شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی داعش پرۆڤه‌ی پاراستنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌

شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌ له‌ دژی داعش پرۆڤه‌ی پاراستنی ده‌وڵه‌تی كوردستانه‌
جیهان ده‌ستخۆشی له‌سه‌رۆك مسعود بارزانی كرد كه‌ فه‌رمانی كرد پێشمه‌رگه‌ كه‌ركوك ناوچه‌كانی دیكه‌ی ناكۆی له‌سه‌ر بپارێزیت


كاتێك تیرۆریسیتانی داعش ئه‌م هاوینه‌ هێرشكی گه‌وره‌ و به‌ربڵاویان بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستپێكرد، له‌وانه‌یه‌ سه‌ركرده‌كانی داعش مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌یان نه‌كردبێت كورد ئه‌و جۆره‌ هێزه‌ی هه‌بێت له‌به‌رده‌میان رابوه‌ستی و ئه‌و هێزه‌ بێت گاڵته‌ی پێ نه‌كرێت، ماوه‌ی 12 هه‌فته‌یه‌ شه‌رڤانان له‌ كۆبانی به‌ پشتگیری هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان پێگه‌ی خۆیان پاراستووه‌ ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌‌ی له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ گه‌وه‌رترین هێرشیان ده‌كرێته‌ سه‌ر، هه‌فته‌ی رابردووش له‌ دواین خۆتاقیكردنه‌وه‌ی داعشدا هێرشیان كرد بۆ ئه‌وه‌ی شاری كه‌ركوك داگیر بكه‌ن به‌ڵام له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ پاڵشتی هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانان تێك شكێنران.
هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌كانی داعش مه‌زنده‌ی ئه‌وه‌یان نه‌كردبێت به‌وه‌ی كورد گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هێرشه‌كانیان دروست ده‌كات، ئه‌وا ئه‌م هێرشه‌ له‌ ناكاو پڕانه‌ی تیرۆریستانی داعش پرۆڤه‌یه‌ بۆ پاراستنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌ بریاره‌ له‌ باشوری كوردستان دابمه‌زرێت.
له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2014 ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به‌و جۆره‌ بوو جیابوونه‌وه‌ی كوردستان له‌ عێراق زۆر به‌ خێرای رووده‌دات، سوپای عێراق و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مریكا له‌ماوه‌ی 8 ساڵدا 25 ملیار دۆلاری تێدا خه‌رج كردبوو، له‌به‌رده‌م پێشره‌وی هێزه‌كانی داعش پوكایه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك داعش هه‌ره‌شه‌ی داگیركردنی كه‌ركوكی كرد، مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان فه‌ر‌مانی به‌ پێشمه‌رگه‌دا كه‌ شاری كه‌ركوك و زۆربه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ نیوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ناكۆكیان له‌سه‌ره‌، كۆنترۆڵ بكه‌ن.

له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی
ده‌ستخۆشی له‌ بریاره‌كه‌ی بارزانی كرا
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی بارزانی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی چه‌پڵه‌ی بۆ لێدرا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوه‌ سه‌ربازییه‌( فه‌رمانی جوڵه‌ پیكردنی پێشمه‌رگه‌) زۆر پێویست و ماقوول بوو، توانی وه‌ك دیوارێكی ئاسن پێشره‌وییه‌كانی داعش رابگرێت و هاوڵاتیانی ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزێت. به‌ڵام له‌ به‌غداوه‌ به‌وجۆره‌ سه‌یری ئه‌و هه‌نگاوه‌ی بارزانی كرا به‌وه‌ی ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكه‌ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عێراق له‌به‌ر یه‌كهه‌ڵوه‌شاوه‌. ئه‌م نیگه‌رانیه‌ی عێراق زیاتر بوو كاتێك له‌ مانگی ته‌موزی 2014 بارزانی دووباره‌ جه‌ختی كردووه‌ له‌ماوه‌ی دوو مانگدا گه‌لی كوردستان ریفراندۆمی خۆی ئه‌نجامده‌دا، دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك داواكارییه‌كی قورس سه‌یر ده‌كرێت به‌ تایبه‌تی كه‌ هێشتا كێشه‌ی كه‌ركوك چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌.
ئه‌گه‌ر ئاورێك له‌ رابردوو بده‌ینه‌وه‌، پێویست نیه‌ به‌سه‌رسامیه‌وه‌ له‌م ستراتیژیه‌ته‌ی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی بروانین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورد به‌ ده‌ستی رژیمه‌كانی پێشووی عێراقه‌وه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ چه‌وسێنراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها كورد هیلاك بووه‌ له‌ پێشخستنی هه‌رێمی كوردستان و ئامانجی سه‌ربه‌خۆی، له‌ كاتیكدا له‌ به‌غدای پایته‌خت شه‌ری ده‌سه‌لات و بۆشایی سیاسی هه‌بوو.
به‌ڵام له‌ ئێستا گه‌وره‌یی قه‌واره‌ی شه‌ری داعش و دووباره‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوی له‌ به‌غدا هاوكێشه‌كه‌ی بۆ كورد گۆڕی،كورد بۆ ماوه‌یه‌كی دوور و درێژ له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و پێشمه‌رگه‌ و دابه‌شكردنی بوودجه‌ی نیشتمانی و ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ تۆتالیتار و مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی مالیكی هه‌بووه‌ .

