تۆرانیزم و بێشکچی

تۆرانیزم و بێشکچی
کورد لە خۆ ڕا نەیووتووە" ئەوێ گرتی ب شیری بەرنادەتن ب پیری"، و ئەوە تەوەری سەرەکیی یەکێک لە بەناوبانگترین ڕێبازەکانی سایکۆلۆژیا واتە فرۆیدیزمە. بەڵام ھەر ئەو بنەمایەی دروسبوون و گەشەی کەسایەتی لای فرۆید لەسەر گەشەی وڵات و نەتەوەکانیش دەچەسپێ. بە واتایەکی تر ھەن ئەو نەتەوانەی کە مێنتالیتەی سیاسیان ھەرگیز و بەدرێژایی سەدان ساڵیش گەشەی نەکردووە.ئەوەتا مێژوو پێمان دەڵێ کە چۆن تۆرانیەت بە سەرکردایەتی چەنگیزخانی مەغۆلی و بەھۆی برس و حەزە لە بن نەھاتووەکانی، لە دەشتایەکانی وڵاتەکەی بەسەر جیھاندا گرتیان و پاش کاوڵکردن و سوتاندنی لادێ و شارەکان، ھێواش ھێواش خۆیان خزاندە ئەو شوێنانە و لێی نیشتەجێ بوون و ئێستا زۆربەی ئاسیای ناوەڕاستیان لە دانیشتووە ڕەسەنەکانیان کە تاجیک و فارس و پۆشتوویە ئارییەکان بوون سەندووە و ھەروەھاش لە دیوەکەی تری دەریای قەزوینیش بە ھەمان شێوە تورکیا و ئەزەربایجان و شوێنەکانی تریان لە دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کە ڕۆمیەکان و ئەرمەنە ئاریاییەکان و کورد و فارس و ئەورۆپیەکانی تر بن خاوێن کردووە و لێی نیشتەجێکراون. دیارە لە دوای چەنگیزخان و کۆڕەکانی تۆرانیەکانی تری وەک ھۆلاکۆ و تەیموور لەنگ و سەلجوقیەکان و ھەتاکو دواتریش کە تورکە ئۆسمانیەکان بن بە زەبری کۆتک خەڵکەکەیان نەچار کرد ملکەچی فرمان و داخوازییەکانیان ببن و ئەوەی لە ھەموویان بە ئێش و ئازارتر بوو ئۆسمانیەکان بوون کە لە لایەک ماوەی دەستھەڵاتیان زۆری خایاند و خۆی لە ژیاتر لە چوار سەد ساڵ دا و لە لایەکی تریشەوە ئەوان بە فڕت و فێڵەوە ھەموو ڕێگاکانیان دەقۆست تا دەستھەڵاتی خۆیان بسەپێنن و ( شەرعیەتی ) پێبدەن. بۆ ئەم مەبەستەش ناوی ئیسلام و ئایینە پیرۆزەکەی ئیسلام و بە تایبەت قۆرئانی پیرۆزیان وەک گەورەترین چەک بەکارھێنا، لە کاتێک کە مێژوو پێمان دەڵێ خەلیفە و دەستھەڵاتدارەکانی ئەوان لە ھەموو سنووری خەلافەتی ئۆسمانی لە چەواشەکارترین و پیسترین مرۆڤەکان بوون و ھیچ بنەمایەکی ئیسلام لە ناخ و دەروون و سایکۆلۆژیای کەسایەتی و کۆمەڵایەتی ھیچ یەکێکیان بەدی نەدەکرا و ئەوان گەورەترین تاوانەکانیان لە دژی مۆسڵمان و غەیری مۆسڵمانەکان بە ڕەوا بینیوە. ئەوان بە ھزاران شێوە و بە ھەڵخەڵەتاندنی ھزاران مامۆستا و زانا و لایەن و کەسایەتی ئایینی و مەزھەبی ھەوڵیان دا کە شوێن پێی خۆیان بەھێز و قوڵتر بکەن و لەم ڕێگەیەش زۆر کەسی چڵکاوخۆر ھەبوون یارمەتیانی داون. لەو سەرکەوتنانە دا زۆر لایەنی مۆسڵمان و نامۆسڵمان ھاوکار بوون. ئەورۆپیەکان ھەر کاتێک کە دەیدیت ئەستەمبۆڵ و خەلیفە