وانه‌یه‌ک بۆ گۆرانیبیژانی ئه‌مرۆ.. ئوم که‌لسوم هه‌ره‌می چواره‌می میسر
October 9, 2012
وتار و بیروڕا
زۆر جار ده‌ڵین له پشت هه‌مو داهێنه‌رێک له دونیادا ئافره‌تێک هه‌یه که ڕێگه‌ی بۆ خۆش کردووه بگاته لووتکه‌ی داهێنان و شوهره‌ت ، ئه‌گه‌ر چی من دژی ئه‌و قسه‌یه‌م چونکه ئافره‌ت ده‌کاته پاشکۆ و پله‌ی دووه‌می بۆ دیاری ده‌کات ، به هه‌ر حاڵ ئه‌وه بابه‌تێکی تره دەکری بە جیا تیشکی بخه‌ینه سه‌ر، لیره‌دا ده‌مه‌وێ بڵێم باوکی به‌هره‌مه‌ندی هه‌ره گه‌وره ئوم که‌لسوم ( ئیبراهیم به‌ڵتاچی ) رێگه خۆشکه‌ری راسته‌قینه‌ی کچه‌که‌یه‌تی که هه‌ر له منداڵییه‌وه له گه‌ڵ خۆی دێ به دێ گهراندوویهتی وه‌کو کۆرس له خوێندنه‌وه‌ی مه‌ولودنامه‌ی په‌یامبه‌ر ، له‌و ده‌مه‌دا ئه‌بولعولا ناوبانگێکی گه‌وره‌ی ده‌بێت له خوێندنه‌وه‌ی مه‌قامه‌کاندا له میسر دۆستایه‌تی له گه‌ڵ ئیبراهیم به‌ڵتاچی ده‌بێت به هه‌ڵکه‌وت له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له شارۆچکه‌ی سونبولاوێکان ده‌یبینن و باوکی ئوم که‌لسومی منداڵ ده‌ڵێ ئه‌وه ئهبولعولایه و ئیتر ئوم که‌لسوم وه‌کو بنێشت ده‌نووسێت پێوه‌ی ، سه‌یر له‌وه‌دایه کاتێک عولا له گه‌ڵ باوکی قسه ده‌کات که‌لسوم ده‌ڵی توخوا که قسه ده‌که‌یت ته‌نها سه‌یری من بکه !! کاتێکیش باوکی بانگهێشتی ده‌کات بۆ گونده‌که‌ی خۆیان ئه‌بولعولا ده‌ڵی هه‌رچه‌نده کاتم نیه به‌ڵام له به‌ر خاتری سومه ( ئوم که‌لسوم ) ناچارم بانگهێشته‌که‌ت قبوڵ بکه‌م ، ئا ئه‌و رۆژه به سه‌ره‌تای هه‌ڵکشانی ئوم که‌لسوم ده‌ژمێردرێت به‌ره‌و لوتکه‌ی داهێنان و شوهره‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئه‌بولعولا پێشنیازی ئه‌وه‌یان بۆ ده‌کات که بگوێزنه‌وه قاهیره ، له پایته‌ختدا و له رێگه‌ی عولاوه ئه‌ستێره درهوشارهکانی بواری گۆرانی وموزیک ده‌ناسن ، دوای ئه‌وه‌ی سومه ده‌بێته خاوه‌نی هۆڵی تایبه‌تی خۆی ئه‌مجا باوکی و برا گه‌وره‌که‌ی ده‌بنه کۆرسی سومه ، دیاره ئه‌مه‌ش ڕاوستانێکی ده‌وێ ، چونکه ئه‌وان خێزانێکی ئایینی بوونه و واش باوه ئه‌و جۆره خێزانانه نه‌هی بکه‌ن له‌وه‌ی کچانیان گوێ له گۆرانی بگرن که‌چی ئه‌مان به‌وه نه‌وه‌ستان که کچه‌که‌یان له پێش سه‌دان پیاو گۆرانی بڵێ به‌ڵکو هه‌ر خۆیانیش بوون به هانده‌ر و ئه‌ندام له تیپه‌که‌ی ، جا ئه‌گه‌ر خێزانی ئایینی به‌م شێوه‌یه بێت هه‌م ئاینه‌که ده‌بێته جێگه‌ی رێزی خه‌ڵکی و هه‌م پیاوانی ئایینش ئه‌چنه ناخی دڵ و ده‌روونی خه‌ڵکییه‌وه ، بۆیه لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ی شانازی بۆ پیاوێکی وه‌کو مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیه بده‌ین که یه‌که‌م که‌س بوو ئه‌خته‌ری کچی له قوتابخانه‌ی تێکه‌ڵاوی کۆیه ناونووس کرد و به شانازییه‌وه بڕوانینه گه‌وره شآعیری کورد جه‌میل سیدقی زه‌هاوی که له سه‌ره‌تای بیسته‌کانی سه‌ده‌ی پێش‌و داوای کرد ژن و پیاو یه‌کسان بن و ژنانیش جوانی یه‌زدان به سه‌رپۆشی ڕه‌ش نه‌شارنه‌وه که بوو به هۆی ئه‌وی مه‌لا که‌لله ڕه‌قه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه فه‌توای ڕه‌جم کردنی بۆ ده‌رکه‌ن .
