کوردستان و کۆڕەکانی " عەمشە"

کوردستان و کۆڕەکانی
مێژوو گەورەترین مامۆستایە. مێژوو ئەگەر بە جوانی و تەواوەتی و لەسەر دەستێکی پاک و بێلایەن بنوسرێتن دەکرێ لە ئاییندەدا ببێ بە باشترین وانەکانی مرۆڤایەتی. ھەرچەندە ئەوەیان کارێکی ئەستەمە. چونکە مێژوو لەسەر دەستی مرۆڤەکان دەنوسرێتن و مرۆڤەکانیش لە ڕووی سایکۆلۆژی لە بیروڕا و دید و بۆچوون و پێداویستی و ئارەزوو و مەیل و ئاراستە و سەرپێبوون و بەھای جیاواز پێکدێن و ھەموو ئەو فاکتەرە دەروونی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەییانە کاریگەریان لەسەر بیروبۆچوون و نوسینەکانی دەبێت.
خوالێخۆشبوو دکتۆر عەلی وەردی( ١٩١٣-١٩٩٥) ی بەھشتی یەکێکە لەو کەسانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر جوان مێژووی گەیاندووە و بەچاوێکی ڕەخنەگرانە پێشکەشی خوێنەرانی کردووە. ھەر ئەوەیە کە ھاوکاریمان دەکات لە زۆر لایەنی شاراوەی ژیانی نەتەوەی عەرەبی بە گشتی و خەڵکی عێراق_ بۆ زانین: ھەر کاتێک دەگەمە ئێرە و دەمەوێ ئەم وشەیە بنوسم جۆرە ھەستێکی ناخۆشی سایکۆلۆژی دامدەگرێ و وەک زۆر کوردستانیەک کە حەز بەم وشەیە ناکات ئەگەر لە ڕووی ناچاری نەبێ ھەرگیز ناینوسم و بەکاری ناھێنم، و ئەوە شتێکی دەروونیە و پەیوەندی بە ئەو بیرھێنانە ناخۆشانەیە کە بە ھاتنی ئەو وشەیە دێتە بیرمان_ تێبگەین.
وەردی، ئەو زانایە گەورەیە، لە یەکێک لە پەرتووکە جوانەکانیدا لە بارەی مێژووی وڵاتەکەی ئاماژە بەوە دەکاتن کە کاتێک کە لە ساڵی ( ١٨٦٩) فەرمانی سۆڵتانی بە زمانی تورکی لە بەغدا خوێندرایەوە و مژدەی ڕاسپاردنی مەدەحت پاشای وەک والیی نوێی ئەم وڵاتە ڕاگەیاند قۆناغێکی نوێ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی تیایدا دەستپێکرد. ئەم والییە، کە دواتر خۆدی ئۆسمانیەکان کۆشتیان، بەھۆی دەستپێکردنی بزاڤێکی سیاسی کە بریتی بوو لە ھێنانی دەستوور، کە بەرھەمی ژیان و ھزر و بیرەکانی لە وڵاتانی ئەورۆپی بوو، بۆ ناو دام و دەزگا دیکتاتۆریەکەی دەستھەڵاتی ئۆسمانیەکان بە " پاڵەوانی شەھید" ناسرا. ناوبراو ھەرچەندە کە زۆر خاڵی ھاوبەشی وەک والییەکانی پێشوتر و " ئەفەندییەکانی" ئۆسمانی ھەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کاری باشی وەک دژایەتیکردنی بەرتیلخۆرەکان و دادگاییکردنیان، و ھەوڵدان بۆ جێگیر کردنی ھۆز و ڕەوەندە کۆچەرییەکانی عێراق و لە پێناو سەقامگیری سیاسی تیایدا، و لەژێر ناوی " پرۆژەی پێدانی زەوی" و ھێنانی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چاپخانە و کاری ڕۆژنامەگەری و کارگەی بەرھەمھێنانەوە و ھێڵی شەمندەفڕ و پارک و ھەندێ کای تری ئەنجامدا کە سیمای ئەو وڵاتەی گۆڕی و کاریگەری لەسەر ھەموو لایەنەکانی ژیان و بەتایبەت لایەنی ئابووری و دواتریش کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیی تاکی عێراقیی کرد. دیارە مەدحەت پاشا بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەی پەیوەندار بە زەوی و زار لە ھۆزەکانی غەراف و مۆنتەفیق