سیاسەتی ئەلمانیا و هەرێمی کوردستان

سیاسەتی ئەلمانیا و هەرێمی کوردستان
ئاڤان شێخ کریم باراوی
بۆ ئەوەی هەر ووڵاتێک بەهێز بێت، دەبێت سیاسەتی دەرەوەی بەهێزبکات بۆ بەڕێوەبردنی سیستمێکی جیهانی.

هەرچەندە ئەلمانیا بە پێچەوانەی هاوپەیمانەکانی لە ( ناتۆ ) خۆی لە ڕوبەڕوو بونەوەی لەشکری بە دوور گرتووە، بەڵام بەهۆی هەموو روداوەکانی ئەم دواییە وەک کێشەی ناوچەی یۆرۆ و تێکچوونی باری سیاسی و لەشکری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای کرد سیاسەتی دەرەوەی ئەلمانیای وروژاند .
هەر لەبەر ئەوەش بوو کە ئەلمانیا بڕیاریدا لە ڕەوشی دورەپەرێز گرتن دەرباز بێت و زیاتر بەشداری بکات چونکە ئەلمانیا نابێت لەوە زیاتر ڕۆڵی سەیرکەر ببینێت و دەبێت بەشێک بێت لە چارەسەرکردنی ناکۆکی لە جیهاندا .
هەتا ئێستا ڕۆڵی ئەڵمانیا لە عێرقدا ڕۆڵێکی کەنارگیر بووە،بەڵام دوای بڕیاردانی کە چەک بدات بە پێشمەرگە کارێکە بۆ ئەوەی لەسەری بۆستین، لە کاتێکدا لە هەموو هەوڵە سیاسیەکانی ئەڵمانیا جیاوازە چونکە ئەمجارە بە کارێکی لەشکری لە قەڵەم دەدرێت ، هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی ئەلمانیا( ئەنجیلا مێرکل) ئەم هەنگاوەی بە یارمەتی مرۆیی پێناسە کردووە بەڵام حکومەتی ئەلمانی پێشووتر بڕیاری دابوو کەوا 100 سەربازبنێرێت بۆ مەشق کردن بە پێشمەرگە.
لە کاتێکدا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە بڕیاری داوە کە بە هیچجۆرێک و هیچ هەلومورجێک چەک نەدات بە هیچ شوێنێک کە شەڕی تێدایە .
شیکارە سیاسیەکان پێیان وایە کە بڕیاری ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە کە ڕوبەڕوی چەکدارەکانی داعش بونەتەوە گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی ئەلمانیا بەرانبەر بارودۆخی شەری دەرەوە.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە چەکدارانی داعش گەمارۆی یەزیدییەکانیان دا و تەنها پێشمەرگە توانی ڕوبەڕویان بێتەوە کە کاتێ لەشکری عێراق موسلی جێهێشت.

ئیحتیمالێکی گەورە هەیە کە ئەلمانیا زیاتر تێکەڵ ببێت لە بار و دۆخەکەی ئێستا و بڕیاری دابێت کە تازە دوربکەوێتەوە لە بێدەنگی و دورەپەرێزگرتن لە قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێگرتن لە هاتووچۆی چەکدار لە نێوان عێراق و سوریا و ئەلمانیا.
سەرۆک وەزیرانی ئەڵمانیا (ئەنجێلا مێرکل ) کە کاتێ بەرگری کرد لە بڕیاری ناردنی چەک بۆ پێشمەرگە لە ئەنجومەنی وەزیران ( بوندستاگ) ،ڕوونی کردەوە کە ئەمە خزمەتی بارودۆخی ئەوروپا دەکات کە لە ئێستادا لە ژێر خەتەردایە و ڕەوشی ئێستای عێراق پێویستی بەم جۆرە بڕیارانە هەیە.
هەروەها گووتی : دەوڵەتی ئیسلامی تەهدیدی ژیانی ملیۆنەها هاووڵاتی کوردستان دەکات،جگەلە تەهدیدی هەموو ناوچەکە، وە هەروەها ئەوەی خستە ڕوو کە هەتا ئێستا نزیکەی 400 ئەڵمانی ڕویان کردۆتە عێراق و سوریا و شانبەشانی داعش دەجەنگەن، لە هەمان کاتدا ترسی خۆی دەربڕی لە گەڕانەوەی ئەو ئەلمانانە ڕۆژێک لە ڕۆژان و هێرشەکانیان لە ئەوروپادا ئەنجام بدەن.
لێرەوە دەبێت لە خۆمان بپرسین :دەبێت شێوەی ڕۆڵی تازەی ئەڵمانیا بە تایبەتی لە کوردستانی باشوور چۆن بێت؟ و چەند دەتوانێت هێزی خۆی بەکاربێنێت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی.



