رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان هه‌ر پارتی نیگه‌ران نه‌كردووه‌

رێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان هه‌ر پارتی نیگه‌ران نه‌كردووه‌
نه‌وشیروان مسته‌فا و باڵی هێرۆ ئیبراهی ئه‌حه‌مه‌د بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌رامه‌ شاراوه‌كانی ناو رێككه‌وتنه‌كه‌یان و بێده‌نگ كردنی ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كانی ناو حزبه‌كانیان، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گوایه‌ رێككه‌وتنی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان پارتی نیگه‌ران كردووه‌‌، راسته‌ پارتی نیگه‌ران بووه‌، به‌ڵام له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك رێككه‌وتنی نێوان دوو حزب نیگه‌ران نییه‌، له‌و مه‌رامه‌ شاراوه‌یه‌ نیگه‌رانه‌ كه‌ دوو كاراكته‌ره‌ ده‌ست رۆیشتووه‌كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌ پێناودا ئه‌نجام داوه‌، ئه‌وه‌ش دوو پرسیاری درووست كردووه‌ و وا ده‌كات به‌دوای وه‌ڵامه‌كانیاندا بگه‌ڕێین، پارتی بۆچی و له‌ چی رێككه‌وتنه‌كه‌یان نیگه‌رانه‌؟ ئایا رێككه‌وتنه‌كه‌یان هه‌ر پارتی نیگه‌ران كردووه‌؟
كاتێ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی جیابۆوه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه‌ جیابوونه‌وه‌كه‌ی خێری خه‌ڵكی تێدایه‌، كه‌چی ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی 17ی شوباتی به‌رده‌ركی سه‌را و هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گا و به‌ كوشتدانی كوڕی خه‌ڵكی لێكه‌وته‌وه‌، ئێستا كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتۆته‌وه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا دووباره‌ ده‌ڵێ: رێككه‌وتنه‌كه‌مان خێری خه‌ڵكی تێدایه‌، واتا ئاژاوه‌گێڕیه‌كی تر و خوێن رشتنێكی تر، جا پارتی له‌وه‌ نیگه‌رانه‌ هه‌مان خواستی جیابوونه‌وه‌كه‌ له‌ پشت رێككه‌وتن و یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌یه‌. میژووش ئه‌و راستیه‌مان پێده‌ڵێ: كه‌ هه‌موو جیابوونه‌وه‌ و رێككه‌وتنێكی نه‌وشیروان مسته‌فا ئاژاوه‌گێڕیه‌كی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، جیابوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی 17ی شوباتی به‌رهه‌م هێنا، رێككه‌وتنی گه‌ڵ پارتیش ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی مانگی 10ی ساڵی رابردووی لێكه‌وته‌وه‌، جیا بوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی و رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ پارتی و لێكه‌وته‌كانی به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن، كه‌واته‌ پارتی له‌ قۆناغێكی هه‌ستیاری وه‌ك ئێستادا كه‌ كوردی له‌ دوا ئامانجه‌كانی نزیك كردۆته‌وه‌ هه‌قیه‌تی نیگه‌ران ببێ، چونكه‌ به‌و رێككه‌وتنه‌ش ئاشووب و ئاژاوه‌گێڕیه‌كی تر ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌رمانی ئاشووب و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی رابردووی.
نیگه‌رانیه‌كی تری پارتی له‌وه‌دایه‌ خاڵ و به‌نده‌كانی ناو ریككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان یه‌كیتی نیشتیمانی و بزووتنه‌وه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، جوونه‌وه‌ی ئه‌و هاوهه‌ڵوێسته‌ سیاسی و په‌رله‌مانیه‌یه‌ كه‌ كوده‌تاكه‌ی‌ 23ی حوزه‌یرانی ساڵی رابرووی ناو په‌رله‌مانی لێكه‌وته‌وه‌، درێژه‌ پێدانی ئه‌و هاوهه‌ڵوێستیه‌ش رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌كاته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م پرسی گشتپرسی و هه‌نگاوه‌كانی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، جا ئه‌گه‌ر پارتی وه‌ك حزبێكی نه‌ته‌وه‌یی كه‌ له‌ پێناو هێنانه‌دی ئامانجه‌ نیشتیمانیه‌كان و دامه‌زاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی دامه‌زرازوه‌، به‌ رێكه‌وتنێكی وا نیگه‌ران نه‌بێ، ده‌پرسین به‌چی نیگه‌ران ده‌بێ؟!
هه‌ر پارتی له‌و رێككه‌وتنه‌ نیگه‌ران نییه‌، له‌ناو یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌سانی دڵسۆز به‌ده‌نگ هاتوون و له‌مه‌ولاش به‌ده‌نگ دێن، كاك مه‌لا به‌ختیا و چه‌ند ئه‌ندامێكی تری مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ده‌نگی نیگه‌رانیان به‌رز كردۆته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانیش له‌وه‌ گه‌یشتوون كه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئامانجی كه‌سی له‌ پشته‌، هه‌رچی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌ ده‌یه‌وێ به‌و رێككه‌وتنه هه‌ڕه‌شه‌ له‌ كوتله‌ و باڵ و نه‌یاره‌كانی خۆی بكات ناو یه‌كێتی، هه‌رچی نه‌وشیروان مسته‌فاشه‌ ده‌یه‌وێ به‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌م هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتی بكات و هه‌میش شكسته‌ سیاسیه‌كانی خۆی پێ په‌رده‌پۆش بكات و دڵسۆز و كوردپه‌روه‌رانی ناو بزووتنه‌وه‌كه‌شی پێ بترسێنێ، به‌ڵام چۆن له‌ رابردوودا جیابوونه‌وه‌ و یه‌كگرتن و ئاژاوه‌گێڕیه‌كانی تریان دادی نه‌داون، ئه‌م رێككه‌وتن و یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ش دادیان نادا و خۆزگه‌ی باڵاده‌ست بوونیان به‌سه‌ر پارتی به‌ گشتی و خانه‌واده‌ی شۆڕشگێڕ و كوردپه‌روه‌ری بارزانی نه‌مردا ناهێنێته‌دی. ‌
Top