ئاسایشی سایکۆلۆژی کوردستانیان لە دیدی دەروونناسیەوە

ئاسایشی سایکۆلۆژی کوردستانیان لە دیدی دەروونناسیەوە
زانای بەناوبانگی ئەمریکی، ئابراھام ماسلو(Abraham Maslow, ١٩٠٨-١٩٧٠)، لە نێو گۆڕەپانی دەروونناسیدا، دەکرێ وەک داھێنەرێک ھەژمار بکرێ، بە تایبەت دوای ئەوەی کە تیۆرییە پەیژەییەکەی خۆی لە شێوازی قووچەکە دا ئاشکرا کرد و پێداویستیەکانی مرۆڤی ڕیزبەندی کرد. ھەرچەندە وەک بیرۆکە، پێداویستیەکان(الحاجات یان needs) شتێکی نوێ نیە، بەڵام داھێنانەکەی ماسلو لەوەدایە کە ئەم پێداویستیانەی بە شێوەیەکی لۆژیک و سروشتی ڕیزبەندی کردووە. لەو ڕیزبەندییە دا پێداویستیە فیزیۆلۆژیکەکانی وەک خۆاردن و خۆاردنەوە و سێکس و خەوتن و ... ھتد، بە پلەی یەکەم، و دواتر ئاسایش، و دواتر خۆشەیستی، و دواتر ڕێز لە خۆ گرتن، و ئینجا بەدەستھێنانی خود وەک گرنگترین پێداویستیەکان دێن. وەک لە تیۆرەکەی ماسلو کە بە یەکێک لە تیۆرەکانی ڕێبازی مرۆڤگەرایی یان ھیۆمانیزم دەناسرێتن، دا ھاتووە لە پلەی دووھەمدا پێداویستی ئاسایشی سایکۆلۆژی دێتن، کە شان بە شانی پێداویستیە فیزیۆلۆژیکیەکان بە یەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکیەکانی مانەوە و ژیانی مرۆڤەکان دەژمێردرێن.

لە دیدی ماسلو ئەم ڕیزبەندییەی پێداویستیەکان واتای ئەوەیە کە یەک لە دوای یەک و بە تێرکردن و دابینکردنی ھەر یەکەیان ڕێگە بۆ ئەوەی تریان خۆش دەبێ و ئەوە بە واتای ئەوەیە کە ئیتر ئەو کەسەی کە ئەم پێداویستیانەی بەم شێوازە و بە شێوەیەکی ئاسایی و سروشتی تێر و دابین دەکرێن ئەوەتا ھەلی گەشەسەندنێکی ئاسایی زیاتری بۆ دەڕەخسێ و لە ئاکامدا دەتوانێ کەسایەتیەکی بەرھەمھێنەری لێ دروست ببێ کە دوورە لە ئێش و ئازار و نەخۆشیە دەروونیەکان و دەتوانێ بگاتە لوتکەی گەشەی سایکۆلۆژیەوە، و بە پێچەوانەوە ھەر کۆسپ و تەگەرە و ئاستەنگێک لە ھەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیان و دابینکردنی ئەم پێداویستیانە کۆسپ و تەگەرە دەکەوێتە بەردەم پرۆسەی گەشەکردنی ئەو کەسە و لە ئاکامدا مرۆڤێکی پڕ لە ئێش و ئازاری دەروونی لێی پەیدا دەبێ و ناتوانێ بگاتە لوتکەی گەشەکردنێکی سروشتی و ئاسایی.
وەک لە بیردۆزەکەدا دەردەکەوێ پێداویستی ئاسایشی سایکۆلۆژی ھیچی کەمتر نیە لە پێداویستیەکانی فیزیۆلۆژیک، و ھەر بۆیەش بەدرێژایی مێژوو دەبینین تاکی کوردستانی، کە بەردەوام لە ژێر مەترسی و گوشاری دوژمنان و نەحەزان بووە و قۆربانیەکی زۆری داوە و نەیتوانیوە ئەم پێداویستیە سەرەکیەی خۆی وەک پێویست تێر بکات لە گەشەیەکی ئاسایی کەسایەتی بێبەش بووە. ئەوەتا لەو وڵاتانەی کە ئەم پێداویستیە و پێداویستیەکانی پێشوتر و دواتری تێر و دابینکراون، دەبینین ھەل بۆ گەشەکردن و گەیشتن بە قۆناغی بەدەستھێنانی خودلای زۆر ئاسان بووە و ھەر ئەوەش بۆوتە ھۆکاری ئەوەی بتوانێ داھێنان بکات و وڵاتەکەی پێش بخات.
