زامی ئابوری پیشمەرگە بریندارەكان لە زامی برینەكانیان قوڵترە چەند پێشنیارێك بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە بیمارەكان

زامی ئابوری پیشمەرگە بریندارەكان لە زامی برینەكانیان قوڵترە چەند پێشنیارێك بۆ خزمەتكردنی پێشمەرگە بیمارەكان
پیشمەرگە لە كوردستاندا نەك تەنها رەمزن بەڵكو روحی خۆیان كردۆتە قەڵغانیك بۆ پاراستنی ئیمە و نیشتمانەكەیان، گیان لەسەر دەست لە پیناو ئەو خاك و وڵاتە خۆینی خۆیان بەخش دەكەن،دیارە ئەنجامەكانی جەنگ روونە ئەویش زۆرجار بەداخەوە هەندیك پیشمەرگە شەهید دەبن و هەندیكیش بریندار دەبن،ئەڵبەتە لەم ماوەیەی كوردستاندا بەهۆی شەری داعش و پەلامارەكانەوە كۆمەڵیكی زۆر پیشمەرگە بریندار بوونە و جا هەندیكیان بە هۆی سەختی برینەكانیانەوە رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون یاخود وەك كەمئەندامیك لە ماڵی خۆیاندا ماونەتەوەو چاوەری قەدەریكی نادیاری داهاتوو دەكەن .
سارێژكردنی بیمارەكان
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە سەرباری ئەو نەهامەتی و كەمی مووچە و كیشەی ژیان و ئابورییە لە كاتی برینداربوونی پیشمەرگە قارەمانەكانمان لەبەرەكانی جەنگ، تووشی قەیرانێكی دارایی زۆر گەورە دەبنەوە بە جۆریك كە زامی ئەو قەیرانە لە زامی برینەكانیان قوڵتر دەبێتەوە،چونكە لەو كاتانەدا بیگومان پیویستیان بە دەرمان و چارەسەر و كەل و پەل و بگرە خۆراكی تەندروست هەیە ئەمە سەرباری ئەو بارگرانییەی خێزان و میوانەكانیان،ئەوەمان لە بیرنەچیت بەهۆی دواكەوتنی مووچە هیچ كام لەو پیشمەرگانە خاوەنی پارە نییە كەواتە لەو كاتانەدا دوچاری گرفتی بی پارەیی و بێ مەسرەفی دەبن،چۆن ئەو دەرمانانە بكڕن ؟چۆن ئەو بریندارە بگویزنەوە ؟چۆن بیبنە نورێنگەی تایبەتی ؟چۆن پیداویستی نەبووی نەخۆشخانە لە كاتی نەشتەرگەری بۆ دابین بكریت ؟
خزمەتكردنی پیشمەرگە
ئەمانە هەمووی لە كاتیكدایە كە خێزانەكانیان لە چاوەروانی دەستی بریندارەكەیە پیداویستی ژیانیان بۆ دابین بكات،راستیەك هەیە و ناتوانین نكوڵی لی بكەین ئەویش گرانی دەرمان و پیداویستی نەخۆش و نورینگەكان وهتد،هەرچەندە حكومەت پارەی چارەسەری بریندارەكان دابین دەكات بەڵام با بچینە ناو ناوەرۆكی بابەتەكە و باس لەو گرفتە بكەین لە دیدەی پیشمەرگە بریندارەكان ئەوانەی كە لە واقعەكەدا دەژین لێكی بدەێنەوە،راستی ئەو پارەیە زۆر بە زەحمەت سەرف دەكریت و ماوەیەكی زۆری ئەویت ئەویش بە وەصل و هاتن و چوون،لە زاری برینداریكەوە كە باسی لە نەهامەتیكانی خۆی دەكرد ووتی تەنها بۆ 100 هەزار دینار 400 هەزارم چوو ئەویش ماڵیان لە دەرەوەی هەولیر بوو ماوەی هەفتەیەكیش هەر دەهاتن و دەچوون تا ئەو پارەیە دابینكرا،كەواتە كیشەكان لەو تەوەرەدا كۆدەبنەوە كە باشتر وایە نوسینگەیەكی تایبەت بە بریندارەكان بكرێتەوە بۆ ئاسانكاری و زیاتر بەدەنگەوەهاتنی قوربانیانی ئەم جەنگە، پیویست بەوە نەكات بۆ هەر هاوكاریەك شەش بۆ حەوت جیگا كتاب بكرێـت و ئەو هەموو روتینە لە كاروباری پیشمەرگە نەمینیت،پاشان ئەو نووسینگانە لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان لقیان هەبیت،پیویست نەكات برینداریك بۆ سەرفكردنی پارەی تیچووی دەرمانی بیتە هەولێر تووشی خەرجی ریگاوبان بێـت، با بە هەمووان هاوكاری پیشمەرگە بین بەتایبەت بریندارەكان .
ئاوردانەوەی پەرلەمان لە پێشمەرگە
كەواتە گرنگە لیژنەكانی پەرلەمان لە پرسی پیشمەرگە ئاورێكی جدی لەو مەسەلەیە بدەنەوەو هەوڵبدەن ئەو نوسینگانە وا دروست بكەن بە شێوەیەكی شەفافیانە مامەڵە لەگەڵ كەیسی بریندارەكان بكات و بە ئاسانی كارەكانیان بۆ رەوا بكات،لە نزیكەوە لە كێشەكانیان بروانن و بەتایبەت كێشەی هاتوچویان چونكە لە هیچ شوێنیك نەبووە بریندار ئەوانەی نەشتەرگەریی گەورەیان بۆ كرابیت بە تەكسی برۆنەوە ماڵ،با ئەمبولانسی تایبەت بە پیشمەرگە دابین بكرێت نەوەك تەنها لە نەخۆشخانە بۆ نەخۆشخانەی تر بەڵكو بۆ بردنەوەیان بۆ ماڵ یا لەكاتی بردنیان بۆ نورینگەكان بۆ پشكنین، ئەمانە جگە لەو بریندارانەی رەوانەی دەرەوەی وڵات دەكرێن باس لە مەینەتی و كێشەكانیان دەكەن كە تەنها پسوڵەی دەرمان و نەخۆشخانەو نەشتەرگەرییان بۆ خەرج دەكرێت،هیچ پارەیەكی تریان بۆ حەوانەوەو خۆراك و پیداویستی بۆ تەرخان ناكریـت،جا پیشمەرگەیەك بەو مووچە كەمەوە چۆن بتوانێت ئەو پارەیە دابین بكات ئەوە جگە لەو كەسەی كە لەگەڵی سەفەری كردوە كە تەنها بلیتی فرۆكە نەبێت هیچ خەرجی بۆ دابین ناكرێـت ! كەواتە گریبەستی كێشەكان لەگەڵ یەكتردا زیاتر و زیاتر ئەو خەمەیان زیاددەكات .
گیان فیدایی پێشمەرگە
هەموو شت كۆن ئەبیت بەڵام نەبیستراوە و نەبینراوە مرۆڤ كۆن بێت و تەندروستی بەلاوە بنرێـت،زۆر لە پیشمەرگەی قوربانیەكانی شەڕەكانی پیشووی كوردستان تاوەكو ئیستاش بەدەم برینەكانیانەوە دەناڵینن،بەڵام لە كاتی سەردانی كردنیان بۆ شوینی بەرپرس تاوەكو هاوكاریان بكەن لە چوونە دەرەوەی وڵات بۆ تیمار یا نەشتەرگەری دەڵین ئیوە كۆن بوونە،نازانم زامی مرۆڤ قەت كۆن نابیت بە پیچەوانەوە ئەو نەبوونی هاوكاری و پاڵپشتە زیاتر برینەكانیان نوێ دەكاتەوە،خەم ئەوەیە ئەم پیشمەرگە بریندارانەی ئێستاش بچنە قاڵبی كۆنەوە مەحاڵ نییە لە داهاتوویەكی نزیكدا،ئێتر ئەمانە لە وورەی پیشمەرگە دوور یا نزیك كەمدەكاتەوە،ئەگەر بێتو بە بەرچاوی خۆیانەوە مامەڵەی ناخۆش لەگەڵ برا بریندارەكانیان بكرێـت چۆن گیانی فیدكاریان بەو چەشنە دەمێنی؟ هەڵبەتە چارەكان ئاسانن بەڵام تەنها هەوڵدانی ئەوێـت وپلانی ریك وپیكی پێویستە .



ماستەر لە كارگیری كاردا
Top