به‌ڵا گه‌وره‌كه‌ی پارتی

به‌ڵا گه‌وره‌كه‌ی پارتی
گه‌وره‌ترین به‌ڵای سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وه‌یه‌ دۆست و نه‌یار و ركابه‌ری خۆت نه‌ناسی، پارتی له‌ پارێزگای سلێمانی تووشی به‌ڵای تێكه‌ڵاو كردنی دۆست و نه‌یار و ركابه‌ر و دوژمن بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وایكردووه‌ له‌و‌ پارێزگایه‌ له‌ باتی ئه‌وه‌ی گه‌شه‌ بكات رووی له‌ پاشه‌كشه‌ كردووه‌.
ئه‌وه‌نده‌ی من شاره‌زای مێژووی پارتی بم و به‌و ئه‌زمونه‌ش كه‌ خۆم له‌ناو ئه‌و حزبه‌دا هه‌مه‌، چه‌ندی نه‌یار و دوژمنه‌كانی به‌هێز بووبن، سرووشتی پارتی وابووه‌ هێزی له‌ هێزی نه‌یار و دوژنه‌كانی وه‌رگرتووه‌، بۆیه‌ به‌ راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ پارێزگای سلێمانی بۆته‌ هۆكاری پاشه‌كشه‌ی پارتی، نه‌یار و ركابه‌ر و دوژمنه‌ دیاره‌كانی نین، چو‌نكه‌ له‌وان نه‌یارتر و دوژمن تر، دوژمنه‌ شاراوه‌كانی ناو خۆنی، ئه‌و دوژمنانه‌ی بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و دابین كردنی به‌رژه‌وه‌ندی دزه‌یان كردۆته‌ ناوی ئه‌وانه‌ گفت شیرنی ناخ تاڵن و به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌وتوونه‌ته‌ راوی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، جگه‌ له‌ كوڕ و كچ و ژن و كه‌سوكاری خۆیان زیاتر كه‌سی تر نابینن.
له‌ناو پارتیدا دوژمنی وا ده‌ناسم دو كوڕی خۆی به‌ روتبه‌ی بندیوار دامه‌زراندوون، خێزانیشی له‌ فه‌رمانگه‌ی ماڵه‌وه‌ فه‌رمانبه‌ره‌، خۆیشی پله‌یه‌كی زێده‌ باشی هه‌یه‌ و ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌‌ش له‌ پارتی ده‌گرێ گوایه‌ هه‌قی خۆی نه‌داوه‌تێ، جا بۆ ئه‌وه‌ی پارتی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گه‌شه‌ كردنه‌وه‌ی خۆی له‌ پارێزگای سلێمانی تێكبشكێنێ، به‌ر له‌وه‌ی ململانێی نه‌یار و ركابه‌ره‌كانی بكات، پێویسته‌ شه‌ڕی ئه‌و دوژمنه‌ شاراوانه‌ی ناوخۆی را بگه‌یه‌نێ و رێبازی بارزانی نه‌مریان لێ پاك بكاته‌وه‌.
Top