میدیای عەرەبی پابەندترە
December 24, 2012
وتار و بیروڕا
لە بەرانبەردا مامەڵەی ڕاگەیاندنەكانی ئۆپۆزیسیۆن و ئەوانەی سیفەتی ئەهلیان خستووەتە پاڵ خۆیانەوە لەگەڵ بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم بۆ ناوهێنانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم پڕییەتی لە هەناسە باوەكەی خۆبەبچووكزانینی نەتەوەیی و سووكسەرنجدانی دامودەستگەی سیادی و شەرعیی وڵاتەكەیانەوە. خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە وەڵامی ئەو پرسیارەیان بدرێتەوە پابەندبوون بە بڕیارێكی فەرمی چ كێشەیەك بۆ ئەوان دەنێتەوە؟ بۆ میدیای عێراقی ئامادە نییە بستێك پاشەكشە بكات لە شوێنكەوتن بۆ ناوهێنانی شەفەهیی پیاوێك كە كارنامەكەی سەرتاپا قەیران و پێشێلكاریی دەستوورییە بەڵام میدیای كوردی وا بە ئاسانی خۆی لە پابەندبوونی بڕیارێك دەبوورێت كە نەتەوەیی و شەرعییە؟
ڕاگەیاندنەكانی گۆڕان خۆیان یەكلاییكردووەتەوە كە پابەند نابن و حەز دەكەن وشەیەكی میدیایی كە خۆیان دایانتاشیوە بەكاری بهێنن. هێشتایش ڕوونیان نەكردووەتەوە كە شەرعییەتی ئەو ناوهێنانەیان لە كوێ هێناوە و ئەگەر لای ئەوان وشە هیچ كێشەیەك نییە ئەی بەكارنەهێنانی ناوچە كوردستانییەكانی دەروەی هەرێم هەڵگری چ پەیامێكە جگە لە پابەندنەبوونیان بە هاودەنگیی نەتەوەیی و سەیركردنی ڕووداوەكان تەنیا لە چاویلكەی حزبەكەیانەوە. پاش دوو حەفتە لە دەرچوونی بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم هێشتا دوو لایەنە ئیسلامییەكەی ئۆپۆزیسیۆنیش دیراسەیان تەواو نەبووە كە پابەندبوونیان بەو بڕیارە چەندە زیان لە پێگەی جەماوەری و سیاسیی حزبەكەیان دەدات یان چەندە لە بەرژەوەندییان دەبێت شوێنكەوتووی بڕیارێكی ڕەسمی و نەتەوەیی وڵاتەكەیان بن.
پابەندبوون بە بڕیارەكەی سەرۆكی هەرێم لای بزووتنەوەی گۆڕان بە مانای شوێنكەوتنیان بە بڕیارێكی نەتەوەیی دێت و ئەوان بە هیچ شێوەیەك نایانەوێت ببن بە بەشێك لە هەڵكشانی هەستی نەتەوەیی چونكە لەو كەشەدا وای بۆ دەچن پێگە جەماوەرییەكەییان لاواز دەبێت و بە سەركەوتنی لایەنی بەرانبەری لێك دەدەنەوە. ئەو جۆرە بیركردنەوە مایە نائومێدییە و ئەو بڕوایە دروست دەكات كە هێشتاكەیش حزبی سیاسیمان هەیە پێیوایە سیاسەت بریتییە لە پێكۆڵی لە ئایدیۆلۆژییەكەیان و چەمكی وڵات تەنیا شارێك دەگرێتەوە و ڕاستییەكانیش تەنیا لەنێو هەنبانەكەی ئەوانەوە دەست دەكەوێت.
ئەو هەڵوێستە خەمە قووڵەكەی ئینسانی كوردیمان بیر دەهێنێتەوە كە بەردەوام گلەیی لە پەرتەوازەیی و هزری ناوچەخواز و پاشاگەردانیی سیاسییەكانی كورد دەكاتەوە. پابەندبوونی عەرەبەكان بە قسە سەرپێییەكەی مالیكی و پابەندنەبوونی لایەنە كوردییەكان بە بڕیارە ڕەسمییەكەی وڵاتیان پێمان دەڵێت كە دیتی ستراتیژیی نەتەوەیی لای ژمارەیەك لایەنی كوردی لاواز و كەمبەهایە و لەم ڕووەوە چەند هەنگاوێك لە دوای عەرەبەكانەوەن.