مێجەر نۆئێل لۆرانسی نەناسراوی كورد

مێجەر نۆئێل  لۆرانسی نەناسراوی كورد
مێجەر نۆئێل (مێجەر ئێدوارد ولیەم چارلس نۆئێل) لەسەروبەندی داگیركردنی عێراقدا لەلایەن بەریتانیاوە وەك سیاسەتمەدارێكی ئینگلیز و لایەنگری دۆزی نەتەوەیی كورد بەدەركەوت، هەر لە دامەزراندنیەوە وەك راوێژكاری شێخ مەحمودی حەفید لەساڵی 1918 و تا كۆتایی كۆنگرەی قاهیرە، یان( كۆنگرەی چل دزەكان) بە گوتەی خودی چەرچل لە ساڵی 1921.
مێجەرنۆئێل لە كۆلێژی گوتاربێژی لە پەرمەنگەهام و لە ئەكادیمیای سەربازیی پاشایەتی لە كێنت خوێندوویەتی، هاوكات پۆستی چەندین ئەركی هەواڵگری و قونسڵگەریی و سیاسیی وەرگرتووە، لەم بوارەدا و لەمیانی كاركردنی بۆ پتر لە چوار ساڵ لە ئێران شارەزاییەكی گرنگی دەربارەی كورد پەیداكردووە.
دوای ئەوەی هێزەكانی بەریتانیا لە ساڵی 1918 بە هاوكاریی شێخ مەحمود حەفید شاری سلێمانییان لە چنگ عوسمانییەكان رزگاركرد، شێخ مەحمود وەك حوكمداری سلێمانی و دەوروبەری دامەزرا و مێجەر نۆئێلیش وەك راوێژكاری ئەو. مس بێل دەڵێت: لەگەڵ گەیشتنی نۆئێل بۆ سلێمانی بە گەرمییەوە پێشوازیی لێكرا، هەر دوای ئەوەی دەستی بەكاركرد چەند فەرمانبەرێكی كوردی لە ناوچەكانی سلێمانی دامەزراند و بەپێی توانا فەرمانبەرە عەرەب و توركەكانی گواستەوە و فەرمانبەرانی كوردستانی لە شوێن ئەوان دانا، هاوكات سەربازو ئەفسەرانی توركی بۆ بەغدا گواستنەوە، هەر لەگەڵ گەیشتنیشی بۆ سلێمانی چەند هەنگاوێكی خێرای هەڵێنا بە هۆی برسێتیی دوای شەڕ، لەوانە هێنانی خۆراك و تۆوی دانەوێڵە و پێداویستییەكانی بازاڕ، هەروەها چەند هەنگاوێكی بەپەلەشی هاویشت بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتە گەورەكان لەسەر بودجەی حكومەتی بەریتانیا، چونكە ئەو كاتەی گەیشتە سلێمانی ئەو شارە لە وێرانە دەچوو، هەروەها بازرگانی و جووڵەی بازاڕیش پەكی كەوتبوو.
مێجەر نۆئێل، هەروەكو ماكدۆل باسی دەكات كە پشتیوانی سەرەكی و خەمخۆری خواستەكانی كورد بووە، كاتێ لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی بەریتانیا لە عێراق گفتوگۆی كردبوو دەربارەی سێ شێوازی دەوڵەتی كوردی، ئەو كاتەی كە كێشەی كورد لە كۆنگرەی ئاشتی خرابووە بەر باس، لەو بوارەدا چەندین بیرۆكەی گەڵاڵەكردبوو :
1- كوردستانی باشوور: سەنتەرەكەی سلێمانییە و هەردوو زێ و رەواندزو هەولێرو كەركووك و كفری و خانەقین دەگرێتەوە.
2- كوردستانی ناوەندی: سەنتەرەكەی موسڵە.
3- كوردستانی خۆرئاوا: سەنتەرەكەی دیاربەكرە كە لە باكوورەوە درێژدەبێتەوە تا ئەو شوێنەی كە زۆرینەی دانیشتوانی كوردە، بەمەرجێ ئەو هەموو شێوانە پارێزگاریی و راوێژكاریی بەریتانیایان بۆ دابین بكرێت.
