پۆلینکردن لە مێنتالیتەی سیاسەت وانانی کوردستان

پۆلینکردن لە مێنتالیتەی سیاسەت وانانی کوردستان
پۆلینکردن یەکێکە لە تواناییە ھەر دیار و ئاڵۆزەکانی مێنتالیتە و مێشکی مرۆڤ و بە یەکێک لە دەستکەوت و داھێنانەکانی گرنگی ئەو ھەژمار دەکرێت. ئەو کارە ھاوکارێکی باشی مرۆڤە لە ھەڵسوکەوتکردن لەگەڵ دۆخ و ھەڵوێستە جیاجیاکانی ژیان. پۆلینکردن بریتیە لە ڕیزبەندی کردنی چەند دیاردە و شت لە نێو یەک بەرە و دەستە دا بە مەرجێک زیاترینی خاڵی ھاوبەشیان تێدا بەدی بکرێ. ئەم کارە لە لایەن سادەترین مرۆڤەکان و بگرە کەسانی پایە بەرز و تەنانەت لە ھەموو بۆارەکان دا و لە ناو سیاسەتوانانیش ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێ لە ئاسانکاری بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە و گیر و گرفتەکانیان. لە پۆلینکردنی کەسانی سیاسیدا و لەسەر بنەمای فەلسەفەی کۆنی یەونانی، بەرامبەرەکانمان بە دوو گرووپی دوژمن و دۆست دابەش دەکرێن. دوژمن ئەوانەن کە لەگەڵ " من" ھاوڕا نین و دژی " منن". بەپێچەوانەوە، دۆستان، ئەوانەن کە لەگەڵ "منن". بەڵام پۆلینکردنی دیپلۆماتیک و سەردەمیانە ئەو جۆرە دابەشکردنە دووانیە ڕەت دەکاتن و لەو بڕوایە دایە کە ھەن ئەمڕۆ دۆستن و بەیانی دوژمن و بەپێچەوانەکەشی دروستە. بەڵام ئایا ئەوە ھەمێشە دروستە و وایە؟ مێژوو پێمان دەڵێ: نەخێر. بەواتایەکی تر ئەوە وەک ھەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و مرۆڤی شتێکی ڕێژەییە و ڕەھابوون تیایدا ھیچ واتا و ڕامانێکی نیە. ئەوتا لە ململانێ و کێشمەکێشەکانی کوردستانیان لە بەدەستھێنانی مافە ڕەواکانیان، بە ھزاران ساڵ و بەتایبەتیش لە ھاوکێشەکەی ململانێی بەرەی شێعە، بە سەرکردایەتی پاشایەتی سەفەوییەکانی ئێران، و سۆننەکان بە ڕابەراتی تۆرانیەکانی ئۆسمانی، لەم چەند سەد ساڵەی دواییدا کوردستان گەورەترین قۆربانیی داوە. ئەوە لە بڕی ئەوەی کە ھەندێ لایەن و سەرکردەی سیاسی ویستویانە لە پرۆسەی پۆلینکردنی خۆیان لە ڕیزبەندی ئەم یان ئەوەی تریان ھەژمار بکەن. ئەوان لە ڕاستیەک خۆیان شاردووتەوە کە ئەو دوو تایفەیە بۆ یەکتری نەبوونەتە ماڵ تا چ جای ئەوەی بۆ کوردەکان ببنە ماڵ. بێگۆمان مامۆستایانی ئایینی و ھزری ئایینی ڕۆڵێکی دیاری لەو چەندە و پێناوە دا ھەبووە. و بێگۆمانیش بێجگە لە قۆربانیدانی خۆمان، ئەوانیش زۆر جار ئێمەیان چەواشە کردووە و لە دژی یەکتری و نەتەوەکانی تر قۆستووە و بەکاری ھێناوین. ئەوەش ھۆکاری چەند قاتکردنی قۆربانیەکانی ئێمە بوون.