بەڵام تاکی کوردستانی لە ژێر ھەڕەشەی تیرۆر و داعشیان و بەر لەوانیش بەعسیە گۆڕبە گۆڕەکانی دڕندە و زۆر پێشتریش دوژمنانی تر بەردەوام لە ئاسایشی سایکۆلۆژی، کە خۆی لە خۆی دا بناغەی ھەموو جۆرەکانی تری ئاسایشەکانیتری وەک ئابوری، کۆمەڵایەتی، خۆراکی، لەشگەری، سیاسییە بێبەش کراوە، و ئەمەش بۆوەتە ھۆکاری ئەوەی لە کاروانی گەشەکردنێکی ئاسایی و گەیشتن بە لوتکەی بەدەستھێنانی خود و داھێنان و بەرھەمھێنەربوون بێبەش ببێ. ھەڵبەت نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێ ھۆکاری تریش ئەگەرن بەڵام لێرەدا ناتوانین بە درێژی ئاماژەیان پێبدەین و ئەگەر ھەل پەیدا بوو لە گۆتاری تر دا ئاماژەیان پێدەدەین.
ئەوتا بە دەھان شۆڕەش و ڕاپەرینی کوردستانیان تاڕادەیەکی زۆر کوردستانیان ویستوویانە ئەم ئاسایشە دابین بکەن و لە دوایین قۆناغەکانی، کە دوو ساڵی ڕابردوو بێ، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سەرباری ھەموو دۆخە ناڵەبارەکەی ئابووری و کۆمەڵایەتی و لەشگەری و لۆجستیکی، بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆک بارزانی، فەرماندەی ھێزە سەربازییەکەی کوردستان، ھەستیان بە گرنگی ئەم جۆرە ئاسایشە کردووە و ھەوڵی پاراستنی دەدەن، بەڵام ئەرکەکە تەنھا لێرە دا بە کۆتا ناھێتن. ھێزەکانی پاراستنی ئاسایش و پێشمەرگە بەشێکن لەو پرۆسەیە و تاکەکانی کوردستان دەبێ ھەر یەکەو لە لای خۆی تەواوکەری دابینکردنی ئەم ئاسایشە بن. مامۆستا، فەرمانبەر، پزیشک، قوتابی، ئەندازیار، کابانی ماڵەوە، پیر و شیر و ژن و مێرد و ھەموو توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستانی بەرپرسن لە دابینکردنی ئاسایشی سایکۆلۆژی کوردستان. دەبێ ھەموومان ببین بە چاوی گەشی ئەم کوردستانە ڕەنگین و زەنگینە تا پاراستنی و تێرکردنی پێداویستی ئاسایشی سایکۆلۆژی تیایدا مسۆگەر ببێ. و یەکێک لە ڕێگە سادە و ساکار و ڕەوشتی و مرۆڤی و ئایینی و نەتەوەییەکەی بەشداریکردنە لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی" بە دەوڵەتبوونی کوردستان" کە بە ڕێگاوەیە و ئەمەش ھەلێکی زێڕینە بۆ دابینکردنی یەکێک لە گرنگترین پێداویستیەکانی تاکی کوردستانی کە بریتیە لە "ئاسایشی سایکۆلۆژی " تا بەھۆیەوە بتوانێ خۆی لە زۆرێک لە نەھامەتی و بەدبەختیەکانی ئاییندە قۆرتاڵ بکاتن.
*مامۆستای ئەکادیمی/پسپۆرێ زانستەکانی پێداگۆگی و سایکۆلۆژی/زانینگەی زاخۆ
Top