جا بۆ دڵنیابوون لە هەڵوێستی كوردو عەشیرەتەكانی لەهەمبەر دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی، نوئێڵ ساڵی 1919 بە یاوەریی كامەران و جەلادەت بەدرخان بۆ بەدواداچوونی راستییەكان گەشتێكی بە ناوچەكانی كوردستانی رۆژئاواو ناوەنددا كرد، بەڵام هێزێكی توركی رێگای لێگرت و نەیهێشت ئەركەكەی لەهەموو ناوچەكە تەواوبكات و داوای لە دەسەڵاتی بەریتانیا كرد كە بیگەڕێنێتەوە حەلەب. لەگەڵ ئەوەدا نۆئێل راپۆرتێكی بە 77 لاپەڕە بە ناونیشانی ( رۆژانەی مێجەر نوئێل دەربارەی ئەركێكی تایبەت لە كوردستان لە 14ی حوزەیران تاكو 21ی كانونی یەكەمی 1919) پێشكەش بە بەرپرسەكانی خۆی كرد كە چەندین زانیاریی بەهاداری دەربارەی رەوشی سیاسیی كورد لەخۆگرتبوو، تێیدا هاتبوو: چەند زەحمەتییەكی كەم رووبەڕووی پێشنیارەكەی بەریتانیا دەبێتەوە تایبەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی و باسی ئەوەشی كردبوو كە بزووتنەوەی نەتەوەخوازیی كوردی زۆر بە هێزە، جەختیشی كردبۆوە كە هەمان رێوشوێن بگرنەبەر پەیوەست بەو ناوچانەی دەكەونە باكووری ویلایەتی موسڵ.
هەروەها لە یاداشتی رۆژانەیدا هاتبوو: (دەتوانرێت پاساوی مێژوویی بۆ سەربەخۆیی كوردی بهێنرێتەوە، زیاتر لەوەی كە ئەرمەن داوای دەكات، چونكە دوا شوێنەواری ئەرمەن لە سەدەی چواردەهەمەدا نەماوە، هەروەها نوێنەرانی ئەرمەنی بە چەواشەكردن تۆمەتباركرد، ئاماژەشی بەوە كرد كە ئەگەر بیانەوێت ئەرمینیای گەورە دابمەزرێت (بەوەی 4 ویلایەتی كوردی بخرێتە سەر)ئەوەش مانای وایە(1143000) هاووڵاتی كورد لەلایەن كەمتر لە (14300 ) ئەرمەنییەوە جوكمڕانیی دەكرێن. هەروەها لەگەڵ راپۆرتەكەشیدا نەخشەیەكی كوردستانی هاوپێچ كردبوو كە لەسەری نووسرابوو (ئەمە خاكی كوردانە و نابێت ئەرمەن داوای بكات)، لەبەر ئەو هەڵوێستە پشتیوانیكارانەی بۆ دەوڵەتی كوردی، هەندێ ناوەندی حوكمڕانی بەریتانیایی كە دژی پڕۆژەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی بوون، بە چاوی گومانەوە سەیریان دەكرد چونكە بووبووە لایەنگرێكی بەهێزی نەتەوەی كورد، بەتایبەتیش كاتێ ئەو بابەتە لە كۆبوونەوە فەرمییەكاندا دەخرایەڕوو، كاتێكیش لە كۆنگرەی قاهیرەدا دەربارەی چارەنووسی عێراق لە ئاداری ساڵی 1921 گفتوگۆی دەربارە ئەنجام درا. تەنانەت هەندێكیان ترسیان لەو راوبۆچوونانەی مێجەر نۆئێل لێ نیشتیوو ئەوانەی باسی كوردستانیان دەكرد، بۆیە دەبینین كە جی بی هولەر راوێژكاری سیاسیی بەریتانی لە ئەستەنبوڵ دەربارەی ئەو دەڵێت: ئەو زۆر دەمارگیرە و دەترسم نۆئێل ببێتە لۆرانسی كورد و بە پەیامبەری كورد وەسفی كرد)
هەروەها سی جی ئەدمۆنز ئاماژەی بە هەڵوێستەكانی مێجەر نۆئێل كردووە بەوەی كە پشتگیریی لە نەتەوەی كورد دەكات و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییە، كاتێ دەڵێت: ( نۆئێل بە هەموو توانایەكییەوە كۆششی دەكردتاكو سەید تەهاو سمكۆ و شێخ مەحمود بەیەكەوە كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی كارێكی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام لە هەوڵەكانیدا شكستی هێنا).
دوای ئەو هەموو شتانە، ئایا ئەو پیاوەی كە داكۆكیی لە كوردو كێشەكەی كردووە لە ناسكترین و وردترین هەڵوێستدا، چ لە ناو هۆڵەكانی وەزارەتی كۆلۆنیالیكراوەكان یان وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، یاخود لەگەڵ كارمەندە سەرسەختەكانی بەغدا وەك ئانۆڵد ولسن، ولیەم ولكۆلس كە بە ( لۆرانسی كورد) ناوزەدیان كردووە، ئایا شایانی ئەوە نییە شەقامێك یان باخچەیەكی كوردستانی بەناو بكرێت؟

Top