تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و كاریگەری بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانەوە

تۆڕەكانی ئەنتەرنێت و كاریگەری بەسەر ئاسایشی نەتەوەیی كوردستانەوە
ئەوەی جێی نیگەرانیمە ئەوەیە كە لە ماڵپەڕو پەیجەكانی خۆمانەوە هەندێكمان بە نەزانانە ئەو وێنەو داتایانەی تیرۆریستان بڵاوی دەكەنەوە، سەرلەنوێ ئێمەیش بە سانایی بڵاویان دەكەینەوە، تا هاوڕێیانی خۆمان بیانبینن، كەواتە ئێمە كە لە دەرەوەی بازنەی كاروكردەی تیرۆریستیداین، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین دەبینە بنكەیەكی سیاسی بۆ هاندانی زیاتری تیرۆریزمی، لە كاتێكدا پێویستە ئەو ڤیدیۆو وێنە قێزەونانەی سەربڕینی خەڵك و گوللەبارنكردنی دیل و تەقاندنەوەی شوێنەكان لەسەر پەیجەكانمان بسڕینەوە، تا بوار بە گەشەسەندنی زیاتری ئەو گرووپانە نەدەین..
ماوەیەكە تیرۆریستان تۆڕەكانی ئەنتەرنێت زیاتر بەكاردەهێنن تا سەرنجی زۆرترین بینەربۆبینینی چالاكی توندوتیژانەی خۆیان ڕابكێشن و نمایشی بازووی خۆیان بكەن، بەمەیش زیاتر ترس و دڵەڕاوكێ دەخەنە دڵی ئەو كەسانەی مەبەستیانە، ئینتەرنێت باشترین و كەم مەسرەفترین پێگەیە بۆ پڕوپاگەندەی تیرۆریستان، بواریش خۆش دەكات بۆ ڕاكێشانی ئەندامانی هاوشێوەی خۆیان و دابینكردنی سەرچاوەی دارایی بۆ كارەكانیان، واتا لە ڕێی ئینتەرنێتەوە ژێرخانی تیرۆر بەهێز دەكەن، ئەو گرووپانە ئەمڕۆ وەك تاكتیك و ستراتیژ ئینتەرنێت بۆ ئۆپەراسیۆنەكانیان بەكاردەهێنن بێ ئەوەی مەرجەعەكانی ئاسایش بە شوێنیان بزانن، بەڵگەگەلێك هەن لەسەر ئەو گرووپانە كە لە بواری سایبەرتیرۆریزمدا مەشق بە ئەندامانیان دەكەن، تا بۆ ئۆپەراسیۆنی تیرۆریستی تەیار بكرێن، زیاتربوون و گەورەبوونی ژمارەی گرووپە تیرۆریستیەكان بەشێكی هۆكارەكەی بۆ كەڵك وەرگرتنی ئەندامەكانیان لەسەر چۆنیەتی بەدەستهێنانی زانیاری كۆمپیوتەری دەگەڕێتەوە، واتا تیرۆریزمێك گەر نەتوانێت خۆی لەناو فڕۆكەیەكدا بتەقێنێتەوە دەگەڕێ بە شوێن ڕێگەیەكدا چۆن داخڵی ناو سیستمەكانی هێڵی ئاسمانی فڕۆكەوانی بێت تا ئاسانتر كاری تیرۆریستانەی خۆی تێدا ئەنجام بدات..
سووریا لە ئێران باشتر وڵاتێكی زەمینەسازو میواندارە بۆ ئەو گرووپانە تا لە ڕێی ئینتەرنێتەوە هەمووان لەسەر خاكی خۆی كۆبكاتەوەو دواتر مەشقیان بدات و دابەشیان بكات بۆ ئەنجامدانی ڕووداوو پەلاماری كتوپڕو خستنەوەی زۆرترین قوربانی لەناكاو، گەلی كورد كە بەدرێژایی مێژوو لە خەباتی ڕەوایدا بۆ مافەكانی خۆی؛ بڕوای بە تیرۆر نەبووە زیانمەندی یەكەم دەبێت ئەگەر بێت و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم تەكنەلۆژیا هەستەوەرەدا نەكات، وەك چۆن هەردەم زیانلێكەوتووی یەكەمین بووە لە بەرانبەر چەكو چۆڵی داگیركارانیدا، بە تایبەت كە ئێستا كوردستان لە بەری ڕۆژئاوایەوە لەسەر سنووری كۆمەڵێك گرووپی جیهادی بان نەتەوەیی خۆبونیادگەردایە كە بوونەتە دراوسێ و ئەوانە لە بنەڕەتدا دروست كراون بۆ لە بنجەوە دەركێشانی هەموو ئاوەدانیەكی كە لە ناوچەكەدا چەكەرەی كردبێت، هەروەها لە بەری پشتەوەشی سنووری بە سنووری وڵاتێكی زەبەلاحی دراوسێیەوەیە كە خاوەنی فیكری كۆسمۆپۆلێتی بان مەزهەبیە بۆ ڕاماڵینی هەرچی فكرێكی جودایە لە فكری وی، پاش خوای گەورەو میهرەبان تەنیا وزەی مرۆیی زیرەكانەی خۆمان پارێزەرمان دەبێت لە دراوسێ مەترسیدارەكان، لەبەرئەوە لەبری سەنتەری ئەدەبیات و كەلەپوور ئەمڕۆ لە هەموو كات زیاتر پێویستمان بە سەنتەرەكانی پاراستنی وزەی مرۆیی و ژێرخانی ستراتیژیە تا لەو هەوڵە شەڕەنگێزانەی كە دەخرێتە شەبەنگ و فەزای كۆمپیەتەرەوە ژیان و كەرامەت و خاك و دەزگا مەدەنی و سەربازیەكانی كوردستانی لێ بپارێزین..
Top