پێشمەرگە و جەنگی تیرۆر

پێشمەرگە و جەنگی تیرۆر
برادەرێک بۆی گیِڕامەوە و گۆتی پێشمەرگەیەک لە کوردستان لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش ھەڤاڵانی خۆی تێگەیاندبووی کە ناتوانێ تەقە لە داعشەکان بکات. دیارە مەبەستی ئەوە بو کە ئەوان مۆسڵمانن و چۆن دەبێ مۆسڵمان بکۆژێت. ھەر ئەوەش پاڵی پێوەنام کە ئەم بابەتە بنوسم و ھەندێ لایەنی سایکۆلۆژیی ئەم دیدگایە بخەمە بەر باس و گفتگۆ.
ئێمە لێرە نامانەوێت بڵێین خۆزگە ئەو پێشمەرگەیە بەرامبەر بە خزمێک یان کوردێک کە بەھۆی کێشەیەکی تایبەت برایەکی ئەوی کوشتبێ ھەمان ھەڵوێستی دەبوو و ئەوە پیرۆزترین شت دەبوو. ھەروەھاش ئێمە مەبەستمان نیە بڵێین ئێمەی کوردستانی بە گشتی و پێشمەرگە قارەمانەکانی فەخر و شانازی بە کوشتنی مرۆڤەکان دەکەین. کەس بە قەدەر ئێمەی کورد زۆرداری و ستەمی لێنەکراوە بۆیەش بە وەبیرھێنانی کوشتن زۆر قەڵس و دڵگران دەبین ھەتاکو ئەگەر بەرامبەرمان دوژمنیشمان بێ. بەڵام ئەوەی ئێمەی پاڵداوە ئەو کارە بکەین تەنھا نەچارییە. نەچاری لەوەی کە ئەگەر بەرامبەرمان نەکوژین، ھەر کەسێک بێ، ئەوەتا ئەو یان ئێمە و منداڵانمان دەکوژێتن یان دەربەدەر و شاربەدەرمان دەکات و ئێمە لە دەربەدەری و ئاوارەیی بێزار و تێر بووینەتەوە. ھەرچەندە ئەوە بۆ زیاتر لە دوو اسڵ دەچێ جەنگە، بەڵام من نازانم ئێستا مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان چ فەتوایەکیان لە بارەی ئەم جەنگە داوە یان لەوانەیە من زۆر ئاگاداری نەبم. بەڵام ئەوەی بەنیازم بڵێم ئەگەر زۆرینەی کوردەکانی کوردستان و نەتەوەکانی تری مۆسڵمانیش بن، ئەوە ( جیھادی ) ڕاستەپینە جەنگە لە دژی داگیرکەران و ھەڵگەڕاوانی داعش. ھەرچەندە من مامۆستای ئایینی نیم ئەو فەتوایە بدەم و ئەوە دەبۆایە ئەوان بیاندابایە و بیدەن بەڵام ئەمە وەک ( ئیجتیھادێک ) لە قوڵایی دڵمەوە دەڵێم، جا ھەر کەس و لایەن دڵی پێ زوور دەبێ کەیفی خۆیەتی و با ئەوەی لە دەستی دێتن بکات.
مەسیح (س) لە فەلسەفەی ژیانیدا شوێنکەوتوانی خۆی فێری ئەوە دەرکرد کە " ئەگەر کەسێک زلەیەکی لە لای چەپی دەم و چاوت دا لایەکەی تریش بگرە تا زلەیەک لەویش بداتن". بەڵام ئایینی ئیسلام بەپێچەوانەوە ( قێاێی) تێدایە و ڕێگە ناداتن مرۆڤی مۆسڵمان ملکەچی زۆردار و داگیرکەر بێ بەڵکۆ دەبێ بەرگری لە خۆت بکەی.
لە لایەکی ترەوە کێ و کام یاسا و ڕێسا و بنەما و دەستوور چەتەکانی داعش و ھاوشێوەکانی ئەوان لە جیھان بە مۆسڵمان و پارێزەرانی ئیسلام لە قەڵەم دەداتن؟ ئایا چونکە ئەوان ئڵایەکی ھەڵگرتووە و دوو چەمکی ئیسلامیانەیان تیایدا نوسراوە؟ ئایا ئەوە واتا ھەموو شتێک و واتا ئەوان مۆسڵمانن؟ ئەی ڕەفتارەکانی تری ئەوان چی؟؟ ھاتنی محەمەد پیامبەر( س) بۆ نێو بەرپەڕەکانی مێژوو و دابەزینی قۆرئان زۆر بەھای جوانی ھێنایە نێو ڵاپەڕەکانی شارستانیەت کە تا ئەو کات بوونیان نبوو. لێرە دا و لەم گۆتارە کۆرتە دا دەرفەت بۆ ھێنانی نموونەکانی نیە.
