مافی چارەی خۆنووسین ، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد لە عێراق دا

مافی چارەی خۆنووسین ، وەک چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد لە عێراق دا
مافی چارەی خۆنووسین لە یاسای نێو دەوڵەتی دا چەمکێکە بە مانای دەرەفەت ڕەخساندن دێت بۆ گەل و نەتەوەکان، تاکو لە ڕێگای پیادەکردنی ئەم مافە بتوانن بڕیار بدەن لەسەر دیاریکردنی شێوازی دەسەڵات و چۆنیەتی جێ بە جێ کردنی بە شێوەیەکی ئازادانە، بی َ ھیچ دەست تێوەردانێکی دەرەکی . ئەم مافە پرەنسیپێکی یاسایی دیموکراسیە،یەکێکە لەو پرەنسیپە سەرەکیانەی کە یاسای نێو دەوڵەتی ھاوچەرخ پشتی پێدەبەستێت .مافێکە لە ڕەوا بوون دا پشت بە بەڵگەنامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و چەندین بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی تر دەبەستێت، ھەر بۆیەش لەبەر ئەم ھێزە یاسایی و شەرعییەی کە بەم مافە دراوە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتەکانە کە رێز لەم مافە بگرن و خۆیان بە دوور بگرن لە بەکارھێنانی ھێز بۆ بێ بەشکردنی نەتەوەکان لە پراکتیزەکردنی ئەم مافە یاخود دەست وەردان لە کاروباریان دا .
بنەچەی بەکارھێنانی ئەم چەمکە دەگەرێتەوە بۆ ( ودرۆ ویڵسن ) ی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، لەو کاتەی کەوا چواردە بنەمای ئاشتیانەی پێشکەش بە کۆنگرێسی ئەمریکی کرد لە ساڵی (١٩١٨) دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم ، کە تیایدا باسی لە پێدانی مافی چارەی خونووسینی کردبوو بەم نەتەوانەی کە لە ژێر دەستی ئیمبراتۆریەتەکان دا بوون .
دوای دروستبوونی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەم مافە لە پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان دا جێگیر کرا، دواتر نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگای ڕاپۆرتی ( کریستکۆ) لە ساڵی(١٩٨١) چەند مەرجێکی بڵاوکردەوە بۆ ئەو گەلانەی کە دەیانەوێت ئەم مافە پیادە بکەن کە ئەوانیش بریتی بوون لە:
١- بوونی زمان و ڕۆشەنبیری و ئایین و مێژووی ھاوبەش .
٢-بوونی ھەرێمێکی ھاوبەش .
٣-پاراستنی بنەما نەتەوەیی و خودییەکان.
بە پێ ی ئەم مەرجانە وە بە پێ ی ئەم پێوەرانەی کە لەلایەن دادگای دادی نێودەوڵەتی یەوە بۆ مەرجەکانی ئەم ڕاپۆرتە زیاد کراون گەلی کورد ھەموو ئەم مەرج و ڕەگەز و پێوەرانەی تیادایە کە دەیکات بە گەلێکی خاوەن دەوڵەت .
ئارەزوو و ھەوڵەکانی گەلی کورد لە پێناو بە دەستھێنانی مافی چارەی خۆنووسین دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی (١٩١٦) . لەو کاتەی کە کوردستانی باشوور بە ویلایەتی موسڵ ناسرابوو وە بەشێک بوو لە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی . دوای کۆتایی ھاتنی جەنگی جیھانی یەکەم و لاوازبوونی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی ، دەوڵەتە زلھێزەکانی وەک ( بەریتانیا، روسیا، فەرەنسا) ھەوڵی دووبارە دابەشکردن و داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەراستیان دا لە رێگای مۆرکردنی ڕێکەوتناممەی سایکس بیکۆ لە ساڵی (١٩١٦). دوای خستنە بواری جێ بە جێ کردنی ئەم ڕێکەوتنامەیە کوردستانی باشوور بوو بە بەشێک لەو پشکەی کە بەر فەرەنسا کەوتبوو ، بەڵام دواتر بەریتانیا لە رێگای بەکارھێنانی چەند رێگا و شێوازێکی دیبلۆماسیانە لەگەڵ فەرەنسا توانی کوردستانی باشوور بخاتە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆی .
ڕێکەوتنامەی (سایکس بیکۆ) ھەر تەنھا بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردی نەخستە مەترسیەوە، بەڵکو بە ھۆکاری سەرەکی دابەشکردنی خاکی کوردستان دادەنرێت . بە درێژایی حوکمی ئینتدابی بەریتانیا بۆ سەر خاکی عێراق بە ھۆی چاوپۆشین و جێ بە جێ نەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە ئینگلیزەکان و دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق بە کوردیان دابوو ، بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکانی گەلی کورد ھەمیشە لە ھەوڵی دروستکردنی قەوارەیەکی سیاسی دا بوون بۆ کورد بە ھەردوو شێوازی ئاشتیانە و بەکارھێنانی ھێز ،شۆرشەکانی (شێخ مەحمودی حەفید) لەم سەردەمەدا باشترین بەڵگەن لەسەر ئەمە .
دوای نەمانی ئینتیدابی بەریتانی لە خاکی عێراق دا،لەگەڵ ئەوەی کورد ڕۆلێَکی کارای گێرا لە لاوازکردنی دەسەڵاتی ئینگلیزەکان وە لە پێناو بەدەستھێنانی مافەکانی دا زۆر ئاشتیانە ھاوکاری حکومەتی عێراقی کرد بۆ دوورخستنەوەی دەسەڵاتی ئینگلیز و خۆ یەکخستنەوە و دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ ، بەڵام سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق لەھەمبەر کورد ھەمیشە سیاسەتێکی سەرکوتکارانە بوو، سیاسەتێک کە ھەڵگری زمانی توند و تیژی و ڕەتکردنەوەی کلتوور و مێژوور کوردی تیادا بەرجەستە بوو، تەنانەت لە دەستوورەکانیش کورد نەتەوەیێکی ماف پیشێلکراو بوو بۆ نموونە ئەگەر بگەرێینەوە سەر دەستوورەکانی عێراقی وەک دەستووری ١٩٥٨،دەستووری کاتی ١٩٦٤،دەستووری کاتی١٩٧٠،دەبینین ئەم دەستوورانە بە چەند دەقێک زۆر بە ڕوونی ئاماژە بە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن ، ئەمەش مانای ڕەتکردنەوە و پشت گوێ خستنی دۆزی گەلی کورد دەگەیەنێت وەک نەتەوەیێکی خاوەن (خاک ، زمان،مێژوو،کلتوری ھاوبەش) .
تەنانەت لە کاتی دەسەڵات گرتنە دەستی (حیزبی بەعس) یش دا ، پرسی کورد ھەر بە کێشەیێکی چەقبەستوو مایەوە، ڕژێمی بەعس بە درێژایی (٣٥) ساڵی حوکمڕانی دژایەتی نەتەوەی کوردی کرد و ھەوڵی سەرکوتکردنی بزوتنەوە ڕزگاریخوازە کوردییەکان و لاوازکردنی پێگەی سیاسی کوردی داوە ، ھەمیشە وەک نەتەوەیەکی یاخیگەر سەیری نەتەوەی کوردی کردووە . ھەر بەمەش نەوەستاوە بەڵکو ھەوڵی بە عەرەب کردن و تواندنەوەی گەلی کوردی داوە لە رێگای ئەنجامدانی چەند تاوانێکی گەورەی دژ بە مرۆڤایەتی وەک (کیمیاباران،ئەنفال،تەعریب و ڕاگواستن،...) . ئەم ماڵوێرانیانە چەند ڕاستیێکن کە لە رابردوو دەنگیان دێت و تا ئێستاش لە گوێچکەکانمان دەنگ دەدەنەوە .
