كه‌سێك له‌ مێژوو نه‌ترسێ له‌ دادگاش ناترسێ

كه‌سێك له‌ مێژوو نه‌ترسێ له‌ دادگاش ناترسێ
دوای بڕیاری ده‌ستگیركردنی نه‌وشیروان مسته‌فا راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان وه‌ك ئه‌وه‌ی بیبه‌ری تونیان خواردبێ و وه‌ك پیشه‌ی رابردوویان، كه‌وتنه‌ موهاته‌رات و تۆمه‌ت هه‌ڵبه‌ستن و جنێو به‌شینه‌وه‌، ئه‌وه‌م به‌لاوه‌ ئاسایی بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه‌ ئاسایی نه‌بوو باسیان له‌وه‌ ده‌كرد گوایه‌ تا ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا پێنج جار سكڵای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌ و به‌ غیابی حوكمی جۆراوجۆری یه‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌‌.
جاری یه‌كه‌میان له‌ ساڵی 1964 بووه‌، ئاخر ساڵی 1964 نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌و ناو و ده‌وره‌ی نه‌بووه‌ تا رژێم بیناسێ و بیداته‌ دادگا، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ ساڵی 1964 قوتابی بووه‌ و له‌ به‌غدا خوێندوویه‌تی.
جاری دووم گوایه‌ له‌ ساڵی 1970 بووه‌، ئاخر له‌ ساڵی 1969 سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری رزگاری بووه‌ و گۆڤاره‌كه‌ش به‌ ره‌زامه‌ندی رژێمی به‌عس و له‌ژێر چاودێری موخابه‌رات ده‌رده‌چوو، خۆی له‌ ساڵی 1970 یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی شۆڕش لێبوردنی بۆ ده‌ركردبوو، به‌ڵام به‌هۆی فڕێدانی بۆمبی ده‌ستی بۆ ناو ئاهه‌نگی قوتابخانه‌ی دواناوه‌ندی كچانی سلێمانی، شۆڕش له‌ پای ئه‌و تاوانه‌ی دایه‌‌ دادگا و موخابه‌راتی رژێمیش رزگاری كرد و ره‌وانه‌ی وڵاتی نه‌مسای كرد، كه‌چی راگه‌یاندنه‌كانی گۆڕان به‌ هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕێ به‌ خه‌ڵی ده‌فرشنه‌وه‌.
جاری سێیه‌م له‌ ساڵی 1983 بووه‌، دیاره‌ رژێمی به‌عس له‌ تۆڵه‌ی كۆمه‌ڵكوژی شیوعیه‌كانی قڕناقاو و پشتئاشان داویه‌ته‌ دادگا، ئه‌ی له‌ پاداشتی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌ له‌ ساڵانی 1983و 1984 رژێم نه‌یبرده‌ جێژوانی گۆفتوگۆ، ئه‌ی كه‌وایه‌ چۆن دراوه‌ته‌ دادگا؟
جاری چواره‌م گوایه‌ له‌ ساڵی 2009 مام جه‌لال سكاڵای له‌سه‌ر تۆمار كردووه‌، ئه‌وه‌یان به‌ینی خۆیانه‌ و له‌ دۆستایه‌تی و هاوڕاییه‌كی 50 ساڵه‌ ئاساییه‌ شتێكی واش رووبدات.
جاری پێنجه‌م راسته‌ و له‌سه‌ر ده‌ركردنی فه‌رمانێكی سه‌ربازی بۆ ته‌قه‌ كردن له‌ كونسووڵگه‌ری وڵاتان و رفاندنی ئه‌ندازیار و كارمه‌ندنی كۆمپانیا بیانیه‌كان دراوه‌ته‌ دادگا، به‌ڵام بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ دادگایی كردن كردوویه‌تیه‌ هه‌را و ده‌یه‌وێ به‌و ناوه‌وه‌ كورد بگلێنێته‌وه‌ ناو دۆزه‌خی شه‌ڕێكی تری ناوخۆ.
Top