با ئەزمونە تاڵەکان دووپات نەکەینەوە!

با ئەزمونە تاڵەکان دووپات نەکەینەوە!
مێژوو گرینگترین سەرچاوەی ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنەکانی جیهان و گەلانی سەردەمە. نەتەوە و دەوڵەتان لە ڕووی زانستی مێژوو دۆست و دووژمنەکان هەڵدەبژێرن. ئاریتما موحەممەدی
ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستوەکناوچەیەکیپڕ کێشە و ئاڵۆز هەمیشە جێ پێی ڕمڕمانی زڵهێزەکان و هێزە ناوچەیەکان بووە. ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناچەیەکی بە پیت و بەرەکەتە کە هەمیشە سرنجی بێگانەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. هەر ئەوەش بوتە هۆی ئەوە کە ئەم ناوچەیە بەر پەلاماری دەرەکی بکەوێتەوە. زۆر جاریش بۆ دەست بە سەراگرتنی سەرمایە سروشتییەکانی ئەم ناوچەیە وڵاتە زلهێزەکانی وەک ئەمریکا، بریتانیا و ڕووس هێزی ناوچەیی و داردەستی خۆیان چاندوە بۆ ئەوە کار ئاسانی بکەن بۆ داماڵین و بە فیڕۆ بردنی سامانی ئەم ناوچەیە.
بەداخەوە هەر ئەو هۆکارەش بووەتە هۆی ئەوە کە بەشێک لە نەتەوەکانی ئەم ناوچەیە لە ماف و ئازادی خۆیان بێبەش بکرێن و کانگاو سەرمایەکانیان بە هەدەر ببرێ، دووکەڵ و باروتی ئەو سەرچاوە ژێر زەوییانەش بە چاوی خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەم ناوچەیە بچێت.
مێژووی نوێی ڕۆژهەڵاتی بچوک مێژووێکی ئاڵۆز و پڕکێشەیە کە تاکوو ئیستاش گرینگترین کێشە ئاڵۆزەکانی چارەسەر نەکراون و هەروەها بە بێ چارەسەر ماونەتەوە. لە سەروبەندی شەڕی جیهانی دووەم و هەروەها پاش ئەو شەڕەش ئینگلیزییەکان دەرفەتێکی باشیان بۆ بنەماڵەی ڕەضا خان پێک هێناو ئەوانیش بە باشی لە ڕەقساندنی ئەو دەرفەتە کەڵکیان وەر گرت.
دەسەڵاتی بنەماڵەی ڕەضا خان بە سەر ئێران وەک سەرەتایی لە دایک بونی ناسیۆنالیزمی فاشیستی فارس لە قەڵەم دەدرێت، چونکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا بە شێوەیەکی پراکتیکی و عەمەلی ناسیونالیزمی فاشیستی فارس دەستی بە سەر ئێراندا گرت و هەوڵی یەک لاکەرەوە درا بۆ ئەوە کە زمانێکی یەکگرتوو، فەرهەنگێکی یەکگترتوو و ناسنامەیەکی نوێ لە سەر زمان و فەرهەنگی فارس بۆ ئێران پێک بێت.
ئەو هەوڵانەش بە یارمەتی کۆمەڵێ کەسێک کە لە ئەورووپا دەرسیان خوێندە بوو و ژیانیان بە سەر بردە بوو تێئوری ڕێژە کرا، بنەماڵەی “ڕەضا خانیش” بە میلیتاریزە کردنی ئێران ئەو سیستمە دواکەوتوەیان جێگیر کرد. لە هەر شوێنێک هەستیان بە مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی خۆیان کردە بێت، بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو جۆرە کەرەستەیەکی ترسناک بۆ دامرکاندنەوەی ئەو هێزانە کەڵکیان لێ وەر دەگرت.
