گەڕانەوەی ئابڕومەندانەی ڕێكخەری گشتی
May 20, 2016
وتار و بیروڕا
ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی تەنیا و تەنیا لە قازانج یەك شەخس بوو ئەویش ڕێكخەری گشتیی گۆڕان. ئەو كە حەفت ساڵ بەر لە ئێستا یەكێتیی لەت كرد لە ڕێی موریدەكانییەوە تێر و پڕ جنێو و تۆمەتی بە هاوسەنگەرە دێرینەكانی و شەخسی مام جەلال بەخشی. تەسەروفاتی فەوزەوی و عەبەسیخوازانە وای كرد دەستیان لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستان كورت ببێتەوە. نەوشیروان وەك پیشەی هەمیشەیی خۆی ڕێی زیزبوونی گرتەبەر و حەفت مانگ بە بێ دەنگی لە دەرەوە مایەوە.
لە گەڕانەوەیدا دەبوایە قسەی لەسەر پڕۆسەی سیاسی و هۆكاری شكستەكانی بزووتنەوەكەی بكردایە بەڵام خۆی لەوە بوارد و بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئابڕوومەندانە بگەڕێتەوە گۆڕەپانی ئیعلامی بژاردەی تەنازول بۆ یەكێتیی هەڵبژارد و خۆی كردە ناو ماڵێك كە كاری بۆ ڕیسواكردنی كردبوو. نەوشیروان مستەفا تەنازول بۆ پارتی بە ئینتحار لە قەڵەم دەدا بۆیە پێی لە ناخ و غرووری نا و گەڕایەوە مەحەفەلی هاوسەنگەرە دێرینەكانی.
ئەو گەڕانەوەیە لە لایەن بەشێكی یەكێتی كە زۆر لە لایەن نەوشیروانەوە ئازار درابوون فرسەتێكی باش بوو بۆ ئەوەی هیچ نەبێ لە جنێو و شەڕفرۆشتنی شاگردەكانی ڕێكخەری گشتی ڕزگاریان بێت و بە حەماسێكی زۆرەوە قبوڵی نەوشیروانیان كرد و بۆ ئەو مەبەستە نمایشێكی ئیعلامیی گەورەیشیان بۆ ساز كرد.
باشترین دەستكەوتی یەكێتی ئەوە دەبێت چیتر گۆڕان ناتوانێ بە شەڕی ئیعلامی ئازاری بدات، چیتر هەردوولا ناتوانن پارتی بە موسەببی ناعەدالەتی و گەندەڵیی دەڤەری سلێمانی تۆمەتبار بكەن، چونكە ئەوەی لەوێدا هەیە نەتیجەی سەلیقەی ئیداری و سیاسیی هەردوولایە. لەگەڵئەوەیشدا نەوشیروان مستەفا هەرگیز ناتوانێ وەڵامی دەنگدەرەكانی بداتەوە كە ئەی لەم حەفتساڵەدا دروشمەكان چییان لێ هات؟ ئایا جەماوەری گۆڕان هەڵخەڵەتێندران؟
پارتی نیگەرانە لە یەكێتی كە پرسی پێ نەكراوە و شەرعیەتی داوەتە گەڕانەوەی كەسێك كە ئامۆژگاریی موریدەكانی دەكرد كونسوڵ بكوژن و ئەندازیار بدزن. بەشێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیگەرانن چونكە ئەزموونی كاریان لەگەڵ نەوشیرواندا هەیە و ئەزانن دەرفەتی بۆ بڕەخسێت ناكۆكییەكان قووڵ دەكاتەوە. كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان ئامادەی ڕێوڕەسمەكە نەبوون چونكە نەیانویست ببنە بەشێك لە شەرعیەتدان بە نماییشێكی سیاسی بۆ خاتری كەسێك.
ڕێككەوتنەكە ئەركی خۆی بەجێگەیاند و كەسەكەی گەڕاندەوە بۆ پڕۆسەی سیاسی بەڵام ناتوانێ ببێتە نەخشەڕێگەیەك بۆ داهاتووی كوردستان، هۆكارەكان مەعرووفن و پێویست بە دووپاتكردنەوە ناكات. تەنانەت خودی ڕێكخەری گشتی لە قسەكانیدا ناڕاستەوخۆ گومانی لە جێبەجێكردنیدا هەبوو كە گوتی: " عیبرەت لە جێبەجێكردنە نەك نووسین".