ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشوور له‌ سێ به‌ره‌دا ده‌جه‌نگێ

ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی له‌ باشوور له‌ سێ به‌ره‌دا ده‌جه‌نگێ
به‌ر له‌ هاتنی داعش ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی یان به‌ره‌ی رزگاریخوازی نیشتیمانی له‌ دوو به‌ره‌ی جه‌نگدا ده‌جه‌نگا، به‌ره‌یه‌كیان كه‌ به‌ره‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و له‌وه‌ش خراپتر ئه‌و به‌ره‌یه‌ده‌رهاویشته‌ی جه‌هاله‌تی مه‌زهه‌بگه‌رایی و هێزی شه‌ڕانگێزی بیابانی تینووی خوێنی له‌ پشت بوو، له‌ كاتێكدا ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی یان به‌ره‌ی جه‌نگی رزگاری نیشتیمانی به‌ رابه‌رایه‌تی مه‌سعود بارزانی، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌ره‌ بیابانیه‌ له‌ جه‌نگێكی سارد دابوو، له‌ كوردستانیش به‌ره‌ی تابووری پێنجه‌م به‌ رێنمایی نه‌وشیروان مسته‌فا و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی دژ به‌ ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی رزگاریخوازی نیشتیمانی كه‌وتنه‌ واته‌واتی سیاسی و منگه‌منگی حزبی، نوری مالیكی وه‌ك پێشه‌وای به‌ره‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بی و ماڕشاڵی هێزه‌ بیابانیه‌كه‌، فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ی درووست ده‌كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركردنه‌وه‌ی كه‌ركوك و هاتنه‌وه‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆكیشی ده‌كرد، به‌ره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیشی ته‌می هه‌ره‌شه‌كانی نوری مالیكیان بۆ سه‌ر ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌ڕه‌وانده‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌كانیان بچوك ده‌كردنه‌وه‌ بۆ كێشه‌ی كه‌سی و ده‌یانگوت: مه‌سعود بارزانی كێشه‌ی شه‌خسی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت كوردستانیان ده‌كرده‌ شامی شه‌ریف و ده‌یانگوت: كورد دوژمنی نه‌ماوه‌ و ده‌سه‌ڵات كه‌ مه‌به‌ستیان له‌ سه‌رۆك بارزانی بوو دوژمنی وه‌همی درووست ده‌كات، یان په‌رله‌مانتاری سه‌ر به‌ تابووره‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ چاو ترساندنی كورد له‌ به‌رامبه‌ر هیزه‌ بیابانیه‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیجله‌ ده‌یگوت: كورد ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێناكرێ و وا چاكه‌ پاشه‌كشه‌ بكات.
ته‌نانه‌ت به‌ره‌ تابووریه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كاتی برینی مووچه‌ و بودجه‌ و قووتی خه‌ڵكی كوردستان و توند بوونی گرژیه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا وه‌ك ناوبژیوان خویان ده‌رده‌خست، ئه‌وه‌ی جێگای پرسیار بوو له‌ ناوبژیوانیه‌كه‌ش وه‌ك پارێزه‌ری به‌غدا ده‌رده‌كه‌وتن و باری خه‌تایان به‌لای كورددا ده‌خست، جگه‌ له‌وه‌ش په‌رله‌مانتاره‌كانی به‌ره‌ تابووریه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك تۆمه‌ت دانه‌ پاڵه‌ ره‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ رزگاریخوازیه‌كه‌، له‌سه‌ر زه‌وت كردنی مووچه‌ و بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌یانگوت: له‌ دادگای فیدڕاڵی سكاڵا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی كوردی تۆمار ده‌كه‌ین، له‌وه‌شدا مه‌به‌ستیان بوو به‌ كورد و هێزی پێشمه‌رگه‌ بڵێن: به‌غدا و نوری مالیكی مووچه‌بڕ پاكن و ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌ كه‌مته‌رخه‌مه‌ و ده‌یه‌وێ كێشه‌ بۆ به‌غدا و حوكمه‌ بێوه‌یه‌كه‌ی درووست بكه‌ن.
ئه‌و به‌ره‌ تابووریه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌و هه‌موو دوژمنكاریه‌ی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی رزگاریخوازی نیشتیمانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌وه‌ستا و، له‌ 17ی شوباتی ساڵی 2011 له‌ژێر كاریگه‌ری ئه‌وه‌ی ناویان نابوو به‌هاری عه‌ره‌بی، به‌ نانه‌وه‌ی ئاشووب و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی به‌ر ده‌ركی سه‌را هاوهه‌ڵوێستی خۆی بۆ هه‌موو ئه‌و دوژمن و داگیركارانه‌ ده‌بڕی كه‌ دوژمنایه‌تی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستانان ده‌كرد، كه‌لتووری توندوتیژی ئه‌وانی هاورده‌ ده‌كرد و هه‌ر به‌ زمانی ئه‌وانیش به‌ به‌ره‌ی ره‌نج و خوێن و خه‌باتی ده‌یان ساڵه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی ده‌گوت (ارحل).
له‌گه‌ڵ هاتنی داعش به‌ره‌ی جه‌نگ دژی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی رزگاریخوازی كوردستان زیادی كرد و بوو به‌ سێ به‌ره‌، به‌ره‌ی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی، به‌ره‌ی حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك جاران ماوه‌یه‌ و له‌ ئێستادا زیاتر هادی عامری و قاسم سوله‌مانی ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌به‌ن، به‌ره‌ی تابووری پێنجه‌میش كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ژێر چاودێری ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانی وڵاتێكی هه‌رێمی درێژه‌ی پێده‌دات، ئه‌و سێ به‌ره‌ جه‌نگیه‌ له‌ به‌ره‌ی جه‌نگی دژی ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی رزگاریخوازی خه‌ڵكی كوردستان جۆرێك له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندیان درووست كردووه‌ و بوونه‌ته‌‌ هاوپه‌یمانی یه‌كتری.
هه‌موو كاتێك چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كرێ حه‌شد و داعش، سه‌ددام و ئه‌بوبه‌كر و نوری و هادی له‌ دژایه‌تی كردنی كورددا بچنه‌وه‌ پاڵ یه‌ك، له‌وه‌ش چاوه‌ڕانكراو تر هاوهه‌ڵوێستی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌ددام و نوری و هادی و قاسمه‌كان كه‌ دژی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بوه‌ستێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌وه‌ی ئێستا به‌ هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا دیاره‌، وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی، جارێكیترخزاوه‌ته‌وه‌ سه‌نگه‌ری دوژمنان و پشتی له‌ ره‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و به‌ره‌ی جه‌نگی رزگاری نیشتیمانی كردووه‌، له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ و رووداوه‌كانیش روون و ئاشكرا پێمانده‌ڵێن: له‌ ئێستادا ئه‌بوبه‌كر به‌غدای و هادی عامری و قاسم سوله‌یمانی و نه‌وشیروان مسته‌فا، له‌ دژی ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ ده‌جه‌نگن كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كردۆته‌ دوا وێستگه‌ی بنبڕكردنی چه‌وسانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و دوا چاره‌سه‌ری پرسی كورد.
Top