ئاسۆیه‌كی ئه‌رێنی
كتتێك بینمان مالیكی دوورخرایه‌وه‌ ئاسۆیه‌كی روون هه‌ست پێده‌كه‌ین، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای لابردنی مالیكی وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌رێنی هه‌بوو بۆ داوای سه‌ركرده‌كانی شیعه‌ و سونه‌، به‌وه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆی كوردستان نه‌بێته‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌غدا دانه‌مه‌زرێت، ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ وایكرد حه‌یده‌ر عیبادی جێگه‌ی مالیكی بگرێته‌وه‌ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش پرسی ریفراندۆم دوابخات.
خاڵێكی دیكه‌ كه‌وای كرد كورد پرسی ریفراندۆم دوابخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆی رابگه‌یاندایه‌ ئه‌وا له‌به‌غدا بودجه‌ی نه‌ده‌ما، ئه‌مه‌ش بۆ باری ئابوری ئێستای كوردستان قورسه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه‌، خاڵێكی دیكه‌ی زۆر گرنگ مه‌سه‌له‌ی تیروانینی هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی كوردستانه‌، كه‌ ئه‌وانیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌ كه‌ بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆی هه‌ردووكیان له‌ناو یه‌ك كه‌شتیدا نین، كاتێك كاتی ئه‌وه‌ دێت كه‌ هه‌نگاو به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبگیرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مسعود بارزانی زۆر بویرانه‌ باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات، به‌ڵام یه‌كێتی نیشتمانی به‌ حه‌زه‌ره‌وه‌ بانگێشه‌ی بۆ ده‌كات، به‌دڵنیایه‌وه‌ سه‌باره ت‌ به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتی نیشتمانی هه‌ر ده‌بێت وابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فوئاد مه‌عسوم كه‌ یه‌كیكه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی ئه‌و حزبه‌ سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌.
وێرای هه‌موو ئه‌مانه‌، مه‌زنده‌ی بوونی 45 ملیار به‌رمیل نه‌وتی یه‌ده‌گ و 110 ترلێۆن پێ سێجا گازی سروشتی واته‌ كوردستان وڵاتێكی خاوه‌ن وزه‌ی ده‌وڵه‌مه‌نده‌، به‌ڵام فرۆشتنی نه‌وت و گاز دژ به‌ئیراده‌ی به‌غدا و ئه‌مریكا بۆته‌ گه‌وره‌ترین ته‌حدا بۆ جوگرافیا داخراوه‌كه‌ی كوردستان، هه‌رێمی كوردستان توانی كۆنتراكتی ده‌رهێنانی نه‌وت له‌گه‌ڵ كۆمپانیا گه‌و‌ره‌ و نیوده‌وڵه‌تیه‌كانی وه‌ك( ئیكسمۆبیل و تۆتاڵ و شیڤرۆن) ئیمزا بكات، به‌ڵام بۆ هه‌نارده‌كردنی ئه‌م نه‌وته‌ پێویستی به‌ شه‌ریكێكه‌، له‌گه‌ڵ توركیا ئه‌م شه‌راكه‌ته‌ی به‌رژه‌وه‌ندی دروست بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی توركیا پێویستی به‌ سه‌رچاوه‌ی نوێی وزه‌ هه‌یه‌ و كوردستانیش پێویستی به‌ بازاره‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی تێدا بفرۆشێت.

دوور خستنه‌وه‌ مالیكی
دوورخستنه‌وه‌ی مالیكی له‌ حكومه‌ت شته‌كانی گۆری، له‌سه‌رده‌می حكومرانی مالیكدا، به‌غدا 17% ی به‌شه‌ بودجه‌ی كوردستانی بریبوو، هه‌روه‌ها مالیكی رێكاری یاسایی گرتبووه‌ به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وتی كوردستان بگرێت، له‌ به‌رامبه‌ردا كوردیش نه‌وتی راده‌ستی ناوه‌ند نه‌ده‌كرد، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌وه‌ ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه‌ ده‌ستی به‌ توانه‌وه‌ كردووه‌، وه‌ك سه‌ره‌تا به‌غدا 500 ملیۆن دۆرلار ره‌وانه‌ی كوردستان ده‌كات و كوردستانیش نه‌وته‌كه‌ی به‌ رێگه‌ی كۆمپانیای عێراق بۆ به‌بازاركردنی نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ ده‌كات، قسه‌كردن سه‌باره‌ت به‌ هاوكاری زیاتری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌گه‌ری گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتنێكی دوور مه‌ودا سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی داهاتی نه‌وت له‌ نیوان هه‌موو هه‌رێمه‌كان و بۆ قازانجی هه‌موولایه‌كیش ده‌بیت.
حكومه‌تی نوێی عێراق و ئه‌و رێككه‌وتنه‌ سه‌ره‌تاییه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، ده‌رگای كرده‌وه‌ بۆ په‌یوه‌ندیه‌كی تازه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ ئه‌نكه‌ره‌دا، پێش دوو هه‌فته‌ ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا سه‌ردانی به‌غدای كرد، چه‌ند رۆژێك دوای ئه‌و سه‌ردانه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عێراق به‌ فه‌خره‌وه‌ باسی ئه‌و بۆرییه‌ نه‌وتیه‌ تازانه‌ی كرد كه‌ كوردستان به‌ به‌نده‌ری جیهانی توركی گرێده‌داته‌وه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆرانكاریانه‌ی به‌غدا، هه‌روه‌ها هه‌ره‌شه‌ به‌رده‌وامه‌كانی داعش، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و هه‌روه‌ها بار قورسبوونی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست ئه‌و هه‌موو ئاواره‌یه‌ و ده‌بێت به‌رگه‌شی بگرێت، بۆیه‌ كاته‌ له‌وه‌ قورستره‌ كوردستان هه‌نگاو بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ڵبگرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ریفراندۆمه‌ی كوردستان یه‌ك ئاكامی ده‌بێت ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆییه‌، له‌ ساڵی 2005 له‌ ریفراندۆمیكی نافه‌رمی كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌نجامدرا 98% خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی داوه‌.
له‌ تازه‌ترین رووداودا كه‌من تیایدا ئاماده‌بووم، عه‌بدوڵا گولی سه‌رۆكی پێشووی توركیا له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی كوردستان زۆر به‌كورتی تێگه‌یشتنی نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ خسته‌ روو: ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ناسه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌، كارێكی ئه‌رێنیه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م پرسه‌ له‌ناو دۆسییه‌كه‌دا نیه‌.





* مانۆێل ئه‌لمیدیا نووسه‌ر و تۆژه‌ره‌ و هه‌روه‌ها راوێژكار و تایبه‌تمه‌نده‌ له‌سه‌ر به‌بازاركردنی وزه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستدا،بروانامه‌ی دكتۆرای له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان وه‌رگرتووه‌ له‌ زانكۆی له‌نده‌ن و سه‌رنووسه‌ری پێشووی چاپی ئینگلیزی رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بووه‌ له‌ له‌نده‌ن و ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سیاتی ئه‌لعربیه‌ به‌ زمانی ئینگلیزی بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و گوڵان كردوویه‌تی به‌كوردی
Top