شەپۆلی چوارەمی تیرۆریستی جیهادی

شەپۆلی چوارەمی  تیرۆریستی جیهادی
ئەوەی بەدی دەكرێت لە نێو مشتومڕەكانی پەیوەست بە چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریزمی جیهادی، زاڵبوونی زیاتر و زیاتر ئەو بۆچوونەیە كە پشتیوانی لە ڕێگاچارەی سەربازی دەكات. ئەم سادەكردنەوەی ڕێگاچارەیانە بە كەم گرتنی سرووشتە سەختەكەی تەحەددییەكەیە.
ئەو هەڕەشەی جیهادییەی ڕووبەڕووی بووینەتەوە، چوارەم شەپۆلە لەو زنجیرە شەپۆلەی كە زیاتر و زیاتر مەترسییەكەی لە هەڵكشاندایە و گرنگە لەو هەڵەیانە تێبگەین كە لە میانەی ڕووبەڕووبونەوەی سێ شەپۆلەكەی دیكەدا ئەنجاممان داون.
ئەو كاتە یەكەم شەپۆلی جیهادی سەریهەڵدا كە چەكدارە خۆبەخشەكان لە شەڕی دژ بە داگیركاری سۆڤیەت لە ئەفغانستان گەڕانەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان و دەستیان دایە هێرشكردنەسەر رژێمەكانیان، كە بەلای ئەوانەوە رژێمگەلێكی نائیسلامی بوون، ئەوە سەریكێشا بۆ سەرهەڵدانی شەپۆلی دووەم، كە شەپۆلێكی كوشندەتر بوو، كاتێك ئەلقاعیدە هێرشگەلێكی گەورەیان دژی «دوژمنە گەورەكە» ئەنجام دا، بە ئامانجی پەلكێشكردنی هێزە رۆژئاواییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەكی توندوتیژی و شەڕێكی سەرتاسەری. هێرشەكانی سەر ئەمەریكا لە 11ی سێپتەمبەری 2011دا، بەرجەستەبوونی ترووپكی ئەم شەپۆلە بوو. بەڵام داگیركردنی عێراق لە ساڵی 2003دا بارودۆخی بۆ شەپۆلی سێیەم خوڵقاند، كە شەڕێكی تایفەگەری سەختی لە نێوان سوننە و شیعەكان لێكەوتەوە، ئەمەش دەرفەتی ڕەخساند بۆ ئەلقاعیدە بۆ كەڵكوەرگرتن لەو پشێوییەی لەم دەوڵەتە لێكترازاوەدا دروست بوو. لە ساڵی 2011دا دووبارە ئاقاری پەرەسەندنە سیاسییەكانی ناوچەكەی گۆڕی. بەڵام شكستهێنان لە ئەركی بنیادنانی حكومەتێكدا لە عێراق كە دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێنێت، هاوشان بە سەركوتكارییەكی توندوتیژی خۆپیشاندەرانی سووریا، هەلی بۆ سەركردە جیهادییە قاڵبووەكانی شەڕ ڕەخساند بۆ خستنەگەڕی شەپۆلی چوارەم.
ئەم شەپۆلە بە ڕاددەیەكی گەورە لە شەپۆلەكانی دیكە مەترسیدارترە. بە دەیان هەزار كەس بەشدارییان لە هەوڵی دروستكردنی خەلافەتێكدا كرد لە هیلالی خەسیب. لە هەمان كاتدا، داعش پەلیهاویشت بۆ چەندین زۆنی قەیرانی دیكە و بووە سەرچاوەی ڕاكێشانی، یان ئیلهامبەخشینی تیرۆریستان لە نێو كۆمەڵگە رۆژئاواییەكاندا، هەروەك لە هێرشەكانی پاریس و بەلجیكا و سان بێرناردینۆدا بەدیمان كرد.
پێویستە بنچینەی ڕاستەقینەی هەڕەشە جیهادییەكە لەبەرچاوبگرین، كە بریتییە لە: ناكۆكی و شەڕ و شكستی دەوڵەت هەر لە رۆژئاوای ئەفریقیاوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ باشووری ئاسیا. ئەوە جیهادیزم نییە كە قەیرانەكانی ئێستای دروست كردووە. بە پێچەوانەوە، حوكمڕانیی خراپ و شكستی دەوڵەت دەرفەتی گەشەكردنی جیهادیزمیان دەستەبەركرد.
كارل بیرلیت لە ساڵی 199- 1994 سەرۆك وەزیرانی سوید بووە و لە ساڵی 2006 – 2014 وەزیری دەرەوەی سوید بووە
سەرچاوە: سندیكیت پرۆجێكت
Top