تو خۆاسایکسپیکۆ دووبارە مەکەن!

تو خۆاسایکسپیکۆ دووبارە مەکەن!
دەگێڕنەوە لەسەردەمانی کۆن( ئەو کاتەی کە وڵاخ و ئەسپ و گوێدرێژ بۆ ژیانی ڕۆژانە زۆر گرنگ دەژمێردرا) پیاوێک ھەبوو بەردەوام دوعای دەکرد و لە خوا دەپاڕایەوە کە گۆێدرێژێکی پێبداتن( وەک پێداویستیەکی ژیانی ئەو کات). دیارە دوعایەکانی قبول دەکرێت و شەوێکیان دەنگێک لە خەونەکەی دا دێتە گۆێچکەکانی کە دەڵێ: " ئێمە دوعایەکەی تۆ مان پەسند کرد بەڵام مەرجێکی تێدایە". ئەمیش پرسیاری ئەو مەرجە دەکات. دەنگەکە دەلێ :" ئێمە گۆێدرێژێکت پێدەدەین بەڵام ئەسپێکیش بە دراوسێیەکەت دەدەین." کابرایە نەزان و گێڵەکە بەم قسەیە زۆر قەڵس دەبێ و ھەڵدەچێ و ئەو داواکارییە ڕەت دەکاتن و گۆێدرێژ لە قیس خۆی و ئەسپەکەش لە قیس دراوسێیەکەی دەچێ.
ئەگەر بیتَ و ئەم بەسەر ھاتە لە ڕوانگەی زانستەکانی دەروونناسی و کۆمەڵناسی لێکبدەینەوە ئەوە دەبینین زۆرێک ھەڵدەگرێ و ڕەھەندە جۆراوجۆرەکانی بەدیار دەکەون و کەم نین ئەو کەسانەی وەک ئەم پیاوە ھەڵسوکەوت دەکەن و دەبن بە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم زۆر دیاردە و دەستکەوت و بەرھەم لە ژیانی خۆی و کۆمەڵگا و بگرە جیھاندا.
ئەگەر ئەو کەسە و کەسانی ھاوشێوە و وەک ئەو لەسەر ئەم ھەڵوێستەیان ( جددی) و بەردەوام بن و ئەم ھەست و ھەڵوێستەیان لە ناخی دڵەوەیە با باش بزانن کەسانی لە بابەتی ئەم پیاوە نەخۆشدەروونن و پێویستیان بە چارەسەری خێرای دەروونی ھەیە تا زیان بە خۆیان و خەڵکانی تر نەگەینن یان پێویستیانە لە سایەی بیردۆزی کیێرت لیڤینی ئەڵمانی کە بە تیۆری دەرفەتی سایکۆلۆژی ( مجال النفسی ) دەناسرێتن کەسایەتیەکەیان توێژینەوی لەسەر بکرێت و بزانرێتن ئەوانە لەسەر چ بنەما و پرەنسیپێک لەو کاتە دا بەم رەفتار و بەرپەرچدانەوەیە ھەڵدەستن؟
ئەمرۆ لە گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی لە کوردستانی ئێمە و بگرە پارچەکانی تریشدا، ئەو جۆرە پیاوە ئەگەر زۆریش نەبن بەڵام بە دەگمەنیش نین. ئەوەتا لە پاش شکۆداری دەستھەڵاتی کورد لە قۆناغەکانی میدییەکان و تا ڕادەیەکیش سەردەمی ساسانیەکان، دوای داگیرکاری ئەرەبەبیابانیەکان( بەدوو) و دوای ئەوانیش بەدرێژایی ھزار و چەند سەد ساڵی ڕابردوو و لە ژێر دەستھەڵاتی بۆگەنی داگیرکەرانی کوردستان، ھەر لە خەلیفەکانی ئەمەوی و عەباسییەکان بگرە تاوەکو دوایین خەلیفەکانی سەدەی بیستەم، واتە خەلیفەکانی زۆردار و داگیرکەری ئۆسمانی، و ھەروەھاش لە سەردەمی سەفەوییە شێعەکان و پاشاکانی تری ئیمپراتۆریەتی ئێران و دوای