، هەرچی گوناح و تاوان لە ئەستۆی ینك هەبوو سڕانەوە و، یەكێتییە تاوانبارەكە وەك رۆژی لە دایكبوونی پاك و پاكیزە بووەوە. ئەمەش تەنیا لەبەر تەئیدكردنی راوبۆچوونی نەوشیوران مستەفا.
سیاسەت بە رق و كینە ناكرێت. ئێمەی كوردستانی دەبێت لەگەڵ یەكتری تا ئەوپەڕی خاكی بوون و بەزەیی بوون، بە بەزەیی بین و خاكی بین. لەگەڵ دوژمن و داگیركەرانی كوردستان دەبێت لووتبەرز و لەخۆبایی و بەعیزەت بین.
ئەم بوغز و رق و قینە لەجیاتی سەرفی ناوخۆیی بكەین، دەبێت لە دژی هەرچوار وڵاتە داگیركەرەكە بەكاری بێنن. ئەگەر بڕیارە پیلان بگێرین، دەبێت پیلان بۆ نەهێشتنی داگیركاری دابنێن.
لەرووی دەروونییەوە، كاتێك كەسێك پاژێك قسە دەكات و دوای ئەوە گوتی (بەڵام) ئەوا دەبێت قسەكانی پێش بەڵام فڕێ بدرێت و، گوێ لە دوای بەڵام بگیرێت. ئەوانەی لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستانن (بەڵام) دەبێت ئابووری دروست ببێت و سوپا دروست ببێت و جڤاك دروست ببێت و پارە هەبێت و چاندن و كشتوكاڵ بگاتە لووتكە، ئینجا دەوڵەت رابگەیهنین، واتای ئەوەیە كە ئەوان دەوڵەت و سەربەخۆییان ناوێت، چونكە ئەم مەرجانە سەد ساڵێكی دەوێت بۆ ئەوەی بێتە دی.
ئەوەتا، لە سەرەتای راپەڕینەوە تا ئێستا خۆیان حاكمی سلێمانی و دەوروبەرین. ئەی بۆچی بەلانیكەم ئەم مەرجانەیان لە سلێمانی پیادە نەكردووە، مادام ئەم عەرەبییە رەوانە دەزانن؟؟!! ئەوەی برادەران نایزانن ئەوەیە كە ئەم شەڕ و گێچەڵەی بە كوردستان و سەرۆك بارزانی دەیفرۆشن، شەڕی پاش دامەزراندنی دەوڵەتەكەت و سەربەخۆییت نەبێت باسی سیستەمی چی دەكەیت، عێراق بەیەك ئابلوقەی هەموو پێشكەوتنەكەی ڕاگرت!!
مەبەستی نەوشیروان مستەفا لە گۆڕینی باڵانسی هێز، دەركردنی پارتییە لە مەیدانی سیاسەت، ئەم باڵانس گۆڕینە لە 1964 ەوە هەوڵی بۆ دەدرێت و سەری نەگرتووە. بەبۆچوونی ئێمە باڵانس لەوەدایە كە هەموومان هەست بكەین لە یەك پاپۆڕداین و یەك چارەنووسمان هەیە.
تێز و چارەسەرییە پێشنیاركراوەكانی گۆڕان و رێكخەرەكەی، كوردستانی گەیاندووەتە ئەم ڕەوشە مەترسیدارە. ئایا پێویستە بە مرۆڤی ئاقڵ بگوترێت دەست مەكەرە ئاگر ئەگینا دەسووتێیت؟! ئەمەی كە نەوشیروان مستەفا و ینك دەیانگوت ئەم رێككەوتنە دژی هیچ لایەنێك نییە و پارتی پەلەی كردووە، لە هەفتەیەكدا پێچەوانەكەی بە دەركەوت.