كورد و داعش و حه‌شدی شه‌عبی

كورد و داعش و حه‌شدی شه‌عبی
داعشی سوننه‌ و حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ دوو رووی یه‌ك دراو و دوو مێرووی یه‌ك كونن، هه‌ردووكیان له‌ كولانه‌ی شۆڤێنیزمی عه‌ره‌بیه‌وه‌ بۆ ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی گه‌لانی تر ده‌ڕوانن، هه‌ردووكیان به‌ هێزی شمشێر نه‌یاره‌كانیان ده‌دوێنن، هه‌ردووكیان له‌ پاشخانی بیری توندڕه‌وی ئیسلامی سیاسیه‌وه‌ وه‌ڵامی داوای جیاوازیه‌ سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و دینیه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌، هه‌ردووكیان ئه‌قڵی جه‌هاله‌تی كۆڵانه‌كانی بیابانیان كردۆته‌ په‌رژینی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ‌.
له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و هه‌موو خاڵه‌ هاوبه‌شانه‌ی نێوان داعش و حه‌شدی شه‌عبی، داعشی سوننه‌ له‌ سه‌ربڕخانه‌ی مه‌زهه‌بیدا سه‌ری نه‌یاره‌كانی و حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ ده‌بڕێ و سه‌ربڕ ده‌ڵێ: (اڵڵه‌ اكبر)، سه‌ربڕاویش به‌ ره‌نگی بزڕكاو و له‌ دواساته‌كانی ژیانیدا ده‌ڵێ: (اشهد ان لا اله‌ الا الله‌ واشهد ان محمد رسول الله‌)، حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌ش به‌ دڕێل مێشكی داعش و نه‌یاره‌ سیاسی و مه‌زهه‌به‌كانی ده‌كۆڵێ، داعش به‌ فتوای خه‌لیفه‌ ماڵ و سه‌روه‌تی حه‌شده‌كان به‌ تاڵان ده‌با و كچ و ژنی به‌ غه‌نیمه‌ت گیراویان له‌ ئه‌میر و موجاهیده‌كانی خۆی حه‌ڵاڵ ده‌كات، حه‌شدی شه‌عبیش به‌ فتوای مه‌ڕجه‌ع ناوچه‌ سوننه‌ نشینه‌كان وێران ده‌كا و ئه‌ویش كچ و ژنانی سوننه‌ به‌ غه‌نیمه‌تی جه‌نگ ده‌زانێ.
لێره‌دا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستییه‌ی كه‌ داعش و حه‌شدی شه‌عبی هێزی جێبه‌جێكاری فتوان و جیاوازیان ته‌نها له‌ فتواده‌ره‌كان دایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی پرسیار و جێگای سه‌رنجه‌ هه‌ڵوێستی هه‌ندێ حزب و لایه‌نی كوردستانییه‌، بۆیه‌ ده‌پرسین: چۆن و به‌ چ پێوه‌رێك داعشیان به‌ دوژمن كردووه‌ و حه‌شدی شه‌عبیش به‌ هاوپه‌یمان؟ له‌وه‌ ده‌گه‌م كه‌ داعش نه‌ك هه‌ر دوژمنی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورده‌، به‌ڵكو رێكخراوێكی تو‌ندڕه‌و‌ی سوننه‌ و تیرۆریستی ئیسلامییه‌ و دژ به‌ هه‌موو به‌ها جوانه‌كانی مرۆڤایه‌تیشه‌، وه‌ك پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد حه‌شدی شه‌عبیش به‌ دیوه‌ شیعه‌گه‌راییه‌كه‌دا هه‌ڵگری هه‌موو ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیانه‌یه‌ كه‌ داعشی پێ ده‌ناسرێته‌وه‌‌ به‌ دژایه‌تی كردنی سه‌رسه‌ختانه‌ی ماف و ئازادیه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردیشه‌وه‌، ده‌بێ نهێنی هاوپه‌یمانی حه‌شدی شه‌عبی و ئه‌و حزب و لایه‌نه‌ كوردیانه‌ له‌ چیدابێ؟!
Top