رێككەوتن لە نێوان نواندنی قەبارە و نەبوونی روئیا

رێككەوتن لە نێوان نواندنی قەبارە و نەبوونی روئیا
كەس لاری لەوە نییە كە یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنیان لە كاتی خۆیدا كردووە! بەڵام ئەندازیاری ئەو رێككەوتنە نەك هەر نەیتوانیوە خواستی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی لە واقیعدا بەرجەستە بكات، بەڵكو جارێكی تر لەژێر نواندنی قەبارەدا تێر حەشوە كراوە، وەلێ دنیایەكی تاریكتری وەبەر ئەو دوو هێزە خستەوە بەشێوەیەك ئێستە هیچ تاسەیەك نییە لە وێنای یەكێتیدا وەك رێكخراوی سیاسی یەك مۆدێلی پێشكەشكراو خۆی پێشان داوە، هیچ سحرێك لە مۆدێلی جیاوازدا لە گۆڕاندا نەبوو، تەنیا دەتوانرێت ئەوە ببینرێت كە گۆڕان لێكەوتەی حەزی دەسەڵات و كێشمەكێشی پاوانخوازیی ناو یەكێتی بوو.
دواجار لە رێككەوتنەكەدا بەهەمان ئەدەبیاتی سیاسی خۆی خستەوە روو، چونكە رێككەوتنەكە ئەوەندەی لە عەقڵیەتی مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵات و چەسپاندنی هێز بەرجەستە بووە، ئەوەندە لە پێویستی دنیابینییەكی روون بۆ ئەو واقیعەی سەپاوە بەسەر هێزە سیاسییەكانی كوردستان كە خاوەن چ پڕۆژەیەكی ستراتیژی روونە؟ بەرجەستە نەبووە.
ئەگەرچی گۆڕان زەڕبەی گەورەی لە زەوینەی لەدایكبوونی هێزی جیاواز و ئۆپۆزسیۆنی جیاوازدا، جگە لەوەیش شاری سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری و كۆڕی شاعیران و رۆشنبیران، كردە پایتەختی بزووتنەوەی پۆپۆلیستی و بەرگێكی حزبی سیاسیی تەسكی وەبەر كۆڕەكان و شاعیرانیش كرد، رەنگە جیاوازییەكانی سلێمانیشی لە رەش و تاریكدا وێنا كرد و بەشێوەیەك هەر دەنگێك لەو شارە جوانەدا بە پێچەوانەی ئەوان بووایە، دەكەوتە بەر شاڵاوی تیرۆركردنی فكر، بەڵام رێككەوتنەكەیش لێكەوتەی ناڕوونی و لێڵی ئەو واقیعەن كە بەسەریاندا سەپاوە و ناتوانن وەڵامیان هەبێت، ئاخر عێراق بەرەو كۆتا دەچێت كە بەرەی ئەوان بە خەونی شاعیرانە پێناسەی كردبوو، ئایا جگە لە عێراقی یەكپارچەی مردوو، لەگەڵ دەوڵەتی كوردستان هیچ نەخشەڕێگەیەكی تر وەبەر گۆڕان و یەكێتی دەكەوێت؟!
رێككەوتنەكە ئەوەندەی لە ناڕوونیدا وێنا بوو، ئەوەندە لە هیواوە نەهات، ئەگەر هێزی سیاسیش پڕۆژەی روونی نەبێت لە تاقیگەی سیاسیدا، لە مەترسی سفر بەدەستەوە نزیك دەبێت. پێویستی گۆڕان و یەكێتی رێككەوتن نەبوو بۆ مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵات، چونكە هێز بەرئەنجامی دنیابینیی روونە، نەك بەرئەنجامی قەبارە، جا ئەگەر یەكێتی و گۆڕان، هێز لە قەبارە دەبینین، ئەوە دڵنیاین خستنەڕووی قەبارە، جگە لە گەڕێكی تری نائارامی هیچ بەرهەمێكی تێدا نادوورێتەوە، ئاخر نواندنی قەبارە لە 23ی حوزەیران دەریخست ناتوانن تەكان بە گۆڕانكاری بدەن لە هێزدا، كاتێك پارتی هاتە بەردەم بەرەی 23ی حوزەیران، روانگەی پارتی ئەوانی لە سلێمانیدا قەتیس كرد و كەسیش قسەیەكی لەسەر نەكرد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، هۆكارەكە ئەوەبوو بەرەی 23ی حوزەیران جگە لە نمایشی قەبارە، هیچ وەڵامێكیان بۆ پرسیارە گەورەكان پێ نەبوو، لێكەوتەكانی ناوەخۆیش بەرئەنجامی حەزێكی رووتی بەغیلین، چونكە لە بنەڕەتدا تێكچوونی ناوخۆیی لە بۆشاییەكی ترسناكی بێ روئیایی 23ی حوزەیران هات، بەرهەمەكەشی تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی حزبیدا بەشكست نەوەستا، بەڵكو قورساییەكەی گواستەوە بۆ سەرشانی خەڵكیش.
Top