دیسانەوە دەگەڕێمەوە سەر باسەکەی خۆمان. ئەگەر بە چاوێکی وردتر و لە ڕوانگەی زانستەکانی سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی و مێژوویی تەماشەی ڕەفتارو کردار و ھەڵسوکەوت و دید و بۆچوونەکانی چەتەکانی داعش بکەین بە ئاشکرایی دەبینین کە، بەپێچەوانەی ئەو قسە و قسەلۆکانەی کە بە دەزگا سیخۆڕییەکانی ڕۆژئاوا وە دەیانبەستن، ئەوانە کۆمەڵێک دڕندەی خوێنمێژن کە بە بۆیاغێکی ئیسلامی ئەو ڕەفتارانەیان ڕەنگداوە و ئەوەش بۆ ھەڵخەڵەتاندنی جیھان و کۆمەڵگای ئیسلامی و ڕاکێشانی سەرنجی ئەوان و بەڵکۆ ڕاکێشانی ژمارەیەک لەوانەیە بۆ نێو ڕیزەکان و بازنەی خۆیان. و نابێ نکۆڵی لەوە بکرێ کە ئەوان لێرەوە تاڕادەیەک، ھەر چەند کاتیش بێ، سەرکەوتوو بوون و بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ھاتنی چەندەھا مرۆڤی ھەڵخەڵەتاوی مۆسڵمانە لە گۆشە و کەنارەکانی جیھان و وەڵاتانی ئیسلامی ڕوویان لەو ڕێکخراوە کرد، بەڵام شۆکر بۆ گەورەیی خۆای بەخشندە زۆرینەیان لەو جەنگەدا کوژران یان خۆدی ڕێکخراوەکە بە بیانۆی جیاواز کوشتنی و بە کۆشتنی دان و جیھان لە بوونیان ئاسوودە بوو و جێگەیان بووە دۆزەخ. زۆربەی زۆری ئەو چەتانی عەرەبن و ھێشتان لە دەریای ئەو فەلسەفەیە دا مەلە دەکەن کاتێک کە لە نێوان ھۆزە بیابانیەکانی عەرەبستان و ھۆزی دەستھەڵاتداری قۆڕەیش ململانێی ھزری و ئابووری و دەستھەڵات لە ئارادا بوو ھۆزی قۆڕەیش بە شێوازی جیاواز ھەوڵی دەدا کە بەسەر ھۆزەکانی تر دا زاڵ بێ. ئەوانە نەقسەی منن و نەبۆختانن! لاپەڕەکانی مێژوو و خۆدی ڕۆشنبیرەکانی عەرەب باشترین و زیندووترین شایەتی ئەو چەندەن. ھەرچەندە ھاتنی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش، کە بۆ لە ناوبردنی ئەو داب و نەریتانە بوو، نەیتوانی تاماوەیەکی درێژخایەن بەیەکجاری بنبڕیان بکات و زۆرێک لەو بنەما و یاسا و داب و نەریتانە بە تێپەڕبوونی کات پەیتاپەیتا دیسانەوە ھاتنە ناو کەلتوور و فەرھەنگی ئیسلام و ماوە ماوە ئەو بەھایانە لە سایەی ھاندانی ھەندێ کەس و لایەنی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و زانستی سەریان ھەڵدەدا و ئێستا ئەو بەھا و داب و نەریتانە لەشێوازی ڕەوت و ڕێکخراوی وەک وەھابی و ئالقاعیدە و تالیبان و لە دوایین قۆناغیشدا داعش بەدەردەکەوتن و ستەمێکی گەوریان لە مرۆڤایەتی کرد.
ئێمە جگە لەوەی کە ھۆشداری دەدەینە کەسان و پێشمەرگەی کە لەو ڕوانگەیەوە بیر دەکەنەوە، و پێیان ڕادەگەینین کە ئەو جۆرە فەلسەفەیەی ژیانیان و بیرکردنەوەیە جگە لە زیانەکانی بۆ کۆمەڵگای ستەملێکراوی کوردستان و کوردەواری، بۆ خۆدی خۆشیان زیانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیای بەدواوەیە. چونکە ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە لە ئاکامدا ئەو کەسە دەخاتە مەترسی تووشبوون بە ململانێ و ئێش و ئازاری دەروونی و دووریش نیە لە ئاییندەیەکی نزیکدا تووشی نەخۆشیی دەروونی وەک خەمۆکی و شیزۆفرینیا ( پەنجەشێری دەروونی ) و لە ئاکامدا تووشی خۆکۆشتنیان بکات. با مرۆڤ ھەموو شتێک لە پیوەر و چاویلکەی ئایینەوە تەماشە نەکاتن. ھەرچەندە کە ئایینیش لە پشتی زۆرداران نیە و نابێ، بەڵام با ئێمە تۆزقاڵێکیش بە چاوی لۆژیک و مێنتالیتەوە ( مەنتیق و عەقل ) تەماشەی بابەتەکە بکەین. کەس بە قەدەر پێشمەرگە ڕاست و دروست نیە و کەس بە قەد