جه‌ژنی نه‌ورۆز .. شاجه‌ژنی کوردستانه‌

جه‌ژنی نه‌ورۆز .. شاجه‌ژنی کوردستانه‌
نــه‌ورۆز بوو ئـــاگرێکی وه‌های خسته‌ جه‌رگه‌وه‌
لاوان به‌ عه‌شق ئه‌چوون به‌ به‌روپیری مه‌رگه‌وه‌

جه‌ژنی نه‌ورۆز ، دێرینترین و ره‌سه‌نترین و پیرۆزترین و خۆشترین جه‌ژنی گه‌لی کوردمانه‌ .. جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌ .. جه‌ژنی یه‌کڕیزی وته‌بایی و برایه‌تیمانه‌ .. جه‌ژنی راپه‌ڕین و سه‌رهه‌ڵدانه‌ .. جه‌ژنی ئازادی و سه‌رفرازی و ئاشتیمانه‌ .. جه‌ژنی .. جه‌ژنی خۆشی و گه‌شی و شادیمانه‌ .. جه‌ژنی شایی و گۆڤه‌ند و سه‌یرانه‌ .. جه‌ژنی ئه‌وین و خۆشه‌ویستیی عاشقانه‌ .. رۆژی تازه‌کردنه‌وه‌ی به‌ڵێن و په‌یمانه‌ .. نه‌ورۆز مژده‌هێنی ژیانه‌وه‌ی گیا و دره‌خت و گوڵ و گوڵزاره‌ .. له‌ مانگی نه‌ورۆزدا ، مه‌له‌ کۆچکردووه‌کانی هۆگر و شه‌یدای به‌هاری ره‌نگین و جوانی کوردستان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ .. گۆڵه‌ نێرگزی شای گوڵان و ، حاجیله‌ و ، گۆڵاڵه‌سووره‌ و ، رێحانه‌ و ، کنگر و ، هه‌پڵۆک و ، پیشۆک و ، ترشۆکه‌ و ... هتد . هه‌موو ده‌خه‌مڵێن .. ده‌شت و ده‌ری کوردستان ، کراسێکی هاودامانی گوڵ سرۆشتی له‌به‌ر ده‌کات .. سه‌ره‌تای وه‌رزی به‌هاره‌ .. جه‌ژنی دێهات و شاره‌ .. نه‌ورۆز جه‌ژنی هه‌ژاران و نه‌درانه .. مانگی خێر و بێر و گه‌شه‌کردنی ده‌غڵ و دانه‌ .. رۆژی ماڵئاوایی زستان و سه‌رما و سۆڵه‌ و به‌فر و زریانه‌ .. نه‌ورۆز جه‌ژنی سرۆشتی قه‌شنگ و جوانی کوردستانه‌ .

نه‌و‌رۆز ، جه‌ژنی یه‌که‌مین رۆژی سه‌ری ساڵی کوریمانه‌ .. هێما و سومبولی خه‌بات و کۆڵندان و راپه‌ڕینمانه‌ .. جه‌ژنی نه‌ورۆز په‌یامی ئاشتی و پێکه‌وه‌ژیانه‌ .

جه‌ژنی نه‌ورۆز ، لای ئێمه‌ی کورد بایه‌خێکی گرنگی مێژوویی هه‌یه‌ .. تیکه‌ڵ به‌ هزر و هۆش و بیرمان بووه ‌.. بۆته‌ به‌شێکی ره‌سه‌ن و نه‌مر له له‌ کولتووری که‌له‌که‌مان .. ره‌گی به‌ ناخی ئه‌ده‌بی کوردیماندا شۆڕبۆته‌وه‌ .. نه‌ورۆز بووه‌ به‌ هه‌وینی چه‌ندین شاکاری ئه‌ده‌بییمان ، هۆنراوه‌ ، چیرۆک ، رۆمان ، دراما .. به‌ تایبه‌تیشی بۆ ئیلهامی شیعره‌کانی شاعیره‌کانمان .
ئه‌مڕۆش ( نه‌ورۆزنامه‌ ) بووه‌ به‌ چمکێکی په‌خشانی کوردیمان .. له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ، هاوڕێ بۆ هاوڕێ و دۆست و ده‌زگیران و ، خۆشه‌ویستان ، که‌س وکار بۆ یه‌کتری ده‌نێرن .
جه‌ژنی نه‌ورۆزه ، که‌ توانیوێتی گیانی هه‌میشه‌ خه‌بات و خۆڕاگری و کۆڵنه‌دان و به‌رخودانی له‌ دڵی گه‌له‌که‌ماندا رابگرێ .. سۆز و په‌رۆش و خۆشه‌ویستیشمان بۆ کوردستانی شیرینمان .. شیرینتر و به‌سۆزترو به‌ په‌رۆشتر بکا .

ئه‌وه‌تا ئه‌تاتورکلیزمه‌کان ، تۆقیان له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز و له‌ .. مه‌شخه‌ڵ و گڕ و کڵپه‌ی ئاگری نه‌ورۆز چووه‌ .. هه‌موو هێزێکیان خستۆته‌ باری وریایی و نائاساییه‌وه‌ .. رژێمی فاشستی تورکیا ، گه‌مژه‌یی و بێ ئه‌قڵییه‌کی گه‌وره‌ ده‌کا . ئه‌گه‌ر بێتو له‌ باکووری کوردستاندا جه‌ژنی نه‌ورۆز و ، کردنه‌وه‌ی ئاگری نه‌ورۆز که‌ سومبولی نه‌ورۆزه‌ ، قه‌ده‌غه‌ بکات .. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر هه‌موو هێزه‌کانی ( ناتۆ ) ش بهینن