دوای ڕووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) لەلایەن ئەمریکا و لە ئەنجامی ھەوڵە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمریکا بۆپاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کورد نەیتوانیووە زەمینە ساز بکات بۆ پرسی بە دەوڵەت بوون .تەنانەت لە زۆربەی کاتدا وەک پێکھاتەیەکی عێراق رۆڵێکی باشی گێراوە لە ھێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی بارودۆخی سیاسی عێراق ، ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێم ( مەسعود بارزانی ) لە پێناو چارەسەرکردن و تێپەراندنی قەیرانە سیاسیە کان بە تایبەت لە نێوان ھەردوو پێکھاتەی عێراق ( شیعە و سونە) بەڵگەن لەسەر ئەمە.
بەڵام کارکردن بە گیانێکی برایەتیانە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغدا و بەژداریکردن لە بڕیاری سیاسی ھەرگیز کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبووە کە لە بەرژەوەندی کورد دا بێت ، بەڵکو ھەڵوێستی دەسەڵاتدارانی عێراق لە ھەمبەر کورد ھەمیشە ڕەنگدانەوەی ئایدیۆلۆژیایێکی دژایەتیکارانەی کۆن بووە ، ئاشکراییانە بە پێ ی دەقە یاساییەکان کۆسپ و تەگەرەیان خستۆتە بەردەم گەشەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکانی کوردستان ، چەند پرسێکی گرنگی وەک ( نەوت ، بودجە ..) یان وەک کارتێکی فشار بەرامبەر کورد بەکارھێناوە، جگە لەمەش شێوازی سیاسەتی دەسەڵاتدارانی عێراق سیاسەتێکی تاکڕەوانە بووە ، ئەم ڕاستیە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانی پێشوو ( نوری مالکی) و سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق ( حەیدەر عەبادی) دا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت، ئەم گۆرانکارییانەی دوایی و پێکھێنانی کابینەی نوێ ( حکومەتی تەکنۆقراتی) کە عەبادی ناوی ناوە چاکسازی زیندوترین نموونەن لەسەر بوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەوی لە عێراق دا ، دەسەڵاتێک کە ھەموو جومگەکانی حکومەتی پەک خستووە و تاکڕەوانە بریار دەدات و شەرعیەت دەدات بەم دەسەڵاتەی کە ئاستەمە جگە لە سیستەمی سیاسی عێراق لە وڵاتێکی تر بەدی بکرێت .
ئاماژەکردن بەم باگڕاوندە سیاسیەی سیاسەتی حکومەتی عێراقی لە ھەمبەر کورد دا دەمانگەیەنێتە دەرەنجامی ئەوەی کە گەلی کورد مافێکی ڕەوای خۆیەتی و کاتی ئەوە ھاتووە کە بیر لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بکاتەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیەنێت ، جگە لەو پێوەر و ڕەگەز و مەرجانەی کە بە پێ ی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پەیماننامە نێو دەوڵەتیەکانی تر و یاسای نێو دەوڵەتی کە مافی چارەی خۆنووسین دەدەن بە نەتەوەی کورد ھەندێ ھۆکاری تریش ھەن کە دەشێت بە شێوەیەکی نا ڕاستەوخۆ کاریگەرییان ھەبێت لەسەر ئەم پرسە چارەنووس سازە کە ئەوانیش بریتین لە :
١- سەرنەکەوتنی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە دوای ڕووخانی ڕَژێمی بەعس لە ساڵی (٢٠٠٣) دا لە پاراستنی یەکڕیزی پێکھاتەکان و یەکپارچەیی خاکی عێراق
٢- بێ ئومێدبوونی کورد لە دەسەڵاتدارانی عێراق لەم بەڵێن و پەیمانانەی کە ھەر لە ساڵی (٢٠٠٣) بە کوردیان داوە و تا ئێستاش جێ بە جێ یان نەکردوون ، ئەمەش وایکردووە کە ئیتر کورد متمانەی بە برایەتی کورد و عەرەب نەمێنێت و بگاتە ئەو ڕاستیەی کە مەسەلەی برایەتی و بەیەکەوە ژیان لە عێراق لە دروشمێک زیاتر ھیچی تر نیە .بۆیە ئیتر پێویستە بیر لە ئایندەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بکاتەوە بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی دا بێت و لە ڕێگایەوە بتوانێت مافە ڕەواکانی گەلەکەی بەدەستبھێنێت ، باشترین ڕێگا چارەش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم مەسەلەیە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردییە بە شێوازێکی دیموکراسیانە لە ڕێگای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم .
