سەرکردەکانی قەندیل و ھەرێمی کوردستان

سەرکردەکانی قەندیل و ھەرێمی کوردستان
بەپێی پلانێکی نەخشە بۆ دارێژراو ھەر جارەو یەکێک لە سەرکردەکانی پەکەکە لە قەندیل، لە پەنای پرسی سەربەخۆیی کوردستان ھێرشێکی مەبەستدار بۆ سەر پێگەی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

سەرکردەکانی پەکەکە ھێندە نارەوایانە کەوتونەتە ھێرشی میدیای بۆ سەر کوردستان، پرسێکی وەکو سەربەخۆیی کوردستان، بە سیاسەت و ستراتیژیەتی تورکی دەبەستنەوە و بە ئاشکرا دەلێن پرسی سەربەخۆیی کوردستان پرۆژەی تورکیایە!

با لەوە بگەرێن کە ئەوان خۆیان راشکاوانە رەتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان دەکەن و بەجدیش دژایەتی دەکەن، بەڵام رەوای ھەق نییە ئەم پرسە گرنگە کە کورد سەدەیەکە خوێنی بۆ دەبەخشێت بە ستراتیژیەتی وڵاتێکی داگیرکاری کوردستان ببەسترێتەوە.

راستییەکەی ئەوەی جەمیل بایک و رەزا ئاڵتون و سەرکردەکانی تری پەکەکە لەبەرامبەر سەربەخۆیی کوردستان دەیکەن، جێبەجێکردنی فەرمانی ئێرانە، ئەو ئێرانەی جیا لە ھەموو دەوڵەتانی دونیا دژایەتی سەربەخۆیی کوردستان دەکات.

سەرکردەکانی قەندیل دەیانەوێت ھەروەک چۆن پرسی کوردیان لە باکوور بەھەدەرداو بوونەتە لەمپەر لەپێش دەسکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان، بەھەمان نەفەسیش کار بۆ دژایەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، ئەم کارەشیان تەواوکاری ھەڵگیرسانی پێنج جەولەی یەک لەدوایەکی شەرە دژ بە پێشمەرگەی کوردستان لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو. بێگومانیشم ھەروەک چۆن لە مەیدانی شەری براکوژی دژی باشوور ئەنجامێکی باشیان بەنسیب نەبوو، دژایەتی ئێستاشیان بە شکستێکی عەسکەری و سیاسی کۆتایی دێت.
Top