شكستی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان لە بەڕێوەبردنی ململانێ و كێشەكان
June 14, 2016
وتار و بیروڕا
دوایی پێداچونەوە و لێكۆڵینەوە لەم گۆڕانكاریانەی لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ڕویانداوە لە سەرەتا و ناو بەهاری عەرەبی و هاتنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ناو هاوكێشەكان ڕاگەیاندن بە هەموو بەشەكانیەوە لەشوێنی ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەر بۆتە هۆكارێك بۆ قوڵ كردن و تۆخ كردنی ململانێ و كێشەكان. لە هەندێك كات و شوێن ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆتە هۆی جولانی كێسێك یان شەقام و لە ئەنجامدا پشێوی و توندوتیژی لێكەوتۆتەوە هەر لەبەر ئەم هۆكارە و هۆكاری تر هاووڵاتیان بەدوای سەرچاوەی تردا دەگەڕێن بۆ دۆزینەوەی ڕاستیەكان.
ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەیە لە پێناسەكردن و بەڕێگابردنی ڕووداوەكان لەكاتی ململانێكان بۆ ئەوەی وا لە هاووڵاتیان بگەینێت ڕووداوەكانی داهاتو چۆنن و چۆن خۆیانی بۆ ئامادەبكەن. لەم كاتە بە بەرنامە وا لە هاووڵاتیان دەگەینن چ ڕووداوێك ڕوودەدات لە داهاتو و بەر پرسیارەتی تاكی هاووڵاتی چیە لە ململانێ و ڕووداو و كێشەكان و ئەم كارەش لەڕێگای ڕاگەیاندنی ڕۆژنامەیی و بیستن و دەیتن لەژێر چاودێری پسپۆرانی شارەزای ناوەخۆیی ئەنجام دەدرێت.ئینجا وا لە هاووڵاتیان دەكەن هەڵوێست و بڕیاری خۆیان ئامادەكەن بۆ كاتی ڕوودانی ململانێ و كێشەكان بەڵام بەهۆی زۆری جۆری ململانێ و كێشەكان ڕاگەیاندن بەگشتی لەناو هەرێمی كوردستان ڕووبەڕوی تێكەڵاوكردنی بابەتەكان بۆتەوە و وای لێهاتوە ڕاگەیاندن بەگشتی لاوازبوە و پسپۆریەتی پێوە دیارنەماوە.
**وێنە شێواوەكە.
ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە ململانێ و كێشەكان لەبەر ئەوەی زۆر جار لەلایەن لایەنێكەوە بۆ مەبەستێك ئاراستە دەكرێت و دوورە لە ڕاستی و ئەم بیروبۆچونەی بلاویش دەكرێتەوە پێش وەخت ڕەزامەندی ئەو لایەنەی لەسەر وەرگیراوە.ئەم دەست تێوەردانە هۆكارێكە لە هۆكارەكان كەوای لە تاكی هاووڵاتی هەرێمی كوردستان كردوە بەگومان بێت لە سەرچاوەی هەواڵەكان و بەدوایی چەندین سەرچاوەی تردا بگەڕێت تا هەواڵەكانی گوێ لێبێت یان بیانبینێت وەك هەموشمان دەزانین چەندین كەناڵ بە زمانی تر هەیە باس و گرنگی بە ڕووداوەكانی ناو هەرێمی كوردستان و عێراق دەدەن. لە ناو هەرێمی كوردستان و عێراقیش چەندین كەناڵی هەواڵ هەن سەر بە لایەنی پەیوەندی دار نین زۆر جار خۆیان بە بێلایەن نیشان دەدەن و هەر كاتێك ڕووداو و یان كێشەیەك ڕوودەدات خوێندنەوەی جیا جیا بەپێی ئەجندای خۆیانی بۆ دەكەن.ئەمەش وای كردوە زۆر جار تاكی هاووڵاتی نەزانێت كێ یان كام لایەن ڕاستە و كام لایەن هەڵەیە؟كام لایەن ماف پێشێل دەكات و كام لایەن بەرگری لە پێشێلكاری دەكات هەر بۆیە لەم كاتە ڕاگەیاندن دەبێتە هۆی دووبەرەكی لە نێوان هاووڵاتیان،لەنێوان حزب و لیستە سیاسیەكان و هاووڵاتیان،لەنێوان هاووڵاتیان و هەرسێ دەسەڵات( حكومەت،پەرلەمان،دادگا).
ئەم كەناڵانەی بەشێكی زۆری هاووڵاتیان سەیری دەكەن و زۆركاریگەری هەیە لەسەر هاووڵاتیان وەك كەناڵی(نالیا) كەخۆیی بەبێلایەن دەزانێت لەگەڵ كەناڵەكانی تری حزبی هەر هەمویان بەیەك ئەندازە لەژێر كاریگەری ئەجندای لایەنێكن بێ ئەوەی هەستیش بكەن و لایەنگری لایەنێكیشن. یەكەمیان وا خۆی نیشان دەدات بێلایەنە و ڕاستیەكان لای ئەوانە و كاری سەرەكیان ئەوەیە چۆن هاووڵاتیان ئاگادار بكەنەوە لە كار و چالاكی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و لایەنی دووەم كاری ڕاگەیاندنی بریتیە لە چالاكیەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و پەرلەمان و شەڕی دژی چەكدارانی تیرۆریستی داعش و پەیوەندی هەرێم ناوەند.