ئەوانیش تا کاتی دوا خوێنمێژ و سەرکردەی ھەموو دیکتاتۆرەکانی جیھان سەدامی گۆڕ بە گۆڕ ئێمەی کورد ساتە وەختێکیش نەحەساوین و بەردەم لە ژێر چەکمە و پۆستال و زەبر و زەنگی ئەو دوژمنانە ناڵاندوومانە و بە درێژایی ھەموو ئەو ھزار و چەند سەد ساڵەیە پێاوچاکێکی موسڵمان و نەمۆسلمان لێی نەپرسیوین و فریادرەسێکمان نەبووە، تەنھا ئەوە نەبێ کە ھەمیشە دوعایەکانمان ئاراستەی خوای گەورە و میھرەبان و بێھاوتا و دادپەروەر و بەڕەحم و بەزەیی و دلۆڤانی و خۆشەویستی کردووە و ئەو (زاتە مۆقەددەسە)مان بە فریادرەسی خۆمان زانیوە و لێی پارَاوین کە لەو نەھامەتی و کۆشت و کۆشتارە رزگارمان بکات، و ئەویش، واتە خوای مەزن و دلۆڤان، لەو بەینە دا درێغی نەکردووە و دەھان و سەدان جار لە مێژوو دا ئێمەی لە دەست زۆردار و ستەمکاران قۆرتال کردووە و دواینی ئەو یارمەتیەش رزگاری نەتەوەکانی کوردستان بووە لە زۆرداری سەدەی بیست و یەکەم لە ساڵی ( ٢٠٠٣) لەسەر دەستی زلھێزێکی وەک ئەمریکا، چونکە وەک باب و باپیرانمان گۆتوویانە:" ھەر زاڵمەکی زەڤالەکێ ھەی". ئەوە لە کاتێکدا بوو کە لەناچوونی ڕژێمی بەعس وەک خەونێکی لێھاتبوو کە ھەمیشە وامان دەزانی ھەرگیز لەو خەونە تارماییە نەجاتمان نابێ و واماندەزانی قەدەر وای ویستووە ئێمەی کوردستانیان تا کۆتایی ئەم جیھانە لە ژێر دەستھەڵاتە داپلۆسێنەرەکەی دا بمینین، بەڵام خوای گەورە گەورەیی خۆی بە لەناوبردنی ئەو ڕژیچمە بۆ ئێمە و جیھانیان سەلماند.
ئا لەو کاتە و ھەمیشە و بەدرێژایی ئەو ھزار و چەند سەد ساڵە ھەر تاکێکی کورد لە بەشێک لە پێکھاتە و ستراکتووری کەسایەتی و مێنتالیتە( ئەقلیەتی) ھزری خۆی دا جێگایەکی تایبەتی بۆ خەونێک دانابوو کە ئەویش دروستبوونی " دەوڵەتێک" بوو بۆ ھەموو کورد و کوردستانیان بە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و ھزرییەکانیەوە. ھەڵگرتن و پاراستنی ئەو ئەلەمێنتە ھزرییە لە ناوەڕۆکی کەساتی و مێنتالیتەی تاکی کوردی کارێکی ئاسان و ھەوانتە نەبووە، بەڵکۆ زۆریش بە گرانی لەسەرمان کەوتووە. مەلیۆنەھا و ھزاران شەھید و ئەنفال و کێمیاباران و بریندار و ئاوارەبوون و قۆربانی و سەدان ڕاپەرین و کۆچڕەوی و ڕاگۆاستن و دەربەدەری و ئاوارەیی لە سایەی بوونی ھزرێکی لەم بابەتە لە ناخی ھزر و بیروبۆچوونی تاک و سەرکردەکانی کورد و کوردستان ڕوویانداوە. ئێمە ئەمرۆکەشی لەگەڵدا بێ خۆمان بە قەرداری ھەموو ئەوان دەزانین و مێژووش ھەرگیز ئەوانیان لە بیر ناچێ. بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە ئەوەتا لەو کاتە