دەست پێکرد تا گەیشتە ھۆزە بەناوبانگەکەی وەتەن عەرەبی " شەمڕ". ئەو کات ھۆزەکە دوو سەرۆکی ھەبوو: عەبدۆلکەریم و فەرحان. یەکەمیان لە دایکێکی تێگەیشتوو و شارستانی بوو و لە قوتابخانەکانی ئەستەمبۆل خۆێندبووی، و حەزی دەکرد کەس و کارەکەی و ئەندامانی ھۆزەکەی لە کۆچەراتی نەجات بداتن و ھانیان دەدان کە سەقامگیری لە گۆند و شارەکان ھەڵبژێرن و دەست بکەن بە کاری کشتوکاڵی. بەڵام عەبدۆلکەریم، بە پێچەوانەوە، حەزی لەوە بوو کە ھۆزەکەی لەسەر بنەما و داب و نەریتە کۆنە و باوەکانی جارانیان بمینن. عەلی وەردیی بەھشتی ئەو چەندە بۆ لایەنێکی کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و پەروەردەیی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: عەبدۆلکەریم منداڵی دایکێکی بیابانی و کۆچەرایەتی ڕەسەن و پەتی بوو کە ناوی " عەمشە"بوو. ئەو ئافرەتە بەردەوام لە بن گۆێچکەکانی کۆڕەکەی دەچرپاند کە ھەوڵ بدەتن کە پاڵەوانێکی ڕاستەقینە و ڕەسەنی بیابانی( بەدەوی) بیتن و ھۆزەکەی خۆی ھانبداتن تا لەسەر کاری جەنگ و کۆشتار و داگیرکاری و دژایەتیکردنی دام و دەزگای حکومەت بەردەوام بێ و وازی لێ نەھێنن. ئەو پێی وابوو کە ئەوە ھەمان ئەو ڕەفتارە جوانانەیە کە باب و باپیرانی کردوویانە و لەسەر ڕۆیشتوون، و شکۆی عەربایەتیش لەوەدایە کە ژیانی ژێر چادر و خێوەتەکان و بەکارھێنانی شمشێریان ھەڵبژاردووە و ھەبووە، و ئەوان وەک باب و باپیرانیان کار کشتوکاڵیان بە شتێکی ناشرین و کەم ھەژمارکردووە!
دیارە مەدحەت پاشا، گەورە داھێنەری داب و نەریتە شارستانیەکان لە عێراق، لە ماوەی دەستھەڵاتداری خۆی و لە بڕی ھەبوونی زۆر کەسی وەک عەبدۆلکەریم و کە دەستپەوەردەی یاسا و بنەما و پرەنسیپەکانی ژیانی بیابانەتی و کۆچەراتی و دایکێکی وەک " عەمشە" بوون، زۆر زەحەتی و سەختی بینیوە تا بیرۆکە سەردەمییەکانی جێبەجێ بکاتن و بێگۆمان کۆڕەکانی " عەمشە" لە عێراقدا کۆسپ و تەگەرەی گەورەیان دەخستە بەر کار و چاڵاکییەکانی و پرۆژەکانی، چونکە ستراکتووری کەسایەتی ئەوان بەرھمی داب و نەریت و بەھا و پرەنسیپە بۆگەن و ماوەبەسەرچوو و ئێکسپایێرەکانی ژیانی کۆچەرایەتی و بیابانگەردی بووە و ئەو کۆڕان، واتە کۆڕەکانی " عەمشە" دواتریش و ئێستاشی لەگەڵدا بێ لە عێراق و " وەتەن عەرەبی" زۆر زۆرن و نموونەکەشی ھزاران ئەو کەسانەن کە لە ڕیزەکانی ڕێکخراوە تووندڕۆەکان دەجەنگن و ئەم کارەیان بە فەخر و شانازییەوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە باب و باپیرانیان لە بیابانەکانی عەرەبیدا بەردەوام بەگژ یەکتری و ھۆزەکان و نەتەوەکانی دەوروبەر دا چوونە، و ئەم ڕەفتارەیان بە شکۆیی نەتەوەیی دەزانن و تەنھا جیاوازییان لەوەدایە کە ھی باب و باپیرانیان لە ڕووی شێواز و فەلسەفەی جێبەجێکردنی و شوێنەکەی وەک ھی ئەوان نەبووە. ئەگەر کۆڕەکانی " عەمشە"لە وڵاتانی خۆیان و بەناوی جیاجیا، لە تاکی سادە بگرە تا بازرگان و مامۆستا و وەزیر و سەرکردەکان و دەستھەڵاتداران ئەو کارە دەکەن، بە ئێمە چی! بەڵام کاتێک کە ئەو کۆڕانە بە درێژایی ھزاران کیلۆمەتر لە سنوورەکانی کوردستان و لە ڕۆژئاوا بگرە ھەتاکو خانەقین لە باشووری کوردستان، دەیانەوێ ئەو بنەما و پرەنسیپ و بەھایانە لەسەر تاکەکانی کوردستان، ئەو کەلتوور و فەرھەنگە جۆانەی کە ڕۆژانێک سیمبۆلی ئازادی و ڕەسەنایەتی بوو و یەکێک بووە لە شارستانیەتە ھەرە پێشکەوتوو و دیار و بەھێزەکانی ناوچەکە و جیھان، جێبەجێی بکەن ئەو کات جێگەی ئێش و ئازار و پەریشانی دەروونی و کۆمەڵایەتی و کەلتووررییە بۆ ئێمە.و لە ئەوەش خراپتر ئەو کاتەیە کە ھەندێ تاکی ئەم کوردستانە ڕەنگینە ھەڵدەخەڵەتێن و لە ژێر ناو و پەردەی ئایینی ھەوڵ دەدەن خۆیان بکەن بە کۆڕەکانی " عەمشە"و بە خزمەتکردن لە رَیزی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان و لە تەک ئەرەب و کۆڕەکانی " عەمشە" و دۆستە ھەڵخەڵەتێنراوەکانیان لە نەتەوە و وڵاتانی تری جیھان، بەھشت و باخ و بیستان و ئاوە شرین و زۆڵالەکەی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن! ئەوان گێڵترن لەوەی کە ئەو بگرە و بەردەیەی لە نێوان کۆڕەکانی " عەمشە"دا ھەیە ھەمووی بەرھەمی داب و نەریت و بەھا ناڕەسەنەکانی ئەو کاتەیە کە عەربی کلوخۆر لە بیابانەکانی وشک و بێ ئاوەکانی دا دەژیا، ئەو کاتەی کە کوردستان لەسایەی دەستھەڵاتی مێدییەکان و پرۆژە چاکسازییەکانی زەردەشت، ئەو پیامبەرەی شەھید و چاکسازی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئاریاییەکان،لە لوتکەی شارستانیە و دەستھەڵات و پێشکەوتن دا دەژیان، و ئێستاشی لەگەڵدابێ بەھاکانی ڕێزگرتن لە بیروبۆچوون و وڵات و نەتەوە جیاوازەکان، و ئاشتیخوازی، و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و زمانەکەی، و نەک بەگژ خەڵکدا چوون و داگیرکرای و ئەنفالکردن و کیمیاباران و جینۆساید و ... ھتد، لە بەھا جوان و ڕەسەنەکانیەتی. کوردستانیان ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە کە وەک کۆڕەکانی " عەمشە"لە تاڵانکردن و بڕین و دزین و کۆش و کۆشتار و داگیرکاری بژێوی ژیانی منداڵانیان دابین بکەن و فەخریشی پێوە بکەن.و زیندووترین نموونەشی ئەوەتا پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و ڕۆڵەکانی کاوەی ئاسنگەرن کە لەژێر فەرمانی سەرکردەیەکی وەک جەنابی سەرۆک بارزانی جگە لە بەھاکانی کوردستان مرۆڤایەتیش لە تیرۆریستان دەپارێزن و بۆ ئەمەش ھیچ ( منەتێک ) لە کەس ناکەن. ئەوانەن کە جێگایان بەھشتی بەرینە نەک کۆڕەکانی " عەمشە" !
سەرچاوە:
ژێدەر: ١- الوردی، علی( ١٩٦٩). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق، الجزء الڕول، گ.١، الشریف الرچی.
٢-الوردی، علی( ١٩٧٠). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق- ( ١٨٣١-١٨٧٢)، الجزء الپانی، مگبعە الإرشاد، بغداد، ( ٣٣٧) ێ..
٣- الوردی، علی (١٩٧٢ ). لمحات اجتماعیە من تاریخ العراق-( ١٨٧٦-١٩١٤)، الجزء الپالپ، بغداد، ( ٣٨٤ ) ێ..
*بسپۆرێ ئەکادیمی د زانستێن سایکۆلۆژی و پێداگۆگی/ زانینگەھا زاخۆ

Top