شكستی حزبی و پرسی نه‌ته‌وه‌یی

شكستی حزبی و پرسی نه‌ته‌وه‌یی
سرووشتی ئه‌و حزب و رێكخراوانه‌ی دوور له‌ واقعی سیاسی و شۆڕشگێڕی خه‌ڵكی كوردستان درووست بوون و مه‌رامی شاراوه‌ له‌ پشت درووست بوونیان بووه‌ و، له‌ درووست كردنیاندا كار و كاردانه‌وه‌ سیاسیه‌ ناوخۆی و هه‌رێمی نێوه‌ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌به‌ر چاو نه‌گیراون، سه‌ره‌تا به‌ درووشمی قه‌به‌ی وه‌ك مافی چاره‌ی خۆنووسین و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی و گۆڕان و گۆڕانخوازی و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان نمایش ده‌كرد، ئێستا كه‌ رووداو و گۆڕانكاریه‌كان سیحری ئه‌و درووشمانه‌ی لێ به‌تاڵ كردوونه‌وه‌ و له‌ گۆڕه‌پانی ململانێی سیاسی و به‌ده‌نگه‌وه‌ چوونی ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ده‌ریناون، هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگای میدیای سێبه‌ر و به‌ ناوی رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ته‌ڤگه‌ری ژێرعه‌بای سیاسی ئه‌م حزب و ئه‌و حزب، جارێكیتر‌ بێنه‌وه‌ ناو ململانێ و ركابه‌ریه‌ نا ده‌ندرووسته‌كان، په‌كه‌كه‌ و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ نموونه‌ی دیاری ئه‌و حزبانه‌ن، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای درووست بوونیان به‌و درووشمه ‌قه‌به‌ و ئامانج قرپۆكانه‌ خۆیان نمایش ده‌كرد، ئه‌گه‌ر بۆ سه‌ره‌تای درووست بوونی هه‌ر یه‌كێ له‌و حزبانه‌ش بگه‌ڕێینه‌وه‌، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ به‌و درووشمه‌ قه‌بانه‌وه‌ بازرگانی سیاسیان به‌ پرسی ره‌وای كورد و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیه‌وه‌ كردووه‌.
په‌كه‌كه‌ له‌ سه‌ره‌تای درووست بوونی به‌ درووشمی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی هاته‌ ناو كایه‌ سیاسیه‌كان، حزبه‌ كوردیه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كردن كه‌ خه‌بات بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی ناكه‌ن، ئه‌وه‌شیان كرده‌ بیانووی ئه‌وه‌ی دژایه‌تی كردنی حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان له‌ هه‌ر چوار پارچه‌دا بخه‌نه‌ پێشنه‌ی كاره‌كانیان.
ئه‌و كاته‌ی په‌كه‌كه‌ درووشمی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی هه‌ڵگرتبوو، ده‌كرێ به‌ سه‌رده‌می هاتی دوژمنان و نه‌هاتی كوردی ناوبه‌رین، چونكه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا كورد جگه‌ له‌ مه‌رگی سه‌ربه‌رزانه‌ و به‌رگری بوێرانه‌ و سه‌ختی چیاكان دۆستێكی تری نه‌بوو، كه‌چی له‌ ئێستادا كه‌ رووداوه‌كان پێچه‌وانه‌ بوونه‌وه‌ و پرسی كورد وه‌ك پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی چۆته‌ ناو هاوكێشه‌ سیاسیه‌كانی كومه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ به‌رامبه‌ریشدا دوژمنان به‌ سیاسه‌تی دابه‌ش بوونی مه‌زهه‌بی گیرۆده‌ بوون و ئه‌و دابه‌ش بوونه‌ش تووشی چه‌ندان قه‌یرانی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری و ئه‌منی كردوون، له‌ كاتێكی ئه‌وهادا په‌كه‌كه‌ باڵانسی نه‌ته‌وه‌یی به‌ شێوه‌یه‌ك دابه‌زیوه‌ جیا له‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی له‌ به‌ كانتۆنكردنی ئه‌م ناحیه‌ و ئه‌و قه‌زادا گۆڕه‌وشار ده‌دات، هه‌وڵه‌كانی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت به‌ خیانه‌ت و به‌ ده‌وڵه‌تبوونیش به‌ شه‌رمه‌زاری ده‌زانێ.
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش له‌ درووست بوونیه‌وه‌ مافی چاره‌ی خۆنووسینی كرده‌ چاوبه‌ستی سیاسی و ده‌یان ساڵه‌ چاوی خه‌ڵكی كوردستانی پێده‌به‌ستێ، ئه‌ویش وه‌ك په‌كه‌كه‌ له‌ قۆناغێكدا ئه‌و درووشمه‌ی هه‌ڵگرت كه‌ خواسته‌كانی كورد له‌ناو به‌رداشی پیلانگێڕیه‌كی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌هاڕدران، كه‌چی ئێستا كه‌ گشتپرسی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ راو بڕیاری خه‌ڵك سه‌ره‌تاترین بنه‌مای مافی چاره‌ی خۆنووسینه و رووداوه‌كانیش ده‌رفه‌تیان بۆ گشتپرسی ره‌خساندووه‌، یه‌كێتی له‌ بن لێوانه‌وه‌ باسی مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كات، وه‌ك ده‌بینین خۆی كردووه‌ به‌ ناوبژیوانی نێوان كورد و دوژمنه‌كانی و داوای پێكه‌وژیان و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی به‌غدای مووچه‌ و قوتبڕ و ئه‌نفال و كیمیا ده‌كات‌‌.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش له‌ درووست بوونیدا جیا له‌وه‌ی كاریگه‌ری درووشمه‌ كۆنه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی به‌سه‌ره‌وه مابوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی له‌ هه‌ساره‌یه‌كی تره‌وه‌ هاتبێ و شوختی گه‌نده‌ڵی و نا دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێوه‌ نه‌بووبێ، به‌ درووشمی گۆڕانخوازی و چاكسازی و به‌دیهێنه‌ری دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌وته‌ گه‌وجاندنی خه‌ڵكی بێئاگا له‌ مێژوو، كه‌چی دوای ئه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ناوی ئه‌و درووشمه‌ زل و قه‌بانه‌وه‌ توانی كه‌مێكی زۆر كه‌می كۆنه‌قینه‌كه‌ی بڕێژێ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ گفت و به‌ڵێنێكی به‌ گه‌وجێنراوان نه‌دابێ به‌ تۆبه‌یه‌كی سیاسیه‌وه‌ سه‌ری به‌ ماڵه‌ باواندا كرده‌وه‌، ئێستا خه‌ڵیكی كوردستان هه‌قیه‌تی بپرسێ: كوا ده‌وڵه‌تی گه‌وره‌ی كوردی؟ كوا مافی چاره‌ی خۆنووسین؟ كوا گۆڕانخوازی و چاكسازی و دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی؟
ئێستا ده‌ركه‌وت ئه‌و درووشمانه‌ی له‌ رابردوودا ده‌گوتران‌ درووشمی فریوده‌ری حزبی بوون و هه‌موویان درۆ ده‌رچوون و، هیچ ئامانجێكی نه‌ته‌وه‌ییان له‌ پشت نه‌بوو، هه‌ر درۆیه‌كیش له‌گه‌ڵ كورد بكرێ راستی گوتنه‌ له‌گه‌ڵ دوژمان و داگیركارانی كوردستان.
Top