ناسک و ھەستیارە مێژووییەدا ھەندێ کەس ھەن دەیانەوێت ئەزموونی شکستخواردوو و دوور لە لۆژیکەکەی ئەو کابرایەی سەرەوە لە کوردستان جێبەجێ و دووبارە بکەن و ئەو ھەلەی لە دوای ھزاران ساڵ بۆ کوردستانیان ڕەخساوە لەبار بەرن، و بۆ ئەم کارەشیان مەھانەی وا دێنن کە لۆژیک و ھزر ( ئەقل و مەنتیق ) – بەلایەنی کەمەوە لەو قۆناغە لە مێژووی گەلەکەمان- قبوولی ناکاتن و بگرە و قبوولکردنیشیان لە لایەن ھەر مرۆڤێکەوە دەچێتە خانەی یەکێک لە دۆخەناڵەبار و نەخۆشیە دەروونییەکانی ناسراو بە پارانۆیا (paranoia) کە مرۆڤی نەخۆش تیایدا بەبەردەوامی گۆمانی لە ھەر ڕەفتار و وتە و ھەڵسوکەوت و بیروبۆژوونەکانی بەرامبەرەکەی ھەیە و ھەموو ئەو گۆمانە دەبێتە ھۆکاری ئەوەی ئۆقرەیی و جێگیری و سەقامگیری دەروونی لای ئەو کەسە تێک بچیتن و لەسایەی ئەو جۆرە رەوشە دەروونییە ئەو کەسە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ئاساییەکانی لەگەڵ خۆدی خۆی و دەوروبەرەکەی بپچرێنێ و بگرە زیانی گەورەش لە خۆی و ئەوان بداتن.
ئا لەو کات و ساتەدا و دوای ھزاران ساڵ نەھامەتی و بەدبەختی و بەتایبەت سەد ساڵی ڕەبەقی زۆرداری و ستەملێکراوی نەتەوەکانی کوردستان لە ژێر چەتری ڕەشی پەیماننامەی سایکس-پیکۆ، ئەمرۆکە ئێمە چەند ڕۆژێکمان لە کۆتایی پێھاتنی بەڕێ کرد، و ھەر تاکێکی کوردی ھەر چەند پارچەکانی کوردستان ئۆمێدیان وابوو و وایە کە مێژوویەکی نوێ و پرشنگدارتر لە ئاسۆی کوردستان بەدیار بکەوێ و لەکاتێکدا کە لە سایەی قۆربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگەی قارەمان لە جەنگی دژ بە قەڵەڕەش و شمشمەکۆێرەکانی ڕێکخراوی دەولەتی کارتۆنی ئیسلامی داعش، واتە چەتەکانی ئێران و سوریا و عێراق و لۆبنانی شێعە و ھاوتا سۆننیەکانیان لە تورکیا و سعۆدیا و پاکستان و ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و عەرەبی و کەنداوی فارسی و ... ھتد، بەدەستیان ھێناوە و توانیمانە بەھۆیەوە سەرنجی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئەورۆپا و ئیسرائیل و ... ھتد( ھەر چەندە بێگۆمان ئەوانیش بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان لەو ناوچەیە ھەیە بەڵام لەسەر بنەمای ئەوەی کە دوژمنی دوژمنم دۆستی منە، ئێمەش ناچارین پشتیان پێ ببەستین، چونکە برا مۆسلمانەکانمان لە جیھان بە ئەو پەڕی خراپەمامڵەمان لەگەڵدا کردووە و دەکەن)، بۆ لایی خۆمان ڕابکێشین، ئەوەتا چەند کەسانێکی ھاوشێوەی پیاوەکەی سەرەوە لێمان قیت بوونەتەوە و دەیانەوێت ناوی ئەزموونەکەمان بزڕێنن.
