بەرژەوەندی كورد لە سیاسەتی نەوتی ئەمەریكا

بەرژەوەندی كورد لە سیاسەتی نەوتی ئەمەریكا
نەوت بووتە گەورەترین هێما بۆ ئابوری لە هەموو جیهان، رۆژانە ژێرخانی زۆر لە وڵاتە گەورەكانی دونیا پشت بە هەناردە یا هاوردەكردنی نەوت دەبەستن، هەڵبەتە یەكێك لەوڵاتە زەبەلاحەكانی زەوی ئەمەریكایە كە بە یەكێك لە فاكتەرە سەرەكیەكانی دابەزینی نرخی نەوت هەژماركرا، چونكە لە ساڵی 2013 و لە مانگی حوزەیراندا نەوتی بە بڕی 500 هەزار بەرمیل زیادكرد سەرەنجام كۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتە 8.5 ملیون بەرمیل ! ئەمانە وەكو رابوردوویەك بەڵام بۆ داهاتوو پرسیار دێتە پێشەوە ئایا ئەمەریكا دوای دابەزینی نرخی نەوت دەكەوێـتە بەردەم چ رۆژگارێكەوە؟
خۆی ئەمەریكا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە گەورەترین بەكارهێنەری نەوتن لە ساڵی 2005 دا 12.5 ملیون بەرمیلی لە رۆژێكدا هاوردە دەكرد، بۆ ساڵێ 2011 بەكاربردنی نەوتی گەیشتە 21 ملیون بەرمیل لە رۆژێكدا، لە ساڵی 2012 دا بڕی بەكاربردنی گەیشتە 19 ملیون بەرمیل لە رۆژێكدا، بۆ ساڵی 4201 دا 5.19 ملیون بەرمیل بوو، لە پێشوودا نزیكەی 3 ملیون بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا لە رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە هاوردەدەكرد، ئەوەمان لە بیر نەچێت
ئەمەریكا و چین زۆرترین بەكاربەری نەوتن لە جیهاندا بەمەش كاریگەری ئەو دوو لایەنە زۆرە لەسەر نرخی نەوت، هەرچەندە ئەمەریكا بە هۆی ئەو بەكارهێنانە زۆرەیەوە ئیدی خۆی نەوتی بەرهەم هێنا و توانی لە ماوەی نۆ ساڵی رابووردوەوە 9 ملیون بەرمیل نەوت هاوردەی كەمبكاتەوە و بە جۆرێك بەرهەمی ناوخۆیی نەوتی خۆی جێگەی ئەو هاوردەیەی كردەوە، واتە بە نزیكەی نیوەی جاران هاوردە ناكات و تەنانەت هاوردەكردنی نەوتی رۆژهەلاتی ناوەراست گەیشتە تەنها 1 ملیون بەرمیل، بە پێ راپورتێكی ئوپیك بەرهەمهینانی نەوت لە ئەمەریكا لە 12.6 ملیون بەرمیل ئەبێـتە 13.6 ملیون بەرمیل لە ساڵی 2015، هەر ئەم بڕیارە یەكیك بوو لە هۆكارەكانی دابەزینی نرخی نەوت و مەترسی كردە سەر نەوتی رۆژهەڵاتی ناوەراست چونكە بەو پییە ئێتر گەورەترین وڵاتی بەكاربەری نەوت پێویستی بە هاوردەكردن نامێنی، ئەمەش لایەنی نەرینی هەیە بۆ نەوتی عێراق كە لەم ئان و ساتەدا بەردەوام ژمارەی هەناردەكردنی نەوتی زیاد دەكات، بەڵام ئەمەریكا لە كاتێكدا دەستی كرد بە دەرهێنانی نەوتی خۆی كە نرخی نەوت ئەو كات گەیشتبووە 100 دۆلار بەرەو سەرەوە بەڵام لە ئێستادا نرخی نەوت گەیشتوتە 60 دۆلار تۆ بڵی هەر بەو شێوەیە بتوانێت بەرهەمی بەترۆلی خۆی بەرهەم بهێنێت؟ لە وەڵامی ئەو پرسیارە شارەزایانی بواری نەوت پییان وایە هیچ كات ئەمەریكا ناتوانێ پیشبڕكی بەرهەمهێنانی نەوت بكات لەگەڵ وڵاتە دەوڵەمەندەكانی نەوتی وەك سعودیا و عێراق و هتد، بە ڕای ئەوان تیچووی بەرهەمهینانی زەیتی بەردی 70 دۆلارە و ئەمە لە كاتێكدا تیچووی یەك بەرمیل نەوت لە سعودیا 10 دۆلار و لە عێراق هەر لە نزیكەی 10 دۆلار لەوانەیە كەمتر و لە كوردستانیش لە %20-30 تیچووەكەیەتی، لە لایەكێ ترەوە یەدەگی نەوتی لە عێراق 141.1 و سعودیاش 267.9 واتە بە هەر پێوەرێك بێت چ لە رووی یەدەگ و چ لە رووی رێژەی تیچووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە ئەمەریكا ناتوانێـت بگاتە ئاستی ئەو وڵاتانە، بێگومان كوردستانیش رۆڵیكی باڵای هەیە لەو یارییەی كە بە سیاسیەتی پەترۆل ناودەبرێت لەبەرئەوەی بەشێكی زۆر گەورەی نەوتی عێراق لە یەدەگ و هەناردە بریتیە لە نەوتی كوردستان، هەر بۆیەشە بەردەوام سیاسەتی ئەمەریكا پلان و دانیشتن و كارەكانیان لە رووی رێكەوتنی بواری نەوتی هەرێم و عێراقە، بەردەوام لە هەموو كاروبارێكی سیاسی و ناوچەیی دەست تێوەردانی ئەمەریكای پێوە دیارە .
هەر لەسەر ئەم تەوەرو باسە ئەگەر لێكدانەوەیەك بۆ ئایندە بكەین لە رووی ئابورییەوە هەڵبەتە دابەزینی نرخی نەوت وەستاندنی بازاڕی نەوتی هەرگیزا و هەرگیز بە دوا نییە بەڵكو جموجوڵی بازاڕەكەو گەرمبوونی زیاتر دەكات، هەر بە پێ پیشبینیەكان بە هۆی تیچووی زۆری بەرهەمهینانی نەوتی لە ئەمەریكا وا بكات كە ئەو وڵاتە بگەرێـتەوە سەر دۆخی جارانی بەڵام ئەمجارە بە رێژەیەكی زۆر زۆر پیویستی بە هاوردەكردنی نەوتە كە لەوانەیە خۆی لە 18 ملیون بەرمیل بدات !! لەو كاتەدا كوردستان ئەگەر بێـتو بە سیاسەتێكی
ئابورییەوە بچێـتە ئەو گەممەیە ئەوا زۆر سودمەند دەبێت، قازانجی سیاسی و ئابوری لە دەرگای كوردستان دەدات و خاڵی لاوازی ئەو وڵاتە گەورەیەی ئەمەریكا دەكەوێـتە دەست كوردستان، كە تەنها باس لە كوردستان ئەكەم مەبەست ئەوە نییە كە تەنها ئەو وڵاتە نەوتی هەبێت بەڵكو مەبەست لەوەیە كە سعودیا ناكەوێتە داوی هیچ وڵاتیكی دونیا لە مەسەلەی نەوت، و عێراقیش بە هۆی نەبوونی سیستەمی دارایی و گەندەڵی و بێ پلانی و بێ سەرپەرشتی و لاوازی سیاسەتی پەترۆڵی رۆڵی ئەوتوی نابێت، لەوانەیە ئەمەریكا لەبەر بەرژەوەندی خۆی و تاكی ئاساییی بێـت بە لایەوە كە كوردستان سەربەخۆیی بە دەست بهێنیت، كەواتە ئەوەی كە ماوە تەنها دارشتنی پلانی ئابورییە بۆ كوردستان لە رووی سیاسەتی نێو دەوڵەتی و بەرژەوەندی خۆیەتی، پلان بۆ داهاتووی كوردستان زۆر پیویستی بە سیاسەتێكی بەهێز و پتەو هەیە لە لایەن ئێمە وەك كورد .





ماستەر لە كارگیری كاردا
Top