ئەم دوو جۆرە لە كاری ڕاگەیاندن كاریگەری دەرونی خراپی هەیە لەسەر هاووڵاتیان چونكێ هەر لایەن و ئەوی تر تاوانباردەكات و بەهۆكاری سەرەكی كێشەكان وەسفی دەكات. لەم بارودۆخە دەنگەكان و بیروبۆچونەكان دژی یەكەن و ڕاستیەكانیش دەشێوێنن و ووشەكان بەپێی ئەجندایی سیاسەتی لایەنێك ئاراستەی شەقام دەكرێت.ئەمەش وا دەكات ئەستەمە دەنكی ناڕەزایی لەناو هەردوولا جێگای ببێتەوە و پسپۆریەت لە كاری میدیایی و ڕاگەیاندن لاواز بێت.
ئەم ململانێیە لەبواری ڕاگەیاندن وای كردوە هاووڵاتیان لەشوێنی ئەوەی هێمن ببنەوە و بە سادەیی سەیری ململانێ و كێشەكان بكەن زیاتر گیانی بەگژداچونەوەیان زیادی كردوە هەر بۆیە ڕاگەیاندن پێگەی لەرزیوە و وای لێهاتوە هاووڵاتیان لە ڕاگەیاندن بەگومان بن.
**سەرمایەدار و ڕاگەیاندن.
لە هەرێمی كوردستان چەندین سەرمایەداری ناودار هەیە و هەریەكو بیروبۆچونی جیاوازی هەیە و بەشێوەیەك لە شێوەكان هاتونەتە ناو جیهانی ڕاگەیاندن ئەمەش تا ئاستێك زیانی لە كۆیی گشتی ڕاگەیاندن داوە و بەشێكی ڕاستیەكانیش ون دەكات. هۆكاری ئەم زیان و ون بونی بەشێكی ڕاستیەكان لە ڕاگەیاندن بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەم سەرمایەدارە سەرچاوەی مادی ژیانی چەندین كادری ڕاگەیاندنی لایە و سەرمایەدارەكە ئەم كادرانە بەكاردەهێنێت بۆ مەبەستی ئاشكرا و شاراوەی خۆی.ئەگەر بێتو سەیری هەندێك كەناڵی ئاسمانی و ناوەخۆیی تەلەفزیۆنی لە هەرێمی كوردستان بكەین دەبینین بە وێنە ڕووداوە جۆراوجۆرە سیاسیەكان نیشاندەدات بەڵام ووشەكان دورن لە ڕاستی و خوێندنەوەی ئەم كەناڵە بۆ ڕووداوەكەی كردوە دەبێتە هۆی لێكترازانی زیاتری یەك ڕیزی هاووڵاتیان و ململانێ و كێشەكان قوڵتر دەكاتەوە.
دووبارەی دەكەمەوە ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ناتوانێت ململانێ و كێشەكان بە تەندروستی بەڕێوەببات بەڵكو بەهۆی ململانێ و كێشەی زۆری جۆراجۆر ڕاگەیاندن بۆتە بەشێك لەم بارودۆخە و هەندێك جاریش ڕاگەیاندنی كوردی هۆكارێكە بۆ سەرهەڵدانی توندوتیژی و پشێوی.لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاندن بە پسپۆری بەرێوە دەبرێت و كاری جوان پێشكەش دەكەن بەڵام ئەوەی بڵێت ڕاگەیاندنی سەربەخۆی بێلایەن بونی هەیە ئەوە هەڵەیە.كادر و ئەوەی لە پشتەوەی كادر و كەناڵەكەیە بەهەموو شێوەیەك بەرگری لە بیروبۆچون و ئەجندای فكری خۆیان دەكەن بێ ئەوەی گوێ بەئەوە بدەن كارەكانیان تا چ ئاستێك زەرەر بە كۆیی گشتی هەرێم و ئەزمونەكەی دەگەینێت.
**متمانە بێهێز بوە یان نەماوە.
بەشێك لە پسپۆر و شارەزایانی بواری ڕاگەیاندن بڕوایان وایە ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان دوورە لە ڕاستی،پیشەگەری و پێویستی بە سەدان كادری ڕاگەیاندنی شارەزای بەتوانای نوێیە.ئەم كۆمەڵە ڕاگەیاندنكارانە شارەزای تەواویان هەبێت تا بتوانن كۆنتڕۆڵی ململانێ و كێشەكان بكەن تا گەورە نەبێت و نەهێڵن ئەم ململانێ و كێشانە دووبەرەكی لەناو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دروست بكات.لەم كاتە ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان دەتوانێت ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەری كێشەكان و متمانەكان بنیات بنێتەوە لە نێوان هاووڵاتیان و هەرسێ دەسەڵات(حكومەت،پەرلەمان،دادگا).
لە لایەكی تر دەبێت ئەم كۆمەڵە كادرە ڕاگەیاندنكارە نوێیەیی دێنە نێو كاری ڕاگەیاندن بەشێكی كارەكانیان ڕوونكردنەوە بێت بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بەوەی كام كەناڵ كارەكانیان تەنیا بازرگانیە و كام كەناڵ سەرمایەدارێك یان كەسایەتیەك لە دواوە بەڕێوەی دەبات.ئەم هەنگاوە زۆر گرنگە چونكێ وەك ڕوون و ئاشكرایە كەناڵ هەیە لە هەرێمی كوردستان ڕوداوەكان بەپەلە دەگوازێتەوە و شیكردنەوەی بۆ دەكات بەپێی ئەجندای سەرمایەدارێك یان كەسایەتیەك بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن كارەكەیان تا چ ئاستێك زەرەری بە كۆیی گشتی هەرێمی كردستان و ئەزمونەكەی گەیاندوە.