ئەو جۆرە کەسانە ھەڵگری ڤایرۆسێکی کۆشندەن و وەک سیگمۆند فرۆیدی بە ناوبانگ دەلێ لە سایەی پەروەردە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی (socialization) ھەڵە و نادوروست و دوور لە بنەماکانی سایکۆسۆسیۆلۆژیکی و پەروەردەیی و زانستی دروست لە قۆناغەکانی سەرەتایی ژیان و بەتایبەت لە ٥-٦ ساڵی یەکەمی ژیان کەسایەتیەکی ناھاوسەنگیان لێ دروست بووە و دواتر، وەک ئێریک ئێریکسۆنی دەروونناس ئاماژەی پێدەداتن لە قۆناغە جیاجیاکانی تری ژیان و ھەروەھاش لە قۆناغی ھەرزەکاری لەگەڵ پرۆسەی بینیاتنانەوەی ناسنامەی کەسێتی خۆی دەستەویەخە شکستی خواردووە و لە ئاکامدا لە رووی ستراکتوور و پێکھاتەی کەسایەتییەوە مرۆڤێکی شکستخواردوو و بێ ئۆمێد و پرَ لە کێشمەکێش و گیر و گرفت، و دواتریش کەسایەتیەکی خاوەن گرێ دەروونیەکان (عقدە نەفسی یان psychological complexes) لێی دروست بووە. ئەم کەسایەتیە لە ئاکامدا دوور نیە، وەک زانستی سایکۆلۆژیای کۆمەڵایەتی ئاماژەی پێدەداتن، کەساەتیەکی سایکۆپات یان دژە کۆمەڵایەتیشی لێ پەیدا ببێ (psychopath) و لە دژی ھەموو بەرژەوەندی و بەھا کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە باڵا و پیرۆزەکان بجوولێ و بەمەش لەمپەر بخاتە بەر ڕێڕەوەی کاروانی سەربخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان. ئەو کاروانەی کە ئەمرۆکە سەرکردەیەکی کارێزمای وەک جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ھەم وەک سەرپەرشتیار و سەرکردە و فەرماندەی ھێزی لەشگری و پێشمەرگەی کوردستان و ھەم وەک سەرکردەیەکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچە و جیھان، خاوەن ھەستی پارێزەری بەھا و پرستیژ و بنەما و پرەنسیپە پیرۆزەکانی کوردستان لە جیھان درەوشاوە و سەنگێکی بۆ کورد و کوردستانیان پەیدا کردووە.
بەڵام ئەو کەسانەی خاوەن گرێ دەروونییەکانن چاویان پێی ھەڵنایێ و ناتوانن بەسەر ئەو گرێ دەروونیانەیان زاڵ ببن و بوونەتە ئەسیری دەستی ئەو گرێ یانە، و ناتوانن ئاراستەیان بەرەو چاکە و خێروبێر بگۆڕن و ھێچ نەبێ وەک کورد گۆتەنی" ئەگەر گۆڵ نیت دڕکیش مەبە"، بەڵکۆ بەپێچەوانەوە ئەوان ئەمرۆکە ھەفساری گرێ دەروونییەکانیان و کەسایەتیان خستووتە دەستی ئەو نەیار و دوژمنانە کە بە درێژایی ھزاران ساڵی ڕەبەقی ڕابردوونەک چاکەی ئێمەمانانیان ویستووە بەڵکۆ بگرە سەرباری ئەوەی کە ھەموومان خۆمان بە نەژادی ئاریایی دەزانین و وامان دەزانی لە تەنگانە و بەلایەنی کەم لە پرۆسەی بەدەوڵەتبوونی کوردستان یارمەتیدەری ئێمە دەبن و لە دژی بەرەی عەرەبی-تورکی سۆننە مەزھەبدا پشتەوانی لە بیرۆکە و ئەو مافە ڕەوایەی گەلەکەمان دەکەن و دەیکەن بە بنچینەی یکگرتنمان لە ئاییندەدا وەک نەتەوەکانی ئاریایی لە ناوچەکە و بە ھاوکاری لەگەڵ گەڵانی تری ئاریایی لەم ناوچەیە، وەک سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ساسانی و پێشتر میدییەکان، و لەسەر مۆدێلی سەردەمیانە و بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و کەلتووری و سیاسی ئەم نەوتەوانە و نەژادە یەکێتیەک دادەمەزرێنین بەناوی" یەکێتیی ئاریایەکان " ھاوشێوەی یەکێتێ ئەورۆپا و ...ھتد. بەڵام دەبینین ھەر ئەم ئاریایانە ئەمرۆکە لە ھەموو کەس زیاتر بەروەڕوومان دەبن و کۆسپ و تەگەرەمان بۆ دروست دەکەن و ڕێگەی ھەڵبژارتن و ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان لەو پارچەیەی کوردستان لێمان ناخۆش دەکەن.