لاواز دەبێ و پاشای نەخۆشی ئۆسمانی خەریکە لەناو دەچێ، ھەر یەکە و ( ڕوسیا، فرەنسا، بەریتانیا، ئیستالیا، و ئەڵمانیا و ... ھتد) لە لای خۆیەوە و بە پێی بەرژەوەندییەکانیان قۆرچێک دەرمانیان پێ دەدا و لە مردن ڕزگاریان دەکرد. لە لایەکی تریشەوە پیاوە ئایینیەکان لە ویلایەتە مۆسڵمانەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان دەگێڕا لە ھێشتنەوەی ئالی ئۆسمانیەکان لە سەر دەستھەڵات دا و بۆ ئەو چەندە لە دەستکەوتە مادیی و کۆمەڵایەتیەکان و لەسەر پشتی توێژە ھەژارەکانی ناوچەکانیان بێبەش نەدەکران. بەھانەی ھەرە گەورەی ئەوان ئەوە بوو کە ئۆسمانیەکان خەلیفەن و جێگری پێامبەر و خەلیفەکانن و مۆسڵمانن و گۆێڕایەلیان ئەرکی مۆسَلمانانە. ئەوان دیوەکەی تر واتە ئەورۆپیەکانیان، وەک ھەمیشە و ئێستا بە کافر و دوژمن دەھەژمارد و ئەو مێنتالیتە شکستخواردووە بەسەر مێنتالیتەی لۆژیکانە و بابەتیانەی ھزر و بیرکردنەوەیان زاڵ بوو، لە کاتێکدا کە ئۆسمانیەکان لە ھەموو کەس و لایەن و وڵاتێکی ئەورۆپی زیانی زیاتری بۆ ھەموو لایەکیان ھەبوو، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەدەدیت. زۆر سەیرە! ئەوان لەبەر ئەم ھۆکارە چاوپۆشیان لە ھەموو زۆرداری و ستەمەکانیان دەکرد کە نەک تەنیا لە وڵاـانی ئەورۆپی و مەسیحیەکان و نەتەوە نامۆسڵمانانیان دەکرد، بەڵکۆ زۆرداری ئۆسمانیەکان بەرامبەری خۆدی خۆشیان لە بیر دەکرد لە بڕی ئەو بیروباوەرە و بۆچوونەیان. ھەر ئەم چەندەش بووە ھۆی ئەوەی کە ئۆسمانیەکان ئەوەندەی تر لە زۆرداری و ستەمکردنیان لە گەلانی جیھانی ئیسلام و مەسیحیەت بەردەوام بن و مێژوو تاوانەکانیان لە قۆناغە جیاجیاکان لە یاد ناکاتن. ئەوان لە سایەی ئەم دید و بۆچوونە ساویلکەیەی مۆسڵمانان تووشی ( غرور) ێکی گەورە ببوون و خۆباییبوونێکی واھا گەورە دایگرتبوون کە تەنانەت منداڵەکانیش ھەستیان پێدەکرد، ئەوە ھەمان ئەو دۆخەیە کە لە سایکۆلۆژیا دا پێی دەگۆترێتن " جێگیری یان نەگۆڕی" (fixation) و ئاماژەیەکە بۆ گەشەنەکردنی لایەنێکی پێکھاتەی سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی لە مرۆڤدا، و بەلگەش بۆ ئەم قسەیە سەدان نموونەن کە لێرەدا ئێمە تەنھا ئاماژە بە یەکێکیان دەکەین: عەلی وەدی کۆمەڵناس دەنوسێتن کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ( ١٩٠٨) دوای مانگێک لە ڕاگەیاندنی دەستوور لە لایەن سۆڵتانی ئۆسمانی، نووسەرێکی بەناوبانگی تورکیا، واتە حۆسێین جاھید، لە ڕۆژنامەی ( تەنین ) دەڵێ کە " تورک لە ئیپراتۆریەتی ئۆسمانیدا بۆ ھەتاھەتایە نەتەوەی دەستھەڵاتدار دەبێ و ئەوەش چونکە ئەوان نەتەوەی براوەن ( فاتحن) ومافی تایبەتی خۆیانە، و بۆ دانپێدان بە مافی نەتەوەکانی تر ھیچ جێگەیەک نیە، و دەستووری ئۆسمانی ھەتاھەتایە دەستوورێکی تورکی دەبێ"( ١: ل. ٢٠٥).