پێشمەرگە بە بڕوایەكی نەتەوەیی و ئاینیەوە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكات
June 5, 2016
وتار و بیروڕا
هیوام وایە لەم مانگە پیرۆزەدا هەموومان هەوڵ بدەین گیانی تەبایی و یەكدی قبووڵكردن و یەكڕیزیی لە نێوانماندا پتەوتربكەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی پراكتیكی و واقیعی بیسەلمێنین كە ئێمە هەم ئەركە ئاینییەكان جێبەجێ دەكەین و هەمیش ئەركە نەتەوەییەكانیش فەرامۆش ناكەین، بە تایبەتیش لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا كە ئێمە هەنگاودەنێین بەرەو سەربەخۆیی كوردستان و سەركردایەتی سیاسیی كورد بیر لەوە دەكاتەوە كە خۆمان مافی چارەنووسیی خۆمان پیادەبكەین، بۆیە دڵنیام لەوەی كە مامۆستایانی ئاینی و نوێژخوێنان و رۆژووگران دوعا بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، كە ئەم رەمەزانە دوایین رەمەزان بێت كە لە عێراقدا بمێنینەوە، بەڵكو رەمەزانی داهاتوو لە وڵاتێكی سەربەخۆ ئەو ئەركە ئاینییەش بەشێوەیەكی تەواو جێبەجێ بكەین.
لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی دیكە بكەم ئەو بەڕێزانەی كە بەڕۆژوو نابن لەبەر هەر هۆكارێك یان ئەو برا مەسیحییانەی كە لەگەڵ ئێمەدا دەژین دەبێ هەڵوەستەیەكیان لەسەر بكەین ساڵانە هەست دەكەین رێز لە بەڕۆژووەكانی موسڵمانان دەگرن ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە كە پێكەوە ژیانی ئاینی لە ئاستێكی زۆر باشدایە لە هەرێمی كوردستان، كە پێكهاتە ئاینییەكان لەكاتی راپەڕاندنی ئەركە ئاینییەكاندا هەوڵدەدەن كە بێ رێزیی بەرامبەر نەكەن، بۆ نموونە بینیمان ساڵی رابردوو برا مەسیحییەكان كە خوانی رۆژووشكاندنیان بۆ برا موسڵمانەكان ئەنجام دەدا، ئەوە لێكنزیكیی ئەو پێكهاتە ئایینییانە دەسەلمێنێت كە لە كوردستاندا هەیە، چونكە ئەو پێكهاتە جیاوازییە ئاینییانە بە قەدەری خوا لەسەر ئەم خاكەی كوردستان دەژین، بۆیە پێویستە رێز لە یەكدی بگرین، هەر پێكهاتەیەكی ئاینی بە ئازادییەوە مومارەسەری سرووتە ئاینییەكانی خۆیان بكەن، نابێ ئەوەشمان لەبیربچێت كە هەرێمی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێریش بە تایبەتی لە هەموو شارەكانی دیكە زیاتر بە رووی جیهانی ئيسلاميدا كراوەیە كە زیاتر لە 37 قونوسڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و دەوڵەتانی دیكەی جیهانی لێیە، رۆژانە خەڵكێكی زۆریش لە دەرەوە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات، بۆیە چەند دیمەنی جوانی مانگی رەمەزان لە زیندووكردنەوەی شەوانی رەمەزان بە تەبایی و برایەتی و هێمنی بەسەرببەین، ئەوە گەورەترین وەڵامە بۆ دوژمنان و ناحەزانی كورد كە رۆژانە لێرەو لەوێ هەوڵدەدەن گیروگرفتمان بۆ دروست بكەن، گرنگ ئەوەیە ئێمە ئەو ئەركانەی مانگی رەمەزان چ بەرۆژ یان بە شەو بێت بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی خوای گەورەو بۆ بەدیهێنانی برایەتی و تەبایی نێوانمان بەدی بێنین، لە هەمان كاتیشدا رۆڵی دیارو بەرچاوی دەزگا ئەمنییەكانیش لەیاد نەكەین كە ئەوانیش بە شەونخونییەكی تەواوەوەو بەدرێژایی مانگی رەمەزان پارێزگاریمان لێ دەكەن تا سرووت و ئەركە ئاینییەكانمان لەو مانگەدا چ ئەنجامدانی تەراویح یان لەیلەتولقەدر بێت بەشێوەیەكی ئازادو لەژێر چەتری ئەمن و ئاسایش ئەنجام بدەین، هیواخوازم هەموومان پێكەوە بە برایەتی و تەبایی بتوانین ئەو ئەركە ئاینییە جێبەجێ بكەین و هەوڵ بدەین نموونەی پێكەوەژیان و یەكدی قبوڵكردن بەجێ بگەیەنین.
* سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی كوردستان
--------------------------------------------------------------
سپۆت
ئەمڕۆ برا پێشمەرگەكانمان دەیسەلمێنن كە بەرگری كردن لە خاكی كوردستان رێگر نییە لە جێبەجێكردنی ئەركە ئاینییەكان پێچەوانەكەشی هەر راستە، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەركی ئاینی و ئەركی نەتەوەیی هەردووكیان تەواوكەری یەكترن
رەمەزان لەنێو كۆمەڵگەی كوردی وەك كەرنەڤاڵێكی خۆشییە و خەڵك زیاتر لەیەكدی نزیك دەبنەوە و هاموشۆی یەكدی دەكەن و برایەتی و تەبایی لەنێو خەڵكدا دێتە ئاراوە، لەم مانگەدا ئاشتیی كۆمەڵایەتی زیاتر بایەخی پێ دەدرێت و بەهێزتر دەبێت
دڵنیام لەوەی كە مامۆستایانی ئاینی و نوێژخوێنان و رۆژووگران دوعا بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، كە ئەم رەمەزانە دوایین رەمەزان بێت كە لە عێراقدا بمێنینەوە، بەڵكو رەمەزانی داهاتوو لە وڵاتێكی سەربەخۆ ئەو ئەركە ئاینییەش بەشێوەیەكی تەواو جێبەجێ بكەین.
نابێ رۆڵی دیارو بەرچاوی دەزگا ئەمنییەكانیش لەیاد بكەین كە بە شەونخونییەكی تەواوەوەو بەدرێژایی ئەم مانگە پارێزگاریمان لێ دەكەن تا سرووت و ئەركە ئاینییەكانمان لەو مانگەدا بەشێوەیەكی ئازادو لەژێر چەتری ئەمن و ئاسایش ئەنجام بدەین