تیرۆروریسوایەکیتر

تیرۆروریسوایەکیتر
زۆرجار گلەیی لە ئێمەی دەروونناس دەکرێ کە خۆمان لە ھەموو شتێک ھەڵدەقۆرتێنین و ( تەدەخۆل ) لە ھەموو شتێکدا دەکەین. ئەوە لەوانەیە وابێ بەڵام ئێمەش ناحەقمان نیە. بە بڕوای ئێمە ئەگەر ھەموو شتێک و رووداوێک لە جیھان دا کاریگەری بەسەر ئێمەوە دەبێ ئێمەش مافی خۆمانە لەبارەیەوە وەک چۆن تێدەگەین بیربکەینەوە و لەسەری بێدەنگ نەبین. چۆن دەبێ لە تاوانی کەسانی وەک " مەتین" بێدەنگی ھەڵبژێردرێتن؟؟
دوای ئەوەی کە لە ( ١٣/٦/٢٠١٦) گەنجێکی ( ٢٩) ساڵەی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک ئەفغانی لە شاری ئۆرلاندۆی ئەمریکا بووە ھۆی کوشتن و برینداربوونی زیاتر لە سەد کەس لە یانەیەکی ھاڕەگەزبازان، دەوڵەتی ئیسلامی کارتۆنی داعش بەرپرسیارەتی گرتە ئەستۆ و بێگۆمان خۆیان و لایەنگرانیان ئەوەیان بۆ خۆیان بە دەستکەوتێکی گەورە لەقەڵەم داوە لە کاتێکدا کە قوڵبوونەوە لەو کارەساتە دڵتەزێنە ئەو پەڕی ڕیسوایی ئەو تاخمە دۆگماتی و دەمارگیرانە دەسەلمێنیتن. ئەوە بێجگە لە " نەمەک بە حەرامی " ئەو کەسە، کە پێلاقەی لە بەختی خۆی و خێزانەکەی داوە، و سفرەی ڕەنگینی ئەو وڵاتە، کە لە ھی وڵاتە ھەژارەکەی خۆی خۆشتر و تێرتر بووە، دڕاندوویەتی، ئەوە " مەتین" وەک کورد گۆتەنی وەک کەسێکی" نان خوارێ سفرە دڕینک " دەرچوو، و بەتایبەت دوای ئەوەی کە ماوەی چەند ساڵێکە پەنایان داوە و بەخێویان کردووە.
لەلایەکی ترەوەو ئاشکرایە تەنھا و تەنھا خۆای گەورە و میھرەبان و ئافەرێنەری جیھان و گیان، دەتوانێ و مافی ئەوەی ھەیە کە گیانی مرۆڤەکان وەربگرێ، مەگەر لە ھەندێ کاتی دەگمەن و تایبەت، کە ھەر خۆی بە ڕەوای بینیبێ. و ئەو ڕاستیەش لە دەقە ئایینیەکانی وەک قۆرئانی پیرۆز و شوێنی تر ھاتووە. بەڵام " مەتین" و ھاوکۆفەکانی بە ناگایی و نەزانیەوە لە سۆننەت و فەلسەفەی ئافراندن و ژیان، وادەزانن کە ئەو کۆمەڵە " ھاوڕەگەزبازانە" ئاساییە لەسەر دەستی ئەوان بە ھەر شێوازێک کە بیانەوێ بکوژرێن. ئەوان بێجگە لەوەی کە نافرمانی فەرمایشتی خۆای گەورەیان کردووە، ھەروەھاش لە سنووری کار و ئەرکەکانی خۆای گەورەش نەگەیشتوون. خۆ ئەگەر خۆای گەورە بیویستبایە ئەوەتا ئەو کۆمەڵە مرۆڤەی وەک چۆن لەسەر دەمی ( قەومی لوت) تەفروتوناو کرد، لەو جیھانەدا دەیکۆشتن، و ئەگەر لە جیھانی تریش بێ ئەوا خۆا خۆی بە پێی پێوەر و بنەمای پڕ لە دادپەروەری و یەکسانی خۆی ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکاتن و بە پێی کار و ڕەفتار و ئایین و و ھەر شتێکی تر، کە خۆی بە باش و دروست و گۆنجاو بزانێ، سزایان دەدات یان پاداشتیان دەکات.
ئەوە و لە لایەکی تریشەوە، " مەتین " و ھاوکۆفەکانی نازانن ئەو تاخمەی ھەڵگری " لادانی سێکسی "ن، زۆرینەیان ڕەوش و دۆخێکی تایبەتن، و بە پێی توێژینەوەکانی زانستی، لە ئەگەری تێکچوونی ھاوسەنگی فیزیۆلۆژیک و سایکۆلۆی ئەو کەسانە دروست بووە و وەک زۆر نەخۆشیی تری جەستەیی و دەروونین. وەک چۆن مرۆڤێک بە خۆی و بەدەستی خۆی و بەئەنقەست تووشی شێرپەنجە یان جەڵتەی مێشک یان مێشک یان نەخۆشی دەروونی شیزۆفرینیا و ... ھتد، نەبووە و ناکاتن، ئەوھاش لادەرە سێکسیەکانیش مرۆڤی دەروون نەخۆشن و قۆربانیی تێکچوونی باری بایلۆژی ڕژێنەرەکانیانن و بەدەگمەنیش ھەن ئەو ڕەفتار و کارەیان بەرھەمی فێربوون و پەروەردەیەکی ھەڵەن. دووریش نیە زۆریان بەدەست ئێش و ئازارەکانی دەروونی دەناڵێنن بەتایبەت کاتێک کە بە بەراورد لەگەڵ مرۆڤە ئاساییەکانی تر دا، خۆیان بەو شێوەیە نائاسایی و ناوازە دەبینن.
لە لایەکی تریشەوە، ھاوکۆفانی " مەتین" لە فۆبیایەکی ڕۆژئاوایانە دا دەژین و ھەمیشە تارمایی سێبەری کەلتوور و فەرھەنگی ڕۆژئاوا، بە واتایەکی باشتر بڵێین مەسیحیەت، بە مەترسیەک دەبینن لەسەر شارستانیەت. ئەوان لە لایەک ستەم لەو نەتەوانە دەکەن کە بە ڕۆژئاوایی دەناسرێن، چونکە ڕۆژئاوا دەستێکی باڵایان ھەبووە لە پێشکەوتنەکانی شارستانیەت و بەتایبەت لە دوای چەرخەکانی ناوەڕاست و چەند سەدەی دوواییدا. لە لایەکی ترەوە، ئەوان ئەو فۆبیایە بە بەرھەمی ئەو تێگەیشتنەیان دەزانن کە لە چەند سەدەی ڕابردووی دواییدا ڕۆژئاوا و بە تایبەت وڵاتە زلھێزەکانی دەستیان لە تێکدانی وڵاتانی ئیسلامیدا ھەبووە.
ھەڵبەت ناشاردرێتن کە ئەو دەوڵەتانە بە شێوازی جیاواز و لە ڕێگەی کەسانی سیاسی و دیپلۆماتیک و یان پیاوانی ئایینی یان بازرگانان دەستیان لە زۆرێک لە بڕیارەسیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتانی جیھان و بەتایبەت مۆسڵمانەکان دا ھەبووە، و لەوانەشە بێبەش نەبووە لە ڕشتنی خوێنی زۆر کەس تیایدا.
ئەوەی پێویستە لێرە دا بگۆترێتن لە ڕوانگەی پشتگیری کردن لە ڕۆژئاوا و کەلتوور و فەرھەنگەکەی نیە، چ لەبەر ئەوەی کە ئەوان پێویستیان بەو چەندە و کەسانی وەک ئێمە نیە، و جگە لەوەش ھەر ئەو ڕۆژئاواییانە لە ڕۆژگاری سەخت و دژوارەکاندا ھاوکاری باشی خەڵکەکەشیان کردووە و زۆر جار پشتیوانیان لە خەڵکی ڕەش و ڕووت و ھەژار و ستەملێکرا کردوو لە دژی دەستھەڵاتدارانی وڵاتەکانیان. خۆ ئەگەر بەرژەوەندیشیان ھەبووبێ، ھەموو کەس بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی دا دەگەڕێ. ئەی ئەوە نیە وڵاتانی بەناو مۆسڵمانی کورد بەسەریاندا دابەشکراوە لە پێناو بەرژەوەندییەکانیان چ بە کوردستانیانیان کردووە و ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە سەر ئەو کارەیان بەردەوامن بە بێی ئەوەی ھیچ بەھایەک بە ناوەرۆکی ئایینەکەیان بدەن؟ خۆ ئەگەر ڕۆژئاواییەکان، وەک ئەوان دەڵێن " نەیار و دوژمن و نەحەز و کافرن"!، ئەی ئەو جۆرە مۆسڵمانانە چین؟ و چیان ناو لێ بنرێن؟
مێژوو زۆر نموونەی لەو جۆرە بۆمان باس دەکات، کە چۆن ئەو ڕۆژئاواییە "کافرانە" وەک تیرۆریستان و نەزانان ناویان لێناوە ھاوکاری کەسنیان کردووە، و ئێمە لێرە دا تەنھا ئاماژە بە یەکێکیان دەدەین. ئەوەتا عەلی وەردی کۆمەڵناسی بەناوبانگی ناوچەکە دەڵێ کاتێک کە لە ساڵی ( ١٨٧٩) وشکەساڵی ناوچە جیاجیاکانی عێراقی ئەو کاتی ئابڵۆقە دابوو و خەڵکێکی زۆر، وەک جاری جاران و پێشتر و دواتر لە کاتی وشکەساڵییەکان و بڵاوبوونی پەتا کۆشندەکان، دەبوون بە قۆربانی. ئا لەو کاتانەدا دز و جەردە و ڕێگر و فەرمانبەرانی میری و بەرپرسان و بازرگانانی ئەو ناوچانە تەنگیان بە خەڵک ھەڵچنیبوو و یان خەریکی دزی و ( فەرھوتکردن ) بوون یان خەریکی گرانکردنی شتومەک و ئازۆقە و خۆراک دەبوون، بەڵام کۆنسۆلخانەکانی بیانی و ڕۆژئاوایی وەک بەریتانیا و ئەوانی تر داواکاری فەرمیان پێشکەشی وڵاتانی خۆیانیان دەکرد بۆ ھێنانی دەرمان و پزیشک و خۆراک و خواردەمەنی. وەردی بەھشتی دەڵێ "ئەو ساڵە ساڵێکی زۆر ناخۆش بوو. خەڵکێکی زۆر لە ناوچە کوردیەکانیش ڕوویان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق کرد. ئەوان لە خەڵکی دەپارَانەوە بۆ پارچەیەک نان تا لە برسان نەمرن. عەرەبەکان ئەو ساڵەیان بە "ساڵی برسیمە " ناوزەد کربوو، لە بڕی ئەوەی کە کوردەکان ھەر دەیانگۆت" برسیمە! برسیمە!"( ١: ل. ٣٨).
بەڵام ئێمە ئەو شتانەمان لە بیر چووە و تەنیا خراپەکانیانمان وەبیر ماوە. ئێمە ئەوەندە لایەنگیری و دەمارگیری و دۆگماتیانە بیر دەکەینەوە کە دەرفەت بۆ لێکدانەوەی بابەتیانەی بابەت و لاپەڕەکانی مێژوومان نەھێشتووە. ئەوەش لە ژێر کاریگەری زۆر لایەن کە پیوەری نابابەتیانە بەکار دێنن و ئەو شتانەمان لە گوێ دەخوێنن.
گریمان باشە ئەگەر لە سەدەکانی دواییدا ڕۆژئاواییەکان دەستیان لە کۆشت و کۆشتار و نەھامەتیەکانی ناوچەکەدا ھەبووبێ، ئەی لەسەردەمەکانی پێشتر چی؟ ئەگەر بن لادن و مۆسعەب زەڕقاوی و ئەبووبەکر بەغدادی لە ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسرائیل مەشق و ڕاھێنایان پێکراوە و وەک سیخۆڕی ئەوان لە وڵاتە مۆسڵمانەکان کاریان کردووە و تاوانیان ئەنجام داوە، ئەی باشە یەزیدی معاویە، و مەڕوان حەکەم، و حەجاجی یوسفی سەقەفی، و ھارون ئەلرەشید، و سەلاحەدین ئەیووبی، و حەسەن سەباح و ... ھتد، لە کام وڵاتی ڕۆژئاوا مەشق و ڕاھێنانیان پێکرابوو کە بە بیانۆی ئایینی و مەزھەبی و تائیفی و عەشائیری و بنەماڵەیی ئەو ھەموو زۆرداری و ستەمەیان کرد و بەھزاران مۆسڵمانی بێگۆناحیان لەناو برد؟ ئەی باشە ئەگەر تەنھا سەرکردەکانی ئەلقاعیدە وتالیبان و داعشمەشق و ڕاھێنانیان پێکراوە و کەس نەیبینیون و پێیانی نەزانیوە، باشە بە سەدان ھزار عەرەب و غەیری عەرەبی مۆسڵمانی نێو ئەو ڕێکخراو و ڕێکخراو و سوپایەکانی ھاوکۆفی ئەوان لە نێو بەرەی شێعە و سۆننە دالە کام وڵاتی ڕۆژئاوا مەشقیان پێکراوە و کەس نەیدیتوون؟ ئەوە ھەموو بیانۆن. ھەمووی بۆ ھەڵخەڵەتاندن و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردنە. باشە ئەگەر لە تایلەند مۆسڵمانەکان بە زیندوویەتی دەسوتێندرێن، و ئەگەر لە ناوچەکانی دەوروبەری ناوچە و شاری ئۆرۆمچی وڵاتی چین بە ھزاران مۆسڵمان جینۆساید دەکرێن، و ئەگەر ڕووس زۆرداری لە مۆسڵمانانی چیچان و ئەنگۆشی و تەتەر و قەفقازی و داغستانیەکان و ئەوانی تر دەکات، و ئەگەر سربەکان بۆسنیەکان دەکۆژن و ئەگەر ھیندییە سیخەکانمۆسڵمانانی خۆیان دەکۆژن و ... ھتد، ئەی بۆچی ڕێکخراوە تیرۆریستیی و ئایینیەکانی وڵاتانی سۆننە و شێعە باسی خۆیان ناکەن؟ بۆچی ئەوان ھەندێ باسی دۆی خۆیان ناکەن و پێی ناڵێن " ترشە " و یان ھیچ نەبێ " کەمێک ترشە"؟ دام و دەزگا سیخۆڕی و ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی ھەر دوو لا بەناوی دەزگا فەرمیەکان لە وڵاتانێ خۆیان ھزاران ھزارباندی بڵاوکردنەوەی مادە و دەرمانە ھۆشبەر و سڕکەرەکان بەسەر خەڵکی خۆیان و مۆسڵمانان، دامەزراندووە و لە کاتێک ئەو دەرمانانە بۆوەتە پەتایەکی کۆشندەی لەکار خستنی مرۆڤەکان. و ئەو خەڵکە لەو وڵاتانە بەدەست ھەژاری و بێکاری دا دەناڵێنن. ئەو کارەی ئەو لایەنانە لەو وڵاتانەی مۆسڵمان، کە ڕۆژانە سەدان کەس بە کۆشت دەدات و خەرجی چارەسەری ئەو خەڵکانە خۆی لە مەلیۆنەھا دۆلار دەدات، بۆ ھەندێ لایەن و کەس و دەزگا و سەرکردە مەلیارەھا دۆلار قازانج دەھێنێ. ئەی ئەوان بۆچی لەبڕی ڕۆژئاوا و چین و ھیند و ڕووس و ... ھتد، باسی تاوانەکانی خۆیان ناکەن کە لە دژی یەکتری و خەڵکی خۆیان دەکەن؟ ئەوانیان پێ " کافرە "و دەبێ جیھادیان لەگەڵدا بکرێت بەڵام خۆیان " مەلائیکەتن " و نابێ کەس لە قسەیان دەربچێ؟ دیارە " بانێکە و دوو ھەوا "؟
با تیرۆر و ئەو وڵاتانە و پشتەوانەمۆسڵمانەکانیان لە بڕی بۆختان نانەوە بە ڕۆژئاوا و دروستکردنی فۆبیایەکی خەیاڵی لە سیاسەتی ئەوان و ئەنجامدانی کارەساتی تیرۆر و خۆتەقاندنەوە بە خەڵکی ئاسایی و یان نەخۆشدەروونلە وڵاتانی وەک ئەمریکا و فرەنسا و ... ھتد، بێن خۆیان خاوێن بکەن. ئەوە باشترین چەک و کارە بۆ بەرپابوونی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری لە وڵاتانی خۆیان. با ئەوان ھەوڵ بدەن ھەژاری لە وڵاتانی خۆیان چارەسەر بکەن تا دەرگای قوتابخانەکانی پێگەیاندنی تیرۆریستان قەپات ببێ و دەرگای قوتابخانەکانی قبولکردنی بیرورای و ئایین و نەتەوە و مەزھەب و نەژادە جیاوازەکان بکرێتەوە. با لە جیاتی خرجکردنی مەلیارەھا دۆلار بۆ چەک کڕین لە ئەمریکا و ڕوووسەکان و چین و ئەڵمانیا و ... ھتد و ھێاندنیان بۆ لەناوبردنی کوردستانیان، پارە بە خەڵکی خۆیان بدەن تاوەکو بۆ چەند دۆلارێک ڕێگای چوونە ناو ڕێکخراو و گرووپە تیرۆریستیەکان نەگرنە بەر.ئەگەر ئەوان، ئەو وڵاتانە، خۆیان ڕزیو نەبن و خاوەنی مێنتالیتە ( و ئەقڵێکی ) خرش و خاو و ساویلکە نەبن بێگۆمان ھەل بۆ ڕۆژئاواییەکانیش ناڕەخسێ تا دەست لە کاروباری ئەو وڵاتانە بدەن و لەشگەرکێشی بۆ ئەو ناوچانە و ھزاران تاوانی تیایدا ئەنجام بدەن. کورد گۆتەنی " ئەو دارێ خەلک بکەتە د مرۆڤیدا دێ ھێتە دەرێ بەلێ ئەوی مرۆڤ بکەتە د خۆ ڕا بزەحمەتە". جا باسەکە ئەوھایە و ئەوانیش کەیفی خۆیانە.
سەرچاوە:
(١) الوردی، علی (١٩٧٢ ). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق-( ١٨٧٦-١٩١٤)، الجزء الپالپ، بغداد، ( ٣٨٤ ) ێ.
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ



Top