دەستەبەرداربوون لە سایكس پیكۆ، ڕێگەی گەیشتن بە ڕێككەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەكات
June 15, 2016
وتار و بیروڕا
سنووری دوور و درێژی نێوان بیابانی رۆژهەڵاتی سووریا و بیابانی رۆژئاوای عێراقیش لە واقیعدا بوونی نەماوە، چونكە چەكدارانی ئەلقاعیدە بە ئازادی هاتوچۆی پێدا دەكەن. شەڕی ناوخۆیی سووریا دووبارە ئاگری شەڕی تایفەگەری هەڵگیرساندەوە كە لە دوای داگیركردنی عێراقەوە لە ساڵی 2003وە خامۆش نەببوو. لە هەر سێ دەوڵەتەكەدا، دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی لە داكشاندایە، لە كاتێكدا گروپە ئیتنی و ئایینییەكان بەرەو هەرێمە خۆبەڕێوەبەرییە پارێزراوەكانی خۆیان دەكشێنەوە. لە ئێستادا نێوجەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكهاتووە لە وڵاتگەلێكی لێكترازاو كە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە بەرەو ئێران درێژ دەبێتەوە.
هەروەها سنوورە دەرەكییەكانی ئەم بەشە سنوورگەلێك نین كە قابیلی پێشێلكردن نەبن. گوللە هاوەنی سووری لە بەرزاییەكانی جۆلاندا- كە لە لایەن ئیسرائیلەوە داگیركراون- كەوتوونەتە خوارەوە، توندوتیژییەكانی سووریاش بە بەرداومی پەلیان هاویشتووە بۆ توركیا، كە لەو وڵاتەوە گروپە یاخیبووەكان پێشڕەوی دەكەن و دواتر دەكشێنەوە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بە كۆتایی هاتنی سایكس پیكۆ، ڕێككەوتنە بەدناوەكەی ساڵی 1916 كە تێیدا فەڕەنسا و بەریتانیا كاریان لەسەر «پرسی سووریا» كرد.
بەڵام ناتوانین وێنای گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی خێرا و تۆكمە بكەین، ئەگەر هێزەكانی جیهان دەستبەرداری سایكس پیكۆ نەبن. پێویستە ئەو شەڕ و ناكۆكییە گەورەیە فەرامۆش بكەن كە لە سووریادا لە ئارادایە و بریتییە لە ململانێیەكی هەرێمایەتی لە نێوان شیعە و سوننەدا، هەروەها ناكۆكییەكی درێژخایەنی نێوان حزبوڵا- لە ژێر سەرپەرشتی ئێراندا- و دوژمنە تەقلیدییەكانی ئێرانە، كە دیارترینیان سعودیەیە، لەگەڵ بوونی ناكۆكی لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبییە دراوسێكانی كە پەیوەستە بە خاكەوە، هەروەها خواستی سەربەخۆیی لای فەلەستین و كورد. كەواتە ئەمە مەرگی سایكس پێكۆیە و پێویستە لە گۆڕبنرێت. چونكە ڕێگرە لە بەردەم هێنانەئارای ئاشتییەكی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەر دەروازیەكیش بۆ دەرچوون لەم گێژاوە پێویستی بە ڕێككەوتنێكی گەورە هەیە- ڕێككەوتنێك كە نیزامێكی نوێی بێنێتەئاراوە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا و بە گوێرەی ئەو نیزامەش سنوورەكان دابڕێژێرتەوە.
سەرچاوە: Time to redraw the map of the Middle East
نووسینی: Steven Blockmans