شەڕی ناو چیاكان بەرژەوەندی ئابووری پایتەختەكان تێك نادات بەقەد ئەوەی ژێرخانی ئابووری كوردستان دەڕوخێنێت
February 22, 2016
وتار و بیروڕا
شەڕو پێكدادانەكانی ئەم دواییەی نێوان هێزەكانی پەكەكەو سوپای توركیا زیانێكی گەورەی بەئابووری هەرێمی كوردستانی (باشوورو باكور ) گەیاندووە، بەڕادەیەك زیانەكان تەنیا لەكوردستانی باكورد زیاتر لە 2ملیارو 100 ملیۆن دۆلارە ئەمە جگە لەوەی 11 هەزار كەس لەو ناوچانە بێكار بوون و كۆچی كوردان لە باكوری كوردستانەوە بەرەو ناوچەكانی تر دەستی پێكردووە، بێ بازاڕی و سستبوونی جموجوڵی بازرگانی و پیشەسازی بەشێوەیەك سەریهەڵداوە كە زیاد لە 4 هەزار شوێنی پیشەوەر داخراوە ، ئەم واقیعە تاڵە زیانەكانی سیاسەتی خاكی سوتاوو تەرحیلكردن و وێرانكردنی گوندەكانمان بەبیر دەهێنێتەوە كە حكومەتی بەعس دەرهەق بەگەلی كوردستان پیادەی كردبوو تاكو ئەمڕۆش دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ هێشتا ئاسەوارەكانی بەسەرمانەوە ماوەو وا چاوەڕوان دەكرێت بۆ چەندین دەیەی تر شوێنەوارە نێگەتیڤەكانی بمێنێتەوە. هەر ئەو ئاڵۆزی و خراپی تێكچوونی رەوشی سیاسییە كاردانەوەی خراپی لەسەر جموجوڵی هاتوچۆو بازرگانی لەنێوان هەرێمی كوردستان و توركیا( تاكە دەروازەی كوردستان بەڕووی جیهانی ئەوروپای پێشكەوتووە ) هەبووە. میدیاكانی توركیا باس لە دابەزینی ئاستی هاتوچۆو بازرگانی لە دەروازەكانی سەر سنووری نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەن بەڕادەیەك ئاستی ئەم دابەزینە لە 50% تێپەڕیوە، تەنانەت داخستنی لەناكاوی دەروازەی برایم خەلیل و راگرتنی بۆری نەوت و تەقاندنەوەی ئەوەندەی تر زیانی بەبەرژەوەندی ئابووری هەرێمێك گەیاندووە كە بەدرێژایی حوكمڕانی عێراق رووبەرووی نەك تەنیا گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچەی بووەتەوە بەڵكو سیاسەتی جەنگی ئابووری لەپاڵ سیاسەتی كۆمەڵكوژیشی بەرامبەر كراوە . سەیرە لە هەرێمێكدا دەژین بەژمارە باس لەو زیانە گەورانە ناكرێت كە هەردوو كوردی باشورو باكور بەری دەكەوێت كەچی باس لەوەدەكرێت كە بۆری غازی كوردستان ئابووری توركیا دەبوژێنێتەوە وادیارە ئەو كەسانەی ئەو جۆرە شرۆڤانە دەكەن تۆزقاڵێك خوێندنەوەیان بۆ ئابووری توركیا نییە كە لەئاستی وڵاتە پێشكەوتووەكانی دنیا دێت و سەدان دەروازی لەوە گەورەتری هەیە كە لەگەڵ كوردستانی عێراقدا هەیەتی و بەدەیان بەندەری نێودەوڵەتی لەسەر چەندین دەریای گرنگ و ستراتیژی هەیە، كە نەك هەر وایكردووە ئەو وڵاتە بەئاسانی بەدیلی ئابووری هەرێمی كوردستانی هەبێت، بەڵكو توركیا خاوەن ئابوورییەكە لەرووی بازرگانیەوە بەسەرجەم بەندەرەكانی جیهانەوە بەستراوەتەوە.
ئەم باسە ئەو وتە ئینگلیزیەم بیر دەهێنێتەوە كە دەڵێت شەڕی چیاكان چارەنووسی پایتەختەكان دیاری ناكەن ) دیارە مەبەستی لە پایتەختەكان هەریەك لە بەغداو توركیاو تەهران و دیمەشقە، هەربۆیە شەڕی بەوەكالەت و دژ بەیەكتر لە شكاندنی بەنچەكان زیاتر هیچی تر نییە لەرووی ئابوورییشەوە شەڕێكی خۆكوژییە لە زەمەنێكدا كە دەكرا كورد فێری بەدەستهێنانی بەرژەوەندییە ئابوورییەكان بووایە و بەهێزبوونی ژێرخان و سەرخانی بكردایە بەستراتیژییەت ئەوجا بیری لە شەڕی بەوەكالەت و تۆڵەی كۆمەڵكوژی و زوڵم و زۆرداری داگیركەرانی بكردایەتەوە كە بەتەئكید ئەو كاتە هەر پێویستی بەو تۆڵە سەندنەوەیە نەدەبوو چونكە بوژانەوەی ئابووری و بەهێزبوونی ژێرخان و بەرزبوونەوەی داهاتی تاكەكەسی ئەوەندە ئینتمای نیشتمانی بەرز دەكردەوە هیچ دوژمنێكی ئیقلیمی و گروپێكی ناوخۆیی نەیدەتوانی وابەئاسانی ماڵی كورد وێران بكات.