٣_ حوکمڕانی لە عێراق دا خۆی لە دەسەڵاتێکی تاکڕەوی دەبینێتەوە ، بە شێوەیەک کە دەسەڵاتدار مافی پێکھاتەکانی تری عێراقی پیشێل کردووە و پەراوێزی خستوون لە بەژداریکردن لە بڕیاری سیاسی و مەسەلە چارەنووس سازەکان دا .
٤- سەرکەوتنی پراکتیزە کردنی سیستەمی فیدرالی و ئەزموونی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان بە درێژایی ھەر حەوت کابینەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ، کە دەکرێت ئەمە وەک بەڵگەیەک سەیری بکرێت لەوەی کە کورد سەڕەرای ئەو ھەموو نەھامەتی و قەیرانانەی کە ڕووبەرووی بۆتەوە توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر قەیرانەکان و خۆی بەرێوەببات ، ئەم ئەزموونە سیاسیە نیشانمان دەدات کە کورد سەرکەوتوانە ئیدارەی کوردستای کردووە ،تەنانەت لە پەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکانیش دا زۆر جار وەک دەوڵەتێک مامەڵەی کردووە و وەک دەوڵەتێکیش لە لایەن دەوڵەتانی تر مامەڵەی لەگەڵ کراوە .
کەواتە فاکتەرە ناوخۆییەکان،ئەو فاکتەرانەی کە دەوڵەت دروست دەکەن بوونیان ھەیە لە نەتەوەی کورد،زەمینە سازیێکی باش بۆ کورد ڕەخساوە کە خەونی بە دەوڵەتبوون بکات بە ڕاستی ، ئەوەی ماوەتەوە کە ئێستا کاری لەسەر بکرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت ئەو لێکترازانەیە کە کەوتۆتە نێوان پارتە سیاسیە کوردییەکان . کورد خاوەن بەھێزترین پێوەرەکانی بە دەوڵەت بوونە بۆیە ناکرێ ئەم پرسە چارەنووس سازە بە ھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییە حیزبیەکان چیتر دوابخرێت ،ئێستا کورد لە ھەموو کاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و یەکخستنەوە و کوردستانێکی یەکگرتوو ھەیە ،ئیتر دەبێت دەسەڵاتدارانی حزبی دەست ھەڵبگرن لە سیاسەتی سەرکەوتن و دۆڕان و بە ھەستێکی نەتەوەییانە بەژداری بڕیاری سیاسی بکەن، وە ئەرکی ھەموو تاک و لایەن و پارتێکی سیاسیە کە بەرژەوەندی کورد لە سەرووی بەرژەوەندی حزبی دابنێت ، و بە ڕۆحیەتێکی برایانە یەک ھەڵوێست بنوێنن لە ھەمبەر ئەم پرسە دوور لە ھەر بیرکردنەوەیەکی تەسکی حزبی ، نابێت زیاتر لەمە شکۆی ئەزموونی حوکمڕانی سیاسی کوردی بشکێنرێت و لەکەدار بکرێت و قەیرانە سیاسیەکان لەمە زیاتر درێژە بکێشن ئەگینا پرسی بە دەوڵەتبوون و ھاتنەدی خەونی نەتەوەیێک بۆ سەدەیێکی تر دوا دەخرێت .
ئامادەکردنی :
جوان عەبدوڵا
مافناس، زانکۆی سۆران .
Top