یه‌كێتیمان چۆن گۆڕی پارتیش ئاوا ده‌گۆڕین

یه‌كێتیمان چۆن گۆڕی پارتیش ئاوا ده‌گۆڕین
ناڵێم هه‌لسووڕاو و گۆڕانخوازان، ده‌ڵێم ئه‌وانه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ ئاڕاسته‌ی رشتنی كۆنه‌قینی خۆیدا هه‌ڵیانده‌سووڕێنێ و چۆن و چی بوێ ئه‌وه‌یان پێده‌گۆڕێ، ئه‌وه‌تا دوای حه‌وت ساڵ رێك پێچه‌وانه‌ی سووڕی دوێنێ هه‌ڵیانده‌سووڕێنی، تا دوێنێ وه‌ك ده‌نووكی مراوی زمانی گۆڕانخوازانی له‌ زێرابی یه‌كێتی وه‌رده‌دا و ئێستا له‌ ده‌ریای روونی هه‌مان حزبدا باسكی گۆڕانخوازیان پێ راده‌وه‌شێنێ، ئه‌و جه‌نگه‌ جنێوفرۆشیه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ نێوان دۆسته‌ دێریه‌نه‌كانی و تازه‌ گۆڕانخوازه‌كانیدا به‌رپای كرد، مێژوو له‌ نووسینه‌وه‌یدا به‌ده‌نگدێ.‌
یه‌كێتیه‌كان ئه‌وه‌ قسه‌ی من نییه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا و گۆڕانخواز و هه‌ڵسووڕێنراوه‌كانی وا ده‌ڵێن: یه‌كێتی گه‌نده‌ڵه‌، دز و جه‌رده‌ن، درۆ و دریاویان هه‌یه‌، درۆكان به‌تاڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌ و دراوه‌كه‌شیان لێده‌ستێنینه‌وه‌، ده‌یانبه‌ینه‌ به‌رده‌م دادگا و قووتی خه‌ڵك و سامانی گشتیان له‌ گه‌روو دێنینه‌وه‌ ده‌رێ، مام جه‌لال داهاتۆته‌وه‌ و پێڵاوی ئه‌تاتورك ماچ ده‌كات، مردووه‌ و له‌ به‌فرگردا هه‌ڵیان گرتووه‌.
ئێستا كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی رێككه‌وتووه‌ یان راستتر بڵێم یه‌كیان گرتۆته‌وه‌، نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڵێ: به‌و رێككه‌تنه‌ هاوسه‌نگی هێز له‌ كوردستان و ناوچه‌كه‌ ده‌گۆڕین، گۆڕانخوازانیش ئاگربه‌ستی جه‌نگی جنێوفرۆشیان راگه‌یاندووه‌ و كورد گوته‌نی له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵ و دز و جه‌رده‌كانی ناو یه‌كێتی (به‌ زارێك ده‌خۆن و به‌... ده‌ڕین) به‌ڵام سه‌رم له‌ پارتی سووڕماوه‌، بۆچی لێناگه‌ڕێ نه‌وشیروان مسته‌فا چۆنی یه‌كێتی گۆڕی پارتیش ئاوا بگۆڕێ، ئه‌وكات نه‌وشیروان مسته‌فا به‌و گۆڕینه‌ی ده‌توانێ هاوسه‌نگی هێز له‌ جیهاندا بگۆڕێ.
Top