شەڕ، دژی سەربەخۆییە، نەک بارزانی

شەڕ، دژی سەربەخۆییە، نەک بارزانی
ئەوپەڕی گەمژەیی دوژمنانی سەربەخۆیی ئەوەیە کە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان وەک "دەوڵەتی بارزانی" ناوزەد دەکەن. ئەوە ڕاستە کە ستراتیژ و ئامانجی ھەرە مەزنی بارزانی ئاراستەکردنی کوردستانە بەرەو سەربەخۆیی. ھەر بۆیە ئەوانەی دژایەتیی بارزانی دەکەن ئامانجیان لێدانە لە پڕۆژەی سەربەخۆیی.
ئێستاش کە لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ھەموو جیھان پێشبینیی سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، دوژمنانی سەربەخۆیی ھەموو توانایان بۆ دژایەتی و ڕێگرتن لەو ڕووداوە مەزنە خستۆتەگەڕ.
ھیچ گومان نییە کە ھەر چوار دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان دژی سەربەخۆیین، بەڵام عێراق و سوریا تووشی بەڵای خۆیان بوونە و دەرفەتی ئەوەیان نییە ڕاستەوخۆ ببنە ھەڕەشە و لەڕێی کلک و شەریکی تریانەوە شەڕمان پێ دەفرۆشن. تورکیا بەھۆی بەرژەوەندیی ئابوورییەوە پێویستی بە کوردستانە و جارێ تورانییەکانیش لە دەوڵەتی تورکیادا زۆر بە دەسەڵات نین. ماوەتەوە ئێران کە بە ھەموو توانایەکییەوە کار بۆ لەباربردنی پڕۆسەی سەربەخۆیی دەکات.
وردبینیی ناوێت، یەک ڕوانینی سادە ھەموو کلکەکانی وابەستەی ئەو سیاسەتە دژە سەربەخۆییەی ئێران لەناو عێراق و کوردستان وەدەر دەخات. لەو کلکانەدا حزب ھەیە ھەموو وزەی خۆی خستۆتە خزمەت سیاسەتی داگیرکەر. حزب ھەیە بە یەک تەلەفۆنی ئەودیو لە ھەڵوێست و بەڵێنەکانی پەشیمان دەبێتەوە. سەرکردەی سیاسی ھەیە بەیانیان دەبێ پڕۆتۆکۆلی کارەکانی ڕۆژانەی لەگەڵ ئەودیو چێک بکات. سەرکردە ھەیە پیلانی دروستکردنی "بەرەی سلێمانی" لە دژی سەربەخۆیی دادەنێت. ئەو قسەیەی کە "ئەگەر دەوڵەتی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی دروست بێت نامانەوێ و ناھێڵین سلێمانی بەشێک بێت لەو دەوڵەتە" زادەی چ خەیاڵێکی نەخۆشە، ئەگەر ڤایرۆسی خۆفرۆشی لێی نەدابێت؟
ھەر دەبێ واش بێت، بۆ نموونە، وەزارەتی ئیتڵاعاتی دەوڵەتی ئێران چ مەجبورە کەناڵی سەتەلایت بۆ کۆمەڵی ئیسلامی دابمەزرێنێ ئەگەر بۆ ڕۆژێکی ئاوا لە خزمەتی ئامانجەکانیدا نەبێت؟ بۆچی پارە بۆ سایت و پەیجەکانی تەرخان دەکات ئەگەر لە قسەی دەربچن؟
سەیری ئەم ھەواڵە چەواشەکارییەی سایتی گوماناویی ستاندەر بکەن، محتەوای ھەواڵەکە ڕاست بێت یان درۆ، زۆر ڕوون دیارە کە ئامانجی داڕشتنی ئەو ھەواڵە تەنھا تەرویجکردنی "دەوڵەتی بارزانی"ـیە لەجیاتی سەربەخۆیی. بەڵام خاوەنی ستاندەر و ئاغاکەی ئەودیویشی لەمن زیاتر دڵنیان کە ئامانجەکانیان بڵقی سەر ئاوە، چونکە ئەوە ڕەوتی مێژوو و ڕەوایەتیی مافی گەلی کوردستانە کە پڕۆسەی سەربەخۆیی دەگەیەنێتە ئەنجام و "بارزانی" لەو ئامانجە مەزنەیدا تەنیا نییە و ھێزێکی گەورە بە شەریکی خۆی دەزانێت، ھێزی نیشتیمانپەروەران و پێشمەرگە.
Top