دەکرێ بەئاشکرایی و بە بۆێری ئەوە بگۆترێ کە ئەمە ھەڵوێستی ھەر تاکێکی تورکیای ئۆسمانی ئەو کات و ئێستایە بەرامبەر بە نەتەوەکانی تر، جا لە ھەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و ئەکادیمی دا بێ. و دەربازبوونی کات ھیچ کاتێک ھیچ گۆڕانی بەسەر ئەم ھەڵوێستەدا نەبووە و نابێت. ھەرچەندە نکۆڵی لەوە ناکرێت کە ھەن کەسانێکی ڕۆشنبیری وەک ئیسماعیل بێشکچی کە نایانەوێ ئەو مێنتالیتە بۆگەنە بوونی ھەبێ بەڵام تورکیایەکی ( ٥٠-٦٠) مەلیۆن تۆرانی لێ بێ، ئایا چەند بێشکچی تیایدایە؟ بێگۆمان ژمارەیان لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێپەڕ ناکات.
ئەوەی مەبەستمانە لێرە بڵێین ئەوەیە کە ھەن کەسانێک خۆزگەی ئەو ڕۆژگارە دەخوازن کە کوردستان لە ژێر چەتری ئۆسمانیەکاندا بوو. ڕاستە لە سەردەمی ئێستا دا ھەندێ بەرژەوەندی ئابووری ئێمەی ناچارکردووە ھەندێ جار بیر لەو ڕۆژگارە بکەین، بەڵام نەک ئیسلامبوونەکەی ئۆسمانیەکان و تۆرانیزم و تورکەکان ئەو ئیسلامە ڕاستەقینەن کە مافی ئێمەی کوردستانیان تیایدا پارێزراو بێ ئێمە بتوانین بڕوایان پێبکەین. چونکە (fixation)ەکە ھێشتان مێنتالیتە و گەشەی کەسایەتی سیاسی تورکی بەرنەداوە و چاوەڕوانیش ناکرێت بەم نزیکانە بەری بداتن. وەک دیارە و ئێستاش ڕۆژەکان پیشانمان دەدەن مێنتالیتەی تۆرانیزمی چەنگیزخان و ھۆلاکۆ و تەیوومرلەنگ و و سۆڵتان سەلیم و عەبدولحەمید و ... ھتد، ھەمووی وەک یەکە، و ئەویان " بووزی " بوو و ئەمەیان بۆوەتە " مۆسڵمان"! بەڵام سەد خۆزگە بە وەی کە ئێمە لە جیاتی خۆزگەخواستن بە دەستھەڵاتی ئەوان دەستھەڵاتی دیمۆکراسیانەی ئەورۆپیەکانمان تاقیکردبایە و بدیتبایە. ئەو کەلتوورەی کە لە دوای ڕاپەرینی فەرەنسا چەمکەکانی دیمۆکراسی و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ لە زۆر لە چەمکەکانی کەلتوور و فەرھەنگی مۆسڵمانەتۆرانیەکانی دوێنێ و ئیمڕۆ بەواتاتر و لە ڕاستیەکان نزیکترن. ئەوە وڵامێکە بۆ ئەو کەسانەی کە خۆزگە بە دەستەھڵاتی ئۆسمانیەکان دەخوازن و وادەزانن کە لە پێناو ژیان و بەختەوەری تەنیا ھەبوونی ماسکێکی مۆسڵمانیەتی بەسە. گۆایە ئەوان نابینن ئەمرۆ لە سایەی ئەو ناوە پیرۆزە چەند زۆرداری لە مرۆڤایەتی و شارستانیەتەکەی دەکرێت. ب
سەرچاوە:
(١) الوردی، علی (١٩٧٢ ). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق-( ١٨٧٦-١٩١٤)، الجزء الپالپ، بغداد، ( ٣٨٤ ) ێ.

*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ


Top