ئەگەر خەباتی چەکدارانەی ساڵەکانی ٤٦-ـ٤٧ لە بەرچاو نەگرین ئەوا بە ڕوونی دەردەکەوێت کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی “ڕەضا خانەکان” تاکوو پێش ڕۆخانی دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە و دەسپێکی شۆڕشی گەلان لە ئێران هیچ پارت و ڕێکخراوێکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەکتیڤ و چالاک نەبووە.
کۆماری کوردستان وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسی نەتەوەی کورد چاوی لێ دەکرێت. ئەوەش لە بۆشایی مێژوو و لاوازی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی پێک هات، کە یەکێتی سۆڤییەت بۆ ئیمتیاز وەرگرتن لە دەسەڵاتی ئەو کاتی ئێران پشتیوانی لێدەکرد.
سەبارەت بە باکوریش:
لە پاش ڕۆخانی ئیمپراتووری عوسمانی و بە دەسەڵات گەیشتی “مصطفی کمال ئاتا تورک”
لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی تورکە نوێکان هاتە ئاراوە. تورکە نوێکا ن “سکولار” بوون. ئەوەش لە مێژووی وڵاتی تورک دا بە شتێکی نوێ چاوی لێدەکرا. بزوتنەوە کوردیەکانی باکور دڵخۆش بوون بەوەی کە لە سایەی ئەم حکومەتە مودێرنە دا بتوانن بە مافی سیاسی و دیموکراتی خۆیان بگەن.
بەڵام پێچەوانە بوو. “ئاتا تورک” وەک دووژمنێکی سەرکی نەتەوەی کورد خۆی خستە نێو گۆڕەپانەکە و بە مەترسی دارترین کەس لە مێژووی کۆن و نوێی تورک لە دژی کورد لە قەڵەم دەدرێت. ئاتا تورک وەک کەسێکی سیاسی پێش ئەوەی دەسەڵاتی خۆی جێگیر بکات سیمای خۆی پیشانی نەتەوەی کورد نەدا. خۆی وەک کەسێکی دیموکرات، مودێڕن و پێشکەوتوو پیشانی کورد دا. پاش ئەوە کە سیما شاراوەکەی خۆی خستە بەر دیدی هەموان، ئیتر پێشوازی لە نوێنەرانی کوردی نەکرد و هەمیشە خۆی لە نوێنەرانی کورد دەبوارد.
ئەوەش لە بەر ئەوە بوو کە پێش ئەوە بە دەسەڵات بگات داوای هاوکاری و پشتیوانی لەوان کردەبوو، ئەوانیش هەوڵی خۆیان بۆ هاوکاری کردنی خستە بووە گەڕ. ئاتا تورکیش بڵێنی دا بوو کە پرسی کورد چارەسەر بکات، بەڵام پاشان دەرکەوت کە بە چی شێوەیەک دەیهەوێت چارەسەری بکات.
ئیتر، بە گشتی چارەسەری پرسی کورد ئاڵۆز کرا، ئەو ئاڵۆز کردنەش لە ژێر کاریگەری وڵاتانی وەک بریتانیا، ئەمریکا و ڕووسەکان و ئەورووپا هاتە ئاراوە. ئاتا تورک و ڕەضاخان لە بەر ئەوە وەک پرسێکی ئاڵۆزو پڕ لە مەترسی لە پرسی کورد دەیانڕوانی، هەموو هێزی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوە نەتەوەی کورد بە چۆکدا بهێنن، زمان، فەرهەنگ، داب و نەریت و ناسنامەی نەتەوەی کوردیان لەو نەتەوەیە قەدەغە کرد و هەوڵ بۆ ئاسمیلەکردن و شۆردنەەی ناسنامەکەیان دا.
لە باشوری کوردستانیش هەر بەم شێوەیە ئەزمونە تاڵەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور دووپات دەبونەوە. هەر چەند لە باشوور لە بەر لاوازی دەسەڵاتی ناوەندی کورد زبری توندی لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەدا.
ژئۆپولیتیکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بچوک هەمیشە لە گەڵ یەک سازگار نەبووە. تەنیا پرسێک کە ئەم وڵاتانەی پێکەوە گرێداوە پرسی کورد بووە. هەمیشە لە بزوتنەوە کوردیەکان لە دژی یەک کەڵکی نابەجێیان وەر گرتووە. بۆ نمونە دەسەڵاتی ئێران لە حەفتاکاندا پشتیوانی لە بزوتنەوەی کورد لە باشور کرد بۆ ئەوە کە ئیمتیاز لە عێراق وەر بگرێت. ئامانجی ئەم چوار داگیرکەرە لە بزوتنەوە کوردیەکان تەنیا بۆ ئەوەیە کە ئیمتیاز لە یەک وەر بگرن و پاشان بزوتنەوە کوردیەکە بە چۆکدا بهێنن و بڕۆخێنن.
هەر ئەوش هۆکاری بنەڕەتی بەردەم بزوتنەوەی کورد بووە کە هیچ کات نەیتوانیوە کۆسپەکانی سەرە ڕێی ببڕێت.
لە گەڵ پێشەوەچونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و کرانەوەی دوونیای دەرەوە بە ڕووی وڵاتانی جیهانی سێوەم، لە گەڵ هاتنە گۆڕەی مودێڕنتە و پوست مودێڕنیزم و ژیان لە نێو گلۆبالیزم و حەوانە لە نێو دوونیای پڕ لە زانست و تێکنۆلۆژی، هەروەها لە گەڵ ئاڵوگۆڕەکانی سەردەم و تێپەڕاندنی دەیان قۆناغی سەخت و پڕ لە هەوراز و نشیو، ئیستاشی لە گەڵ بێت سەرکردە کوردەکان لە هیچ کام لە بەشەکانی کوردستان نەیانتوانیوە زانستیانە لە گەڵ پرسە سیاسیەکانی نەتەوەی کورد هەڵسوکەوتکەن و ئەم پرسە چارەسەربکەن، هەمیشە بە بێ لە بەرچاو گرتنی زانستیانەی چارەسی ئەم پرسە لە ڕووی هەستی نیشتیمان پەروەری بڕیارەکانیان دەرکردووە. ئەوەش یەکێ لە هۆکارە بنەڕەتیەکانی سەرەڕێی سەرکەوتنی ئەم گەلەیە.
لە هەرێمی باشوری کوردستان دەستکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی بە دەست هاتووە، کە دەبێت هەموان پارێزگاری لێبکەین و بیپارێزین، بەڵام گرینگترین ئەرک لەم قۆناغەدا دەکەوێتە سەر شانی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە. لایەنە سیاسیەکانی ئەم پارچەیە و بە تاییبەت ئەو لایەنانە کە بەشداری حکومەتن و توانای ئەوەیان تێدا بەدی دەکرێت کە ئاڵوگۆڕ پێک بهێنن.
لە وتارەکانی پێشوم دا هەمیشە زانستی مێژووییم وەک چرای ڕوناکی ماڵان پیشانداوە و هەموو ئاڵوگۆڕ و پێشکەوتنەکانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیم بە ئەم زانستە بەستووەتەوە.
بە لە بەرچاو گرتنی ئەم زانستە دەتوانین ڕیگا باشەکانی ژیان بدۆزینەوە و دۆستە باشەکان هەڵبژێرین و دووژمنە خرابەکانیش پتر سەر پێنەویکەین. هەروەها لە کاتی پێدا چونەوە بە مێژووی گەلەکەمان دەتوانین لایەنە دۆست و دووژمنەکان بناسینەوە و ئیتر نابێت دەرفەت بە دووژمنەکان بدەین کە جارێکی دیکە دەستکەوتەکانمان لێبستێنن.
مێژووی گەلەکەمان ئەوەمان پێ دەڵێت کە نابیت هیچ کات پشت بە دووژمنە نزیکەکان ببەستین. هەروەها ئەزمونی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیش ئەوەی سەلماندووە کە دووژمنە ناوچەیەکان مەترسیدارترن بۆ سەر ژیانی هەر کۆمەڵگەیەک کە ئەگەر هەست بە دووژمنێکی نزیک بکات.