ئەوەتائەو نەخۆشدەرووننانە لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان خۆیان حەشارداوە و بە بڕۆبیانۆی جیاواز نایانەوێ و یان ھەوڵدەدەن نەھێڵن ئەو ئاواتە لە مێژینەی ھەر تاکی کوردستانی بەدێ بھێتن. ئەوان یان بە ھەڵگرتنی بیرۆکەی کوردستانی گەورە ( کە وەک کورد دەلێ " بەردی گەورە نیشانی نەھاویشتنە") یان بە بیانۆی کاروباری ناخۆیی و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و گەندەڵی و ... ھتد، دەیانەوێ زەمینە بۆ شێواندنی ھزر و بیرکردنی تاکی کوردستانی خۆش بکەن و لە جیاتی ئەوەی ئەو بابەتە ناوخۆییانە بۆ دوای ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردستان لەو پارچەیەی کوردستان( واتە کوردستانی باشوور) ھەڵبگرن دەیانەوێ بێی دوو و سێ و بە فیتی دوژمنان بەھا و پرەنسیپە پیرۆز و ھاوبەشەکانی تاک و نەتەوە جیاوازەکانی کۆمەڵگای کوردستانی وەلا بنێن و تاکڕەوانە خەڵکی سەرقاڵی بابەتی لاوەکی تر بکەن کە دوای دەوڵەتبوون تا ڕۆژی ( قیامەت) دەرفەتی چارەسەرکردنیانمان ھەیە. ئەوان دەیانەوێ بەو خزمەتە " ئافەرین! ئافەرین!" لە ئاغاکانیان وەربگرن وەک ئەوەی کە پێش ئەوان زۆر کەس و جاش و مۆستەشار و خۆفرۆش لە ڕژێمی بەعس وەردەگرت لە بڕی کۆشتار و جینۆساید و ئەنفالی کوردستانیان، بەڵام ( سەیید) ەکانیان ئەمرۆ نەماون و بە شەق تێھەڵدراون یان چوونەتە پاڵ داعشەکان، و ئەگەر ئەو کەسانە و جاش و مۆستەشارانە ئەمرۆ لە سایەی دۆخە نائاساییەکەی کوردستان ئازادانە دێن و دەچن و ھەندێکیان بەڵکۆ بەرپرسیارەتیشیان ھەیە بەڵام لە ڕاستیدا لە چاوی کوردستانیان و تەنانەت خۆدی خۆشیان بە مردوو دەژمێردرێن، چونکە لە پێکھاتەی کەسایەتی مرۆڤدا شوێنێک یان ئەلەمێنت یان پێکھاتەیەک ھەیە بەناوی ویژدان(consciousness) کە خۆی لە خۆیدا چەوتی و ھەڵە و ناڕاستی و بێ ویژدانی و غەدر و فرت و فێڵ و درۆ و دەلەسە و زۆرداری قبووڵ ناکات و بەھەبوونی ئەو خەسڵەتە خراپانەی مرۆڤ کە دەبنە ئەگەری پیسبوونی سایکۆلۆژی( تلوپ نفسی ) لای ئەوان ئەو کەسانە ھەمیشە خۆیان شەرمەزاری کۆمەڵگا دەبینن و زۆریان دوور یان نزیک لە ژێر گوشار و پاڵەپەستۆی ئەم ھزرانە تووشی نەخۆشیە سەختەکانی دەروونی دەبن و ڕیسوای ھەر دوو جیھان و مرۆڤایەتی و گەل و نەتەوەکەیان دەبن و بەر نەفرەتیان دەکەون.
جەنابی سەرۆک بارزانی ئەمرۆ ھەڵگری ئاڵای بەھا و بنەما و پرەنسیپە بەرز و پیرۆزەکانی کۆمەڵگای کوردستانیە و جگە لە بەرژەوەندییە گشتییەکان و گەیاندنی کەشتی کوردستانیان بۆ کەنارەکانی ئارامی " بە دەوڵەتبوون" ھیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی تر نابینێ، و ئێمەی کوردستانیەکان لە بڕی لەمپەر خستنە بەر ئامانجە پیرۆزەکانی ئەو زاتە ماندوونەناسە، دەبوایە سوپاسمەندی خوای گەورە بین و بۆ تەمەن درێژیی بەڕیزیان بپاڕێینەوە و بە ھەر دوو دەست دەستە گەرم و پڕئۆمێدەکانی بگوشین و لە بڕی دڵسارد و بێئۆمێدکردنی لە ھاژۆتنی ئەم کەشتییە دڵشکاوەیە، بۆ جەنابی ببین بە پشت و پەنا و پاڵدەر و خەونی دوژمنان لە ژێر گڵ بنێین تا جارێکی تر کەسیان جۆرئەت نەکاتن وەک ئەوەی بەو ھەموو ساڵانە لە دژی ئێمەیان کردووە و بە ئێمە ڕەوایان بینیوە، جارێکی تر دووبارە ببێتەوە و پاش دروستبوونی "دەوڵەتی کوردستان" با ئەو لایەنانە بێن و بزانین چیان دەوێ، بە پێچەوانەوە ھەموومان و بەتایبەتی ئەوان دەکەوینە بەر نەفرەتی نەوەکانی داھاتوو و مێژوو. با ئێمەیش دەوڵەتێکمان ھەبێ و وەک دۆستی کورد، ئیسماعیل بێشکچی، دەڵێ: "خراپترین دەوڵەتیش بێ لە نەبوون باشترە". ھەبوونی دەوڵەتی کوردستان زۆرێک لە ئازارە سیاسی، مرۆڤی و سایکۆلۆژی، ئابووری، کەلتووری و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگی، و لەشگەری و ... ھتد، و گیروگرفتەکانمان کەم دەکات یان چارەسەریان دەکات چونکە دەبین بە خاوەن سەروەری و سنووری دانپێدراوی نێونەتەوەیی و سیاسی و وەک ئەندامێکی (UN) لە زۆرێک لە دەستکەوتە ھاوبەشەکانی جیھان بەھرەمەند و بەشدار دەبین.
ئەو بابەتە قسە و باس زۆر ھەڵدەگرێ و ئێمە لێرە و لەو گۆتارەدا بەپەلە تیشکێکمان خستووتە سەر بەڵام ئەی ئەو کەسەی ئەم خەسڵەتانەی سەرەوە لە بوونی خۆت دا ھەست پێدەکەی خۆت ببە بە دادوەر و وەڵامی ئەم پرسیارانە بدە: ئایا ئەمە ڕەوایە ببی بە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم قوت و بژێوی کوردستانیان و بڕیاردان لەسەر مافی چارەنووسیان و ئاییندەی نەوەکانمان؟ ئایا ئەو ھەموو زۆرداریەمان لێکراوە بەس نیە ھی تۆش بێتە سەری؟ ئایا حەسوودی و چاو ھەڵنەھاتن بە کەس و لایەنەک بە ھەر ھۆکار و بیانۆیەک بێ ئەو مافەت دەداتێ تۆش ئێمە لە تام و چێژی ژیان و بەدەوڵەتبوون بێبەش بکەی و پرۆسەکە تێکبدەی؟ و ھزاران پرسیاری لەو بابەتە، کە ئەگەر خۆت بیریان لێبکەی و وەڵامیان بدەی باشترە لەوەی کە خەڵک و لایەن و وڵاتی تر بینخەنە ناو مێشکت. ئایا ئەو کارانە و ھەڵوێست و رەفتارانە ھەمان سەر لە نوێ زیندووکردنەوەی پەیماننامە ڕەشەکەی سایکس – پیکۆ نیە؟؟؟ تو خۆا وەرن دووبارە ئەم پەیماننامەیە بەسەرماندا ساغ مەکەنەوە!! تکای خۆاتان لێدەکەین.
*مامۆستای ئەکادیمی/بسپۆری زانستەکانی سایکۆلۆژیا و پێداگۆگی/ زانستگەی زاخۆ






Top