ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە جەنگی ئەمجارەدا ئێوە قارەمانی هەموو بەشەریەتن

ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ لە جەنگی ئەمجارەدا ئێوە قارەمانی هەموو بەشەریەتن
پێشمەرگەی كوردستان بۆ وڵات و ئازادی مروڤی كوردستانی گیانی خۆی بەخت دەكات، من ئەمە دەڵێم مەبەستم ئەوەیە: كە پێشمەرگە بۆ هەموو گەلی كوردستان تێدەكۆشێت، نەك تەنیا بۆ كورد، ئەم پەیامە بەرزە هەمیشە ئامانج ومەبەستی پێشمەرگە بووە. لە هەموو نەبەردییەكانیدا پێشمەرگە بۆ ئازادی كوردستان و سەربەزری تاكی كوردستانی خۆی بەخت كردووە. بەڵام ئەمجارەیان پایەمەكەی زۆر لەوەش گەورەترە، لەسەر ئاستی كوردستان پێشمەرگە بە كردەوە و بە سەر وبەگیان سەلماندی كە نەك تەنیا بۆ كورد گیان لەسەر دەستە، بگرە بۆ هەموو كەمە نەتەوایەتییەكانی كوردستایش. لەوەش گرینگتر ئەوەیە كە پەیامی ئەمجارەی پێشمەرگە بۆ هەموو مرۆڤایەتییە، نەبەردیی پێشمەرگە لە جەنگەدا تەنیا بۆ كورد نییە، تەنیا بۆ كوردستان وعیراقیش نییە، بگرە ئەمجارەیان پێشمەرگە لە جەنگەدا پەیامێكی مەزنی بۆ جیهان هەیە، ئەمجارەیان پێشمەرگەی كوردستان بۆ بەختەوەری و ئاسوودەیی هەموو مرۆڤایەتی خۆی بەخت دەكات، لە بەر ئەوە پێشمەرگە جێگەی شانازییە نەك تەنیا كوردستانە، بگرە جێگەی رێز و شانازی هەموو وڵات و هەموو كەسێكە كە ئەمڕۆ دژ بە تێرور و تۆقاندن و كوشتار و زەوتكردن وەستاوەتەوە. ئەی پێشمەرگەی كوردستان پەیامتان ئەمجارە سنووری كوردستانەكەتانی بەزاند بۆ هەموو جیهان ... لە جەنگی ئەمجارەدا ئێوە قارەمانی هەموو بەشەریەتن، رزگاركەی هەموو مرۆڤێكن لە هەر سووچێكی ئەم جیهانەدابێت. بۆیە نەك تەنیا ئێمەی كورد، بگرە سەرجەمی بەشەریەت سوپاستان دەكات...
سه‌باره‌ت به‌ ‌ خه‌ڵكی كوردستان و چۆنیه‌تی به‌هاناوه‌ هاتنی برا ئێزدیه‌كانمان و پشتیوانی كردن له‌ هێزی پێیشمه‌رگه‌ی كوردستانیش ده‌ڵێم: یەكەم قبووڵكردنی جیاوازی و جیاوازیی بیركردنەوە و را و بوچوون.پاشان باوەڕی پتەو بە كوردستانیبوون. كوردستانی بوون، واتە وڵاتێك بۆ هەمووان، بۆ توركمان و ئێزیدی وئاشوری وكلدان، بۆ كۆمەڵگەیەك لە چەشنی باخچەیەكی رەنگین، نەك تەنیا بۆ كورد بگرە بە هەمان شێوە بۆ هەموو كەسێكی غەیرە كورد، كاربكەین بۆ ئەوەی ئەوانیش هەست بە ئینتیمای كوردستانی بكەن، ئەوانیش بە چەشنی كورد كوردستانیان خۆش بوێت. ئەمجا هاریكاریكردنی خوشك وبرا ئێزیدییەكانمان بە شێوەیەكی تایبەتی و بە هەموو جۆرێك،تەنانەت ئەوانەی كە رەنجاون و دڵیان لە كورد شكاوە، دەبێت رەخنەو گلەیی وگازندەكانیان بە سینگێكی فراوان وەربگرین. برینەكانی ئەوانمان پێ كاریگەرتربێت لە برینەكانی خۆمان. دەبا دروشم وكارمان بۆ ئەوەبێت: خەمی ئێوە خەمی ئێمەیە، برینەكانتان برینەكانی جەستەی هەموو كوردستانە.
Top