ئێمە دەتوانین پێوەندی کەلتوری و سیاسی و دیپلۆماسیان لە گەڵ ساز بکەین، بەڵام نابێت بۆ پێکهێنانی دەوەڵەتی کوردی یان بۆ بە دەست هێنانی دەسکەوتی نەتەوەیی زیاتر پشتیان پێ ببەستین، ئەگەر دەرسەدی ئەو پشتیوانیەش لە سەداسەد بێت، دیسان مەترسی هەیە.
کەواتا لە جێی خۆیدا نییە کە دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان بایەخ و گرینگی بە پشتیوانی سیاسی تورکیە بدات، تورکیە یەکێ لە دووژمنە مێژوویەکانی نەتەوەی کورد بووە. بەڵێ ڕاستە لە بەر ئەو پێوەندیە ئابوورییەی کە لە گەڵ هەرێم دا هەیەتی ئاڵوگۆڕ بە سەر بەشێک لە سیاسەتەکانیدا هاتووە، بەڵام کێ دەزانێت ئەم هاوکاری و پێوەندییە تا کەی بەردەوام دەبێت.
ئەگەر حکومەتی ناوەند بتوانێت بەرژەوەندییە ناوچەیەکانی تورکیە دابین بکات، ئەو ئیمکانەش هەیە کە تورکیە دەست لە پشتیوانی کردنی هەرێم هەڵبگرێت. پێشبینی کردنی ئەو ڕووداوە بۆکورد ئەوەندەش دژوار نییە، کورد وەک نەتەوەیەکی ستەم لێکراوئەو ئەزمونە تاڵەی هەیە، هەرچەند پشتیوانی تورکیە تاکوو ئیستا لە چوارچێوەی هەواڵ و دەنگوباسەکاندایە.
لە پاش ئەوە کە هەرێم دەرفەتی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣ـ ٢٠٠٦ لە دەستدا، ئیستاباشترین چارەسەر ئەوەیە کە لە گەڵ حکومەتی ناوەندی بە ڕێکەوتنێکی سیاسی بگات. ئیتر نابێت ئەزمونە تاڵەکان لە بیر بکرێن و دوپاتیش ببنەوە.
لە وتاری پێشوومدا باسی دواکەوتنی موچەی فەرمانبەرانم کرد، هەروەها وتم کە لە بەرژەوەندی کورد نییە کە پشتیوانی لە سونە بکات، ئیتر گرینگ نییە بۆ ئێمە وەک کورد هەوڵ بۆ پاراستی بەرژەوەندی لایەنێکی ئەتنیکی ـ مەزهەبی بدەین. سونە ئەگەر دەسەڵاتی هەبێت و بۆی بگونجێت بە هەموو شێوەیەک دژایەتی هەرێم دەکات.
من پێم وایە کە ئەگەر تورکیە لەم هەلومەرجەدا پشتیوانی کورد بکات لەبەر ئەوەیە کە سونە لاوازە و نایهەوێت کە شیعە دەسەڵاتی بە سەر هەموو عێراقدا بگرێت، چونکە پێی وایە گۆڕەپانەکە بۆ کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندی ئێران چۆڵ دەبێت. بۆیە تورکیە هەوڵ دەدات کە لەم قۆناغەدا ئەلترناتیڤێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتی شیعە لە عێراق بەهێز و جێگیر کرا، ئیتر تورکیە هەوڵ دەدات کە لە گەڵ واقعیت ڕووبەڕوو بێت.
هەر کاتیش تورکیە دەسەڵاتی سیاسی عێراق وەک دەسەڵاتێکی شیعی قبوڵ کرد ئەو کات پێوەندیەکانی لە گەڵ شیعە باش دەبێت و ئیتر دەکەوێتە دژایەتی کردنی هەرێم.
بۆیە پێم وایە لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا لە بەرژەوەندی کورد نییە کە لە دەرەوەی بەرژەوەندی خۆی دژایەتی مالکی و شیعە بکات.
Top