پۆپۆلیزم .. دیموكراتیەتی بێ مانا كردووە

پۆپۆلیزم .. دیموكراتیەتی بێ مانا كردووە
پۆپۆلیزم هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ لیبڕاڵ دیموكراتی.. له‌ سه‌رده‌می رۆمانه‌كانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا هه‌ر حكومه‌تێك پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پیاده‌كردبێت، رووبه‌ڕووی جۆرێك له‌ سه‌ركرده‌ی پۆپۆلیستی بووه‌ته‌وه‌، هه‌موو ئه‌م سه‌ركرده‌ پۆپۆلیستانه‌ش به‌وشێوه‌یه‌ خۆیان نمایش كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكن و ئه‌وانی دیكه‌ گه‌نده‌ڵن و دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان كه‌وتوون. ئه‌م دیاره‌ده‌یه‌ له‌ تیریۆس كاراگاسی رۆمانییه‌وه‌ بۆ پاڵه‌وانانی پۆپۆلۆی میكاڤیلی له‌ سه‌ده‌ی شانزه‌ و جاكۆبیانی فه‌ره‌نسا له‌ كۆتایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و جاكسۆنیانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌می ئه‌مه‌ریكا، هه‌موویان به‌ یه‌ك ئاراسته‌ كاریان كردووه‌ و هه‌وڵیان داوه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای هاندانی جه‌ماوه‌ری بۆ دژی گه‌نده‌ڵی و خێری گشتی پڕوپاگه‌نده‌ بكه‌ن و به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، هه‌تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌م دیارده‌ی پۆپۆلیزم ببێته‌ دیارده‌یه‌ك هاوشانی دیموكراتی، به‌ڵام له‌ دوای كۆتاییهاتنی جه‌نگی دووه‌می جیهانی و هه‌تا حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، كه‌ تیایدا گه‌شه‌كردنی ئابووری به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان هاته‌كایه‌وه‌، ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوای لیبڕاڵ دیموكراتی هه‌وڵی خۆیان خسته‌كار بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گوتاره‌ ساده‌ و ساكار و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی سه‌ركرده‌ پۆپۆلیسته‌كان دووربخه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكرد پۆپۆلیستی راست ته‌نیا له‌ سه‌ر ئاستی لۆكاڵی گوتاره‌كه‌ی سه‌رنجڕاكێش بێت و له‌ سه‌ر ئاستی نیشتمانی جێگه‌ی بایه‌خ نه‌بێت، هه‌روه‌ها پۆپۆلیستی چه‌پیش كه‌ به‌ رۆشنبیری دژی دیموكراتی (Counterculture) به‌شداری هه‌ڵبژارده‌نه‌كانیان ده‌كرد، هه‌تا ده‌ستبه‌رداری توندوتیژی نه‌بوون، نه‌یانده‌توانی نوێنه‌رایه‌تی له‌ په‌رله‌مانه‌كاندا به‌ده‌ست بهێنن، هه‌ر بۆیه‌ وه‌ك هه‌ردوو زانای زانستی سیاسه‌ت (سیمور مارتن لیبست و شتاین رۆكان) ئاماژه‌یان پێكردووه‌، له‌ ساڵانی شه‌سته‌كان هه‌تا نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، هه‌یكه‌لی پارته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای باكوور و ئه‌ورپا له‌ ئاستێكی به‌رزدا پته‌وبوون و هه‌ر له‌ كۆپنهاگن-ـه‌وه‌ بۆ پاریس و رۆما و ستۆكهۆڵم و ڤێننا و واشنۆن، ته‌نیا ئه‌و پارتانه‌ ده‌یانتوانی نوێنه‌رایه‌تی به‌ده‌ست بهێنن كه‌ بڕوایان به‌ سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی و دامه‌زراوه‌كانیان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ دوای نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ قۆناخێكی دیكه‌ی ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی پۆپۆلیزم ده‌ركه‌تۆته‌وه‌ و پۆپۆلیست توانیویه‌تی به‌ ره‌گ و ریشه‌ی حزبه‌ دیموكرتییه‌كاندا رۆبچێت و توانیویه‌تی گوتاری پۆپۆلیستی خۆی بخاته‌ نیو ئه‌جیندای سیاسییه‌وه‌، بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیی پۆپۆلیستیش پێویسته‌ دامه‌زراوه‌ سیاسییه‌كانی ده‌وڵه‌تانی لیبڕاڵ دیموكراتی له‌ هه‌ردوو به‌ری ئه‌تڵه‌سی رێگه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌ خراپه‌كانی دیارده‌ی پۆپۆلیستی بگۆڕن بۆ خزمه‌تی دیموكراتی و ده‌بێت هه‌وڵبده‌ن ئه‌و بنه‌مایانه‌ی پۆپۆلیست له‌ سه‌ر خواست و گازنده‌ی خه‌ڵك به‌ شێوه‌یه‌كی ساده‌ و ساكار گوتاری سیاسی خۆی له‌سه‌ر دروست ده‌كات، وه‌ڵامدانه‌وه‌ بۆ ئه‌و خواست و گله‌یی و گازندانه‌ هه‌بێت، له‌مه‌ش زیاتر پێویسته‌ حزبه‌ دیموكراتییه‌كان خه‌ڵك بگه‌یه‌نه‌ قه‌ناعه‌ت، ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ ساده‌ و رووكه‌شانه‌ی كه‌ سه‌ركرده‌ پۆپۆلیسته‌كان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌یخه‌نه‌ڕوو، نه‌ك هه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو پرۆسه‌ دیموكراتییه‌كه‌ش به‌ره‌و شكست و هه‌ڵدێر ده‌بات."
نووسینی: یاشا مۆنك
سه‌رچاوه‌: پۆپۆلیزم هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ لیبڕاڵ دیموكراتی _ گۆڤاری فۆرین ئه‌فێزر
Top