ئاماژەكان ئیجابین و ئاسۆكان وا ڕوونتر دەبنەوە

ئاماژەكان ئیجابین و ئاسۆكان وا ڕوونتر دەبنەوە
1. سەركەوتنی كوردستان و پێشمەرگە بەسەر داعشدا مەزنترین دەستكەوتی گەلی كوردستانە. لەو شەڕەدا پێشمەرگە ڕۆڵی سەربازێكی گیانلەسەردەستی كۆی مرۆڤایەتی بینی. خاك ئازاد كراوە و سنوورەكان دیاری كراون.
2. گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو، هیچ كام لە گوشارە دەروونی و ئابووری و سیاسی و میدیایی و ئەمنییەكان نەیانتوانی وا لە گەلی كوردستان بكەن خۆی بەدەستەوە بدات.
3. سەربەخۆیی ڕێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و پڕۆسەیەكی بێگەڕانەوەیە و جیهان ناتوانێ ئینكاری بكات. لە ڕاستیدا سەربەخۆیی ڕاگەیێندراوە و هێواش هێواش پێدەگرێ و دەبێتە ئەمری واقع.
4. گەلی كوردستان نەبووە لایەن لەو ململانێ تاییفی و خوێناوییەی لە ناوچەكەدا هەیە.
5. كوردستان نەبووە سەرچاوەی هەڕەشە و تیرۆر بەڵكو سەرباری هەموو كێشەكان بووە پەناگەی سەدانهەزار ئاوارە.
6. كوردستان لەسایەی پێداگریی سەرۆك و خۆڕاگری گەلەكەی و گیانفیدایی پێشمەرگە بەسەر گوشارەكاندا سەركەوت.
7. كوردستان لە سەردەمی زێڕینی كاری دیپلۆماسیی خۆیدا دەژیێت. لە هیچ كاتێكدا هێندەی ئێستا دۆست و هاوپەیمان و سیاسی و دیپلۆماتكارە بیانییەكان سەردانی كوردستانیان نەكردووە.
8. چاكسازی و پێداچوونەوە لە جێبەجێكردندایە و لە بەرزترین ئاستدا پشتگیری دەكرێت و وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان لەو پڕۆسەیەدا یارمەتیی گەلی كوردستان دەدەن. سەركەوتنی چاكسازی دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و ژێرخانەكانی كوردستان پتەوتر دەكەن.
9. لە ململانێیەكەی بەغدا دا كوردستان بێلایەنە و هەتا لەگەڵ عێراقدا ماوە ڕۆڵی خێر و چاكەخوازی دەگێڕێت و نابێتە بەشێك لە گرژییەكان.
10 . دروستبوونی قەناعەت بۆ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كە لەیەكترنزیك ببنەوە و لە هەستیاری دۆخەكە بگەن و لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن، هۆكارێكی باشە بۆ ئەوەی كوردستان ڕێگەی سەركەوتن و هەڵكشان بگرێتەبەر و دڵی هاووڵاتیانی كوردستان پڕ لە هیوا بێت.
Top