کوردستانیان ستەملێکراو نیە. کەس بەقەد پێشمەرگە لە پیرۆزی مرۆڤایەتی و ڕۆحی مرڤەکان تێناگاتن. کەس بەقەدەر پێشمەرگە خواناس و خواترس نیە و لە سەرووی ھەموشیانەوە فەرماندەی ھێزی لەشکەری کوردستان، جەنابی سەرۆک بارزانییە، کە سیمبۆلی ئیسلامەتی و خواپرستی و ڕێزگرتنە لە بەھا و داب و نەریت و بنەماکانی ئەم ئایینە و گشت ئایینەکان. کەس بەقەد پێشمەرگە بڕوای بە مافی ڕەوای خۆی و نەتەوە و کوردستانەکەی نیە. کەس بەقەد پێشمەرگە مرۆڤەکانی پێ پیرۆز نیە. کەس بەقەد پێشمەرگە ڕێز لە گەلان ئایینیان و و بیروباوەر و نەتەوە جیاوازەکان ناگرێ. کەس بەقەد پێشمەرگە نرخ بۆ گیانی مرۆڤەکان دانانێ چونکە پێشمەرگە بڕوایەکی تەواوی بەوە ھەیە دان و ستەندنەوەی گیان تەنیا ئەرکی خۆای گەورە و میھرەبان و بەخشندەیە و جگە لەو ھیچ کەس و لایەنەکی تر بۆی نیە ئەو مافەی لێ زەوت بکات. بەڵام داعش و تیرۆریستان بەم شێوەیە بیرناکەنەوە و وا پیشان دەدەن پشتیان بە ئیسلام و قۆرئانەوە بەستووە، بەڵام ڕاستیەکە وا نیە. ئەوان دوورن و بێبەشن لە بەھا ئیسلامی و مرۆڤیەکان و بنەماکانی قۆرئان و گۆتارەکانی پیغەمبەرەکەی. کەس بەقەد پێشمەرگە بڕوای بە ھێز و شیان و دەست و باسکەکەی خۆی نیە. ئەوەتا جیھان بە ھەموو ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و لۆجستیکی و لەشگەرییەی خۆی بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنێ، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانمان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەن و ئەگەر کۆمەڵێک ئاستەگ و ھاوکێشەی نەخۆازراو و گوشاری دەرەکی و ناوخۆیی نەبۆایە، بێگۆمان لە مێژینە بوو داعشەکان کوردستان و جیھان بەدەر دەکران. پێشمەرگە نەک تەنیا بەرگری لە خۆی ناوچە و خەڵک و نیشتمانەکەی، کوردستان، دەکاتن، بەڵکۆ وەک سەرۆک بارزانی دەفەرمووتن" لە جیاتی ھەموو جیھان جەنگی تیرۆر دەکاتن". بەڵام لە جەپھەی بەرامبەردا، تیرۆریستانی ڕەشپەرێستی چەتەی داعش، بە ھاوکاری وڵاتانی دوژمن پەلاماری کوردستانیانیان داوە و داگیرکەرن، بۆیە کوشتنیان لە کوشتنی مریشکێک حەلالترە و ئەرکی سەرشانی ھەر تاکێکی کوردستان و جیھانە و ھەر کەس سڵی لێبکاتن ئەوتا یان لەوانە و یان بەر نەفرەتی مێژوو و ( عەزابی وێژدان ) و ( عەزابی جەھنەم ) دەکەوێ و با ھیچ کەس لەو چەندە بەگۆمان نەبێ کە ئەو لە سەر ڕێبازێکی ڕاستە و داعشەکان ھەڵەن، ھەتاکو ئەگەر بەناوی ئیسلامیشەوە قسە بکەن، چونکە ئەوان ھیچ لە فەلسەفەی ڕاستەقینەی ئیسلام، کە بریتیە لە ئاشتی و تەناھی، تێناگەن. ئەی شێرە پێشمەرگەکانی کوردستان! بیانکۆژن و بزانن ئێوە ڕاستن و ئەوان درۆزن و دووڕوون. تۆ ( جیھاد ) دەکەی و بەھۆیەوە جیھان و مرۆڤایەتی دەپارێزی و ئەوان مرۆڤ سەردەبڕن و تالان و وێرانی دەکەن.
بۆ زانیاری زیاتر با خوێنەران سەردانی ماڵپەڕەکانی ڕۆژنامەکانی "وار" و " ئەڤرۆ" بکەن کە گۆتاری تری پەیوەندار بەو بابەتە و لە نوسینی نووسەر تیایدا ھاتووە:
- تیرۆر و ڕۆژئاڤا، ڕۆژنامەی " ئەڤرۆ"، ژمارە ( ١٦١٥) لە ( ٣١/٣/٢٠١٥) لاپەڕە( ١٢).
- نامەیەک بۆ تیرۆریستان، ڕۆژنامەی " وار"، ژ.(١٣٠٣) لە ( ٦/٤/٢٠١٥) ل. (٦ ).
- پێشمەرگە و جەنگێ داعش و نەساخیێن دەروونی، ڕۆژنامەی " ئەڤرۆ"، ژ. ( ١٨٢٤) لە ( ١٦/٢/ ٢٠١٦) ل. (١٢).
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ




Top