سایکۆلۆژیای گیانەوەران پیشان دەدات لە ھەڵوێستی ھاوشێوە دا گیانەوەران زۆر باشترن لە مرۆڤەکان. ئەگەر جارێکیان گۆێدرێژ یان سەگ و یان پشیلەیەک یان ھەر گیانەوەرەکی لەو بابەتە بەسەر پردێکی دروستکراو لە دار دەرباز ببێ و لە ئەنجامی شکانی شوێنێکی پردەکە ئەو گیانەوەرە بکەوێت و ئازاری پێبگات ئیتر زۆر ئەستەمە جارێکی دیکە ئەو گیانەوەرە بەسەر ئەو پردە دا تێپەڕێنی مەگەر بە مردوویی! بەڵام مرۆڤەکان وا نین. ھەموو ئازار و ئەشکەنجە و مەینەتیەکانی کوردستانیان، و بە تایبەت کوردەکان، ھەی ئەوەیە کە ویستومانە خۆمان لەو یان لەم بەرەیە دا ببینین و جێگیر بکەین. بە درێژایی ئەو ھەموو ساڵانەئەو کارە بارێکی قورسی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی خستە سەر شانی کوردستانیان. بەڵام ھەموو ئەوانە بۆ ئێمە نەبۆتە وانەی ژیان. تازە بە تازەش ھەن سیاسەتوانانێک کە ھێشتان بە جوانی و تەواوی لە فەلسەفەی کێشە نەتەوەییەکەمان نەگەیشتوون. ئەوان دیسان وەک جاران دێن و بە بیانۆی ئیسلامبوون وەک خاڵی ھاوبەش دەیانەوێ لە نێو دەستە و گرووپێک لەو دوو بەرەیە پۆلینمان دەکەن، وەک کورد گۆتەنی:" پەرێ وەکی بەرێ"! زۆر سەیرە و بە ڕاستیش سەیرە! ئەوان وا دەزانن کە ئەگەر وایان کرد ئیتر تەواو و ھەموو مافە ڕەواکانی گەلانی کوردستان دابین دەکرێن. و لە بڕی ئەوەش ھەموو ھەوڵێک دەدەن کە بە لایەنێک لەوان پیشانمان بدەن. و ئەوە بگەینن کە ئێمە چەند خزمەتگۆزار و ملکەچ و گۆێرَایەلی ئەوانین. بەڵام ئەوان نازانن کە دوور نیە و لە سایەی ئەو مێنتالیتە ( و ئەقلیەتە ) کلاسیکییەی دواکەوتوو دۆزی ڕەوای کوردستانیان، کە لە ڕاستیدا ھیچ پێکچوونێکی لەگەڵ بیروباوەر و بنەماکانی ھەر دوو ئەو گرووپانە نیە و کێشەیەکی تایبەتە، جارێکی تر بچێتە سەر خاڵی ( ٠ ) و بە سەدان و ھزاران ساڵ دوامان بخات و بەڵکۆش بە یەکجاری تێک بچێتن. ئێمە پێویستیمان بەوە ھەیە کە لە چارەسەرکردنی ململانێکانمان و گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان زیاتر لە جاران پراگماتی بین. چونکە تەنیا ئەو ڕێگایەیە کە چارەسەری کێشەکەمان دەکات. ئێمە لە بۆ جێبەجێکردنی ئەم چەندە ھیچمان کەمتر نیە لەو وڵاتانەی خۆیان بە مۆسڵمان دەزانن، وەک ئێران و سعۆدیە و تورکیا و میسر و ... ھتد، و سەر کاروانی ھەر دوو بەرەی سەرەوەن و ئەمڕۆ بۆ گەیشتن بە مەرامەکانیان خۆیان لە ھەر کەس و ناکەسێک نزیک دەکەن، ھەتاوەکو ئەوانەی کە خۆیان لە ڕاگەیاندنەکانیان بە دوژمن و ئەمپریالیست و ... دەزانن. ئەوان تێگەیشتوون کە بەدوای فەلسەفە کۆنەکان کەوتن دادیان نادات و ئەمڕۆ پراگماتیزم بوون چارەسەری زۆر لە کێشەکانە. بۆچی ئێمە وانەبین. بۆچی سیاسەتوانە ساویلکەکانمان ئەوەندە بە پەلەن تا ھەتاھەتایە بەو مێنتالیتەیە ڕەفتار بکەن و بڕیار بدەن؟
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ



Top