ڕزگاركردنی فەللوجە لە دەستدانی عێراق

ڕزگاركردنی فەللوجە لە دەستدانی عێراق
لە ئێستادا پرۆسەی ڕزگاركردنی فەللوجە بەردەوامە. ئێمە دەزانین چۆن ئەمە كۆتایی پێدێت. ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش دەكوژرێن. فەللوجە وێران و خاپوور دەبێت، بە سەدان مەدەنی گیانیان لە دەست دەدەن. ئەگەرەكانی ئاشتەواییش لە باردەچن.
لە ساڵی 2014ـەوە فەللوجە لە ژێر ئیدارەی داعشدایە. ئاڵای ڕەشی داعش لە لایەن سوننەكانی عێراقەوە هەڵدران، نەك لە لایەن چەكدارە بیانییەكانەوە. وەك بەدیلی حكومەتە شیعەكەی بەغدا سوننەكان پێشوازییان لە داعش كرد، ئەو حكومەتەی سوننەكانی وڵاتەكەی پەراوێزخست و جەمسەرگیری لە نێو دانیشتووانەكەیدا دروست كرد.
دابەشبوونە تایفەگەرییەكە قووڵە و قووڵتر دەبێتەوە. شەڕەكەی فەللوجە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبی-یەوە ئەنجام دەدرێت، ئەو میلیشیا شیعانەی كە لەلایەن ئێرانەوە مەشقیان پێكراوە و پڕچەك كراون و لە ژێر كۆنتڕۆڵی تاران-یشدان. ئەم میلیشیانە بەوە ناسراون كە گیانی تۆڵەسەندنەوە و خوێنڕێژییان هەیە.
شەڕەكەی فەللوجە شەڕێكی ئاسان نابێت. هەموو باڵەخانەكان بۆمبڕێژ كراون. ئەوانەی بەرگری لە شارەكە دەكەن، پاڵنەرێكی بەهێزیان هەیە. بە چەشنی ئەوەی هێزی مارینزی ئەمەریكا لە ساڵی 2004دا شەڕی كۆڵان بە كۆڵانی كرد، ئەوا هێزەكانی حەشدی شەعبی و سەربازە عێراقیەكانیش دەبێت شەڕ لەسەر بست بە بستی ئەو شارە بكەن. ئەمەش قوربانییەكی زۆری لێدەكەوێتەوە.
خەڵكە مەدەنییەكە بە شێوەیەكی مەترسیدار ڕووبەڕووی كاریگەری شەڕەكە دەبنەوە. بە هەزاران كەس لە ناو فەللوجەدا بە بێ خۆراك و ئاو و پێداویستی پزیشكی گیریان خواردووە. زۆربەیان بە دەست برسێتییەوە دەناڵێنن. هەندێ كەس بە هۆی بۆردومانی ئاسمانی ئەمەریكا، یان تۆپەكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە دەكوژرێن. ئەوانەی دیكەش لە كاتی هەڵاتندا لە لایەن داعشەوە لەناو دەبردرێن. ڕەنگە كەسانێكی كەم ڕزگاریان بێت. ئاوارە ناوخۆییە سوننەكان لە نێو زۆرینەی شیعەی ڕقئەستووردا پێشوازییان لێناكرێت. ئەو كارەساتەی چاوەڕوان دەكرێت لە فەللوجە ڕووبدات، ئاماژەیەكی خراپە بۆ ئەوەی لە موسڵدا ڕوودەدات، كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە، كە داعش تێیدا خۆی قایم دەكات بۆ دوایین ڕووبەڕووبوونەوە. بە چەشنی ڕوومادی و فەللوجە، ڕەنگە موسڵیش لە كۆتاییدا ڕزگار بكرێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو شارە كاول و وێران دەبێت. ڕزگاركردنی فەللوجە كارێكی پێویستە و نابێت ڕێگا بدرێت داعش بمێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، شەڕی فەللوجە كۆتایی بە داگیركاری داعش ناهێنێت. چونكە نابێتە هۆكاری هێنانەئاری ئاشتی لە عێراقدا، یان سەرناكێشێت بۆ ئاشتەوایی لە نێوان عێراقییەكاندا. سوننەكان ئۆباڵی نەهامەتییەكانیان دەخەنە ئەستۆی سیاسەتی وێرانكاری سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی. ئێرانیش وەك شەڕانگێز وێنا دەكرێت، ئەمەش دابەشبوونە ئیقلیمییەكە و بارگرژییە تایفەگەرییەكە قووڵتر دەكاتەوە.
تەنیا بە بردنەوەی دڵ و عەقڵی عێراقییەكان دەتوانرێت عێراق ڕزگار بكرێت. مانەوەی عێراق وەك دەوڵەتێك بەندە بەوەی بتوانرێت وڵاتێكی یەكگرتوو، فرەئیتنی و فرەتایفە دروست بكرێتەوە، كە تەبایی كۆمەڵایەتی باڵ بكێشێت بەسەر پێكهاتەكانیدا، بەڵام ئەم خەونە لە مێژە لەبارچووە. وێرانبوونی فەللوجە بزمارێكی دیكەیە لە تابووتەكە. شەڕەكە دەبردرێتەوە، بەڵام لە پای باجێكی گراندا.

سەرچاوە: Huffington Post

Top