ھەرێمی کوردستان دوای نەمانی داعش

ھەرێمی کوردستان دوای نەمانی داعش
ھەروەک چۆن دەرکەوتنی داعش و بوونی بە دەوڵەتێکی گەورە، رووداوی تازەی لەناوچەکە خوڵقاند، بێگومان نەمان و کۆتایی ئەم ھێزە، رووداوی گەورە بەدوای خۆیدادێنێت و ھیچ رووداوێکی لەم جۆرەش نییە کەم و زۆر کاریگەری لەسەر کورد و پێگەی ھەرێمی کوردستان دانەنێت.

ئێستا دەنگێکی کەم لە ناو نووسەران و رۆشنبیرانی دەرەوەی پارتی دەبیسترێت، کە بەرچاوروونی بە سەرکردە سیاسییەکان دەدەن، بۆ ئەوەی پێش کۆتایی داعش پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆێی بەکۆتا بھێنن. ئەم روانگانە کەمن و تا ئەم ساتە تەنھا پارتی و نووسەرانی سەر بەم حزبە پێشەنگی دەستوبردی کۆتایی ھێنانی ریفراندۆم یان دروستکردنێکی دەوڵەتی کوردین، لانی کەم لە باشووری کوردستان.

بێگومان روانگەی رۆشنبیرانی نزیک لە یەکێتی و گۆڕان و تەنانەت حزبە ئیسلامییەکانیش بۆ پەلەکردن لە پرسی ریفراندۆم گرنگە، چونکە ئیتر پارتی بەتەنھا داوای ئەم مافە گرنگە ناکات و ھاوبەشەکانیشی دەگەنە بروایەکی جیاواز لەوەی پێش ئێستایان.

ھەرگیز گرنگ نییە ئەوان چ پاساوێک بۆ ئەم پرسە پەیدا دەکەن، بەتایبەت پێشبینی مەترسی ئەوەی، ئەوان ناوی لێ دەنێن، دوای داعش. کەدوای داعش پێشبینی لاوازی پێگەی کورد دەکەن. ئەوەی گرنگە و سیاسەت و ستراتیژیەتی سەرۆک بارزانییە، دەستەبەری قەوارەیەکی کوردیە پێش ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا لە کۆتایی ئەمساڵ. راستە سەرۆک بارزانی و پارتیش پەلەیانە لەم ھەلە مێژوویە زێڕینەی ئێستا کەڵ وەربگرێت، تا ئەوکاتەی کۆتایی بەداعش ھاتووە ئیتر کوردیش لە ژێردەستەیی رزگاری بووە. بەدڵنیایشەوە بەدەستھێنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ پێگەی کورد دەگەیەنێتە ئەو ئاساتەی ھەرگیز ھیچ دەوڵەت و ھێزێک جورئەتی ئەوە نەکاتەوە, داعش و جانەوەری تر بە کژ کوردستاندا بکاتەوە.
Top