زەنگی خولێكی دیكەی پشێوی لێدرا
June 16, 2016
وتار و بیروڕا
خەڵك لە ململانێی حزبەكاندا باشترین كەرەستەیە، لەو رووەوە بزوتنەوەی گۆڕان زۆرترین پشكی بەكارهێنانی خەڵكی بەردەكەوێت، ئەمەش زۆر بە ئاسانی دەكرێت، یەكەم هەنگاو خۆدوورگرتنە لە قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، ئینجا لەوەش ئاسانتر ئەوەیە هەموو قەیرانەكانی خستە ئەستۆی پارتی، بەمەش زەمینەیەكی كار بۆ خۆی فەراهەم دەكات.
رۆژێك دوای ئەو رێككەوتنە، لە وتارێكدا ئاماژەم بەوەدا كە سەرەتایەكی نوێ دێتە پێشەوە، ئەویش دەركەوتنی تەوەربەندی و دوو جەمسەرییە، هەندێ كەس پێیان وابوو پەلەم كردووە، بەڵام ئەوەتا راگەیاندنی دیارترین ئەو ماددانەی رێككەوتنەكە لەلایەن رێكخەری گشتی، ئەوەمان پێدەڵێت كە سەرەتای قۆناغەكە وەدەركەوت، چونكە جەخت كردنەوە لەسەر ئەو خاڵانەی رێككەوتنەكە كە پارتی تێبینی لەسەر هەبوون، ئاماژەیەكە بۆ چوونە ناو قۆناغێكی دیی گرژی و ئاڵۆزی و دوو جەمسەری.
هەر لەگەڵ راگەیاندنی رێككەوتنەكەدا، پەیامێك بروسكە ئاسا بەناو لایەنگرانی هەردوو لایەنی رێككەوتنەكەدا بڵاوبۆوە، پەیامەكە دەیگوت ئەمجارە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت، بەو مانایە دژی پارتی دەوەستنەوە، كەچی لە میدیا دا شتێكی دیكەیان دەگوت، ئەودەم حزبی گۆڕان دەیگوت پارتی لە خۆڕا خۆی سەغڵەت كردووە، بەڵام زۆری نەبرد، پوختەی مەبەستی رێككەوتنەكە لە سەر زاری نەوشیروان مستەفا راگەیەندرا، ئەو زەنگە جارێكی دی لایەنگرانی حزبی گۆڕان بە دژایەتی كردنی پارتی بارگاوی دەكات، ئەو كەسەی لەلایەن گۆڕانەوە بەتایبەتیش دوای رێككەوتنەكە، بۆ دژایەتی كردنی پارتی بارگاوی و ئامادە دەكرێت، لە توندوتیژی و سڕینەوەی بەرامبەر بترازێ، شتێكی دیكەی لێ هەڵناكڕێندرێت، بەتایبەتیش دوای ئەوەی گۆڕان توانیی لە رێككەوتنێكی كۆنكریتیدا، دەستی یەكێتی بۆ بەرژەوەندی حزبی ببەستێتەوە.
دەی بابزانین لەم جەولەیەی پشێوی دروستكردندا، گۆڕان چی دەست دەكەوێت؟ ئەگەر رێككەوتنی 17 ی ئایار نەبا، هەڵوەرینی خێراتر دەبوو، با ئەمەش تاقی بكاتەوە وەڵامی باشترمان دەست دەكەوێت.
له ژمارهی ئهمڕۆ 15/6/2016 ی رۆژنامهی خهبات بڵاوبۆتهوه