حزبى دیموكرات: پشتگیرى پرسى ریفراندۆم ده‌كه‌ین

حزبى دیموكرات: پشتگیرى پرسى ریفراندۆم ده‌كه‌ین
ژیریى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كورد به‌ ئه‌نجامى سه‌ربه‌خۆییمان ده‌گه‌یه‌نێت



به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى حیزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران ده‌ڵێت، دڵنیاین كه‌ گۆڕانكاریه‌كانى ناوچه‌كه‌و ژیریى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان و خه‌باتى بێ پسانه‌وه‌و به‌رده‌وامى كورد به‌ ئه‌نجامى سه‌ربه‌خۆیمان ده‌گه‌یه‌نێت.

موحه‌مه‌د سالح قادرى به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى حزبى دیموكراتى ئێران تایبه‌ت به‌ (خۆرنیوز) ڕایگه‌یاند: " پرسى ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیى داوایه‌كى ره‌وایه‌ كه‌ به‌ درێژایى 100 ساڵى رابردوو هه‌موو ئه‌و مه‌ینه‌تى و كاره‌ساته‌ تراجیدیانه‌ى به‌سه‌ر كورد داهێنراون له‌ لایه‌ن دوژمنانى ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بووه‌ كه‌ كورد ویستویه‌تى له‌سه‌ر خاكى خۆى به‌ ئازادى بژیێت.

گوتیشی، ریفراندۆم هه‌نگاوێكى گرنگه‌ و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و هه‌موو تاكى كۆمه‌لگاى كوردستان له‌و قۆناخه‌ هه‌ستیاره‌دا وێڕاى هه‌موو ئه‌و ناكۆكى و كێشانه‌ى روو به‌رویان بونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت قه‌یرانى دارایى كه‌ ژیانى ئه‌وانى ناخۆش كردووه‌ له‌ پێناو و چاره‌نوسى خۆیان‌و نه‌وه‌كانیان له‌م بابه‌ته‌دا یه‌كده‌نگ ده‌ربكه‌ون.

موحه‌مه‌د سالح ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا" له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌م و كوڕیه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى زۆر بابه‌تى پێویست بۆ پرسى ریفراندۆم به‌ هۆى نه‌سازانى پێكهاته‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كترى و به‌ هۆى تێكچوونى دۆخى په‌رله‌مان كه‌ پێویسته‌ ئه‌و یاسایانه‌ په‌یوه‌ست به‌ ریفراندۆمى تێدا ده‌ر بچن پرۆسه‌كه‌ زه‌حمه‌ت بووه‌، بەڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین بۆ پرسێكى وا گرنگ كاتى كه‌ممان به‌ ده‌سته‌وه‌ ماوه‌، به‌ده‌ر له‌ شه‌ڕى داعش و ناكۆكیه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا داگیركارانى كوردستان له‌ هه‌وڵى به‌رده‌وام دان له‌گه‌ڵ نه‌یارانى كورد بۆ ئه‌وه‌ى گوتارى سه‌ربه‌خۆى و پرسى ریفراندۆم له‌ بار ببه‌ن بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ نه‌ شۆڤێنیزمى ئاینى شیعى نه‌هى سونه‌ له‌ ده‌سه‌لاتى نه‌ژاد په‌رستى توند هیچ كامێكیان نه‌یانتوانى ئیراده‌ى كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیى شل بكه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌ش هۆكارى ئه‌وه‌ بوو كه‌ ناوچه‌كه‌ سه‌قامگیرى به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینێ.

هەروەها گوتی، له‌ لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یرى كوردستان بكه‌ین كورد سه‌لماندویه‌تى خاوه‌نى كلتورێكى تولێرانس و به‌یه‌كه‌وه‌ ژیانه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ى ئاینیه‌كانى نێو جوگرافیایى هه‌رێمى كوردستان ته‌نها ئه‌وه‌ش ده‌توانى له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌مار گرژیه‌ى كه‌ به‌ هۆى جیاوازى ئاین و نه‌ژاد‌و ره‌گه‌ز په‌رستیه‌وه‌ شه‌ڕو مه‌ینه‌تى به‌رهه‌م هێناوه‌ بۆ مرۆڤایه‌تى ئه‌وا كورده‌ ده‌توانێ ببێته‌ هۆكارى سه‌قامگیرى.

به‌رپرسى په‌یوه‌ندیه‌كانى حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران گوتیشى " ئێمه‌ وه‌ك حزبى دیموكراتى كوردستانى ئێران پشتگیرى هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كه‌ین بۆ به‌ ئه‌كام گه‌یشتنى پرسى ریفراندۆم چونكه‌ مافێكى ره‌واى میلله‌تى كورده‌ هه‌رچه‌ند زۆریش دوا كه‌وتووه‌ خوێنى زۆر زۆرمان له‌ پێناو رشتووه‌.

ناوبراو گوتیشى " كه‌مو كوڕیه‌كانى ناوه‌خۆمان جێى نیگه‌رانینه‌ ئه‌گه‌ر زوو فریایان نه‌كه‌وین و ته‌نازول و بۆیه‌كترى نه‌كه‌ین رۆحى لێبورده‌ییمان نه‌بێت بۆیه‌كترى له‌سه‌رحسابى هه‌ندێك بابه‌تى ته‌سكى حزبى له‌ پێناو مسۆگه‌ركردنى سه‌ربه‌خۆیى نه‌ته‌وه‌ییمان ئینجا ده‌توانین باشتر ڕوو به‌ڕووى ئه‌و به‌ر به‌ستانه‌ ببینه‌وه‌ له‌ لایه‌ن داگیركاران و ده‌وروو پشته‌وه‌ ئاراسته‌ى ئێمه‌ ده‌كرێت وه‌ دلنیاین كه‌ گۆڕانكاریه‌كانى ناوچه‌كه‌ وه‌ ژیرى سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان و خه‌باتى بێ پسانه‌وه‌و به‌رده‌وامى كورد به‌ ئاكامى سه‌ربه‌خۆیمان ده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر سه‌ت ساڵ به‌ر له‌ ئیمڕۆ سایكس پیكۆ غه‌دریان له‌ میلله‌تى كورد كرد ئه‌نجامه‌كه‌ى سه‌ت ساڵ نائارامى ناوچه‌كه‌ بووه‌ ئێستا ده‌بێت ئه‌وان به‌ دانان به‌ واقعه‌كه‌ هاوكارو پالپشت بن بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى كه‌ خه‌لكى كوردستان بۆ سه‌ر به‌ خۆیى ده‌ینێن
Top