رێككه‌وتن و یه‌كگرتن و یه‌كگرتنه‌وه‌

رێككه‌وتن و یه‌كگرتن و یه‌كگرتنه‌وه‌
تا ئێستاش روون نییه‌ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان یان راستتر بڵێین: نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د روویداوه‌، رێككه‌وتنه‌ یان یه‌كگرتنه‌ یاخود یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌،‌ كاتێك ده‌ڵێین: نه‌وشیروان مسته‌فا و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د مه‌به‌ستمان له‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ناویان ناوه‌ رێككه‌وتن و خستوویانه‌ته‌ سه‌ر كاغه‌ز و بڵاویان كردۆته‌وه‌، بۆ دووباره‌ گه‌وجاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك و لاڕێدا بردنی داروده‌سته‌كه‌ی خۆیان و شاردنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌رامه‌ سیاسیه‌یه‌ كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا و هیرۆ ئیبراهیم له‌ دوا خاڵدا كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ هه‌رحاڵ با له‌وه‌ گه‌ڕێین كه‌ نه‌وشیروان و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د چیان له‌ژێر سه‌ردایه‌، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ناویان ناوه‌ رێككه‌وتن، هه‌مان ئه‌و (كه‌شك)ه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه‌ له‌ (سوێنه‌)ی دژایه‌تی كردنی پارتیدا ده‌یسوونه‌وه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌وه‌ بدوێین كه‌ ئه‌وه‌ی ناویان ناوه‌ رێككه‌وتن، ئایا رێككه‌وتنه‌ یان یه‌كگرتنه‌ یاخود یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌؟
ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن بێ! ئه‌وا دووره‌ له‌ هه‌موو بنه‌ما سیاسی و یاساییه‌كانی رێككه‌وتن، چونكه‌ هه‌ندێ خاڵ له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا هه‌ن یه‌كتریان له‌ كۆت و به‌ندێ كردووه‌، به‌ڵام گریمان رێككه‌وتن بوو، نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی ده‌یگوت: درۆ و دراویان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌و رێككه‌وتنه‌دا له‌ درۆ و دراوه‌كه‌ چه‌ندی به‌ركه‌وتووه‌؟
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتن بێ! ئه‌وا نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی و دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، سیاسه‌تی به‌ دێوه‌زمه‌ كردنی یه‌كێتی و خۆ به‌ فریشته‌ كردنی گرته‌به‌ر، له‌وه‌ش پرسیار ئه‌وه‌یه‌: ئایا دێوه‌زمه‌ و فریشته‌ یه‌كده‌گرن؟ بێگومان ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی وا ناوازه‌ رووبدا و دێوه‌زمه‌ و فریشته‌ یه‌كبگرن، ئه‌وا گوێدرێژ به‌ په‌یژه‌دا سه‌ر ده‌كه‌وێ، ئه‌ی كه‌ وایه‌ به‌و یه‌كگرتنه‌ یه‌كێتی بۆته‌ فریشته‌؟ یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا نه‌وشیروان مسته‌فا دێوه‌زمه‌ بووه‌ و به‌ فێڵ و بۆ گه‌وجاندنی خه‌ڵك دێوجامه‌ی به‌ فریشته‌ بوونی كردبووه‌ سه‌ری.
ئه‌گه‌ر یه‌كگرتنه‌وه‌ش بێ! ئه‌وا كاتێ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ یه‌كێتی هاته‌ده‌ر و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی درووست كرد، هه‌موو ئه‌و دۆسته‌ دێرینانه‌ی له‌گه‌ڵی نه‌چوونه‌ ناو گۆڕان به‌ گه‌نده‌ڵ و دز و تاڵانچی ناوی ده‌بردن و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد بیانباته‌ به‌رده‌م دادگا، ئێستا ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی یه‌كبگرێته‌وه‌ چی گۆڕیوه‌ و كێی داوه‌ته‌‌ دادگا و وه‌ڵامی بۆ هه‌ڵسووڕاو و گۆڕانخوازان چی ده‌بێ؟!
له‌ هه‌رسێك حاڵه‌ته‌كه‌دا ئه‌و راستییه‌مان ده‌ستكه‌وت كه‌ نه‌وشیروان مسته‌فا له‌ كوێ ده‌ستی پێكرد، له‌ هه‌مان شوێن سه‌ری هێنایه‌وه‌ده‌ر، بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین: هاتوهاواری جیابوونه‌وه‌و چاكسازی و گۆڕانكاری، دووباره‌ هه‌راوزه‌نای رێككه‌وتن و یه‌كگرتن و یه‌كگرته‌نه‌وه‌، لای نه‌وشیروان مسته‌فا یه‌ك مانا و یه‌ك واتای هه‌یه‌، ئه‌ویش دژایه‌تی كردنی پارتی و تۆڵه‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و شكستگه‌له‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و حزبه‌ به‌سه‌ری هاتوون، به‌ڵام پێویسته‌ په‌ند له‌ مێژووی شكسته‌كانی وه‌ربگرێ و ئه‌و راستییه‌ باش بزرانێ، كه‌ هاتوهاواره‌كه‌ چه‌ندی له‌ خۆزگه‌كه‌ی هێنایه‌دی، هه‌راوزه‌ناكه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له‌و خۆزگه‌ نه‌گریسه‌ی نزیك ده‌كاته‌وه‌.
سوێنه‌: ئه‌و ده‌فره‌ له‌ گڵ درووست كراوه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆندا (كه‌شك)یان تێدا ده‌سوونه‌وه‌
Top