• دۆسییەی مرۆیی:
یارمەتیدانی کورد کە ئێستا لە ڕۆڵێکی بەرچاودایە، خالێکە وا لە ئەڵمانیا دەکات جێگایەکی دەسەڵات و بڕیار لە هەموو دنیادا بەدەست بهێنێت.

• دۆسییەی ئابوری و ناوخۆیی:

ئەگەر ووڵاتان هاوکاری پێشمەرگە بکەن و لەشکرێکی بە هێزی لێ دروست بکەن ئەوا پێویست بەوە ناکات کە لەشکری خۆیان بنێرن بۆ ناوچەکە و میللەتەکەی خۆیان بووروژێنن و نارازیان بکەن ، هەروەها لە لایەنی ئابووریشەوە بۆ ئەوان هەرزانتر دەکەوێت بەڵکو قازنجیش دەکەن لە ڕێگەی فرۆشتنی چەکەوە .
ئارامی ڕەوشی ناوچەکە ئامانجی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەلمانیا بووە، بۆ مسۆگەرکردنی پەیوەندی ئابووری نێودەوڵەتی.


• دۆسییەی ئاسایشی نێودەوڵەتی:

کاتێ کە پێشمەرگە گروپی تێرۆرریست داعشی شکاند لە زۆربەوی ناوچەکانی کوردستانی باشوور و لەناوی بردن ئەوا تەهدیدی پەرەسەندنی ئەم گروپە لەسەر ووڵاتانی ڕۆژئاوا کەمتر دەبێتەوە ، و هەروەها هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی هاوپەیمان لەم ناوچەیە کە بتوانن لە ڕیگەیەوە دەسەڵاتیان بەسەر ناوچەکەدا زاڵبێت.
ئەگەر ئێمە لەخۆمان بپرسین ئایا ئیسرائیل بەس نییە بۆ ئەم مەرامە لە وەڵامدا : نەخێر چونکە ئیسرائیل وەختێک بەس بوو کە دەوڵەتە عەرەبییەکان بە هێز بوون و توانیبویان کۆنترۆڵی ناوچەکە بکەن و نەهێڵن تێرۆر پەرە بسەنێت.
لەبەر ئەوە لەم کاتەدا هەموو ووڵاتانی ڕۆژهەڵات پێویستی بە دەوڵەتێکیتر هەیە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندیاکانی خۆی.

• دۆسییەی نەوت لە هەرێمی کوردستان:
ئەلمانیا بە شێوەیەکی سەرەکی ئیعتمادی لەسەر ئێنێرجییە و شاراوە نییە کە هەرێمی کوردستان نەوتێکی زۆری هەیە ، هەروەها هەموو دەزانین دەوڵەتە زلهێزەکان پێشبڕکێیانە لەسەر بەدەستهێنانی ئەم نەوتەیە لە کاتێکدا ئەگەر پێشمەرگە توانای بەرەنگاربوونەوەی داعشی نەبێت ئەوا داعش دەست بەسەر ئەم نەوتدا دەگرێت و توانای ئەوەی دەبێت کە یاری بە بەهای نەوت بکات لە جیهاندا و ئەمەش یەکێکی ترە لە هۆی یامەتیدانی ئەلمانیا بۆ کورد.



Top