من کاتێک ده‌خوازم له سه‌ر ئوم کهسوم بنووسم دیاره مه‌به‌ستێکم هه‌یه، مه‌به‌سته‌که‌شم ئه‌وه‌یه که کچانی کورد کاتێک دێنه مه‌یدانی هونەری گۆڕانی وتن به سێ ئه‌ستونی هونه‌ریه‌وه خۆیان سازده‌ن که یه‌که‌میان ده‌نگه و دووه‌میان ئاواز‌و سێیه‌میانیش هه‌ڵبژاردنی شیعری باڵایه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مری بۆ خۆیان و هونهرهکهیانیان تۆمار بکه‌ن که به داخه‌وه هیچ کچهگۆرانیبێژێک بایه‌خی به‌و سێکوچکه‌یه نه‌داوه و هه‌میشه خه‌ریکی لاسایی کردنه‌وه و نیشندانی جل و به‌رگ و ده‌رخستنی سینگ مه‌مک و شوێنی هه‌ستیاری بزوێنه‌ری سێکسی بوون که له دوور و نزیک په‌یوه‌ندی به هونه‌ری گۆرانی وتنه‌وه نیه ، خۆ ئوم که‌لسوم جوان نه‌بوو و هه‌میشه له سه‌ر ته‌ختی شانۆدا به پۆشته‌یی ده‌بینرا که‌چی قیبله‌گای ملیۆنه‌ها پیا بوو ، پیاوانی هه‌ره به‌رزی سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت خواخوایان بوو په‌یوه‌ندییه‌کی هاوڕێیانه‌یان له گه‌ڵ ببه‌ستن ، فاروقی پادشای میسر که‌سێکی وه‌ک جه‌مال عه‌بدولناسر ته‌نانه‌ت ئهونوهرساداتیش شانازی به‌وه ده‌کرد که ڕه‌فیقی سومه‌یه به شێوه‌یه‌ک جیهانی خێزانی ساداتی خستبووه دونیای غیره‌ته‌وه، زۆربه‌ی وڵاته عه‌ره‌بییه‌کان نیشانه‌ی به‌رزی ده‌وڵه‌تیان پێبه‌خشی ، کاتێکیش کۆچی دوایی کرد زۆرترین خه‌ڵک به دوای عه‌رشه‌که‌یه‌وه بوون به شێوه‌یه‌ک وەکو ژماره‌یه‌کی قیاسی له مێژوودا له قه‌ڵه‌م ده‌درێت ، فه‌یسه‌ڵی شازاده‌ی سعودیه به فرۆکه‌یه‌کی تایبه‌ت ئاوی زه‌مزه‌می نارد بۆ شۆردنی ته‌رمه‌که‌ی هه‌ر وه‌کو وهفادارییاک بۆژنە هونه‌رمه‌ندی کۆچکردوو .
ئایا ده‌کرێ هونه‌رمه‌ندانی ئێمه‌ش بۆ ساتێک بیر بکه‌نه‌وه له‌وه‌ی ببنه ئوم کهسومی کوردستانه‌که‌یان ، دیاره ئه‌مه‌ش ده‌خوازێ هونه‌رمه‌ند سۆفیگه‌ری هونه‌ره‌که‌ی خۆی بێت ، هه‌وڵ بدات ڕاهێنانی باش بۆ ده‌نگی خۆی بکات هه‌ر وه‌کو چۆن پاڵه‌ونێکی دونیای وه‌رزش ڕاهێنان ده‌کات ، بگه‌رێ به دوای قه‌سیده نه‌ک داوان بکاته‌وه بۆ هه‌ر شایه‌رێک شیعری بێتامی هه‌ڵپه‌رکێی بۆ هه‌ڵدات ، وا بکات ئاوازدانه‌ره‌کان هه‌ڵپه‌ی دانانی ئاوازی تایبه‌تی بۆ بکه‌ن نه‌وه‌ک هه‌مویان له به‌ر ده‌رگای لووسکه‌یه‌کی ئاوازدزدا کۆ ببنه‌وه ، ئه‌گه‌ر ئه‌م یاسا سه‌ره‌کییانه ڕه‌چاو بکه‌ن دیاره له به‌رینترین ده‌روازه‌کانییه‌وه ده‌چنه ناو مێژوو، ئه‌گه‌ر نا ده‌بنه گوڵدانی سه‌ر مێزی ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌رپرسی گه‌نده‌ڵ بۆ وه‌رزێک یان دووان تا وه‌کو رۆژگار گوڵدانێکی تر به‌رهه‌م دێنی .
من قسه‌ی خۆم کرد و هونه‌رمه‌ندان خۆیان سه‌رپشکن ده‌توانن یه‌ک له‌و دوو رێگه‌ی هات و نه‌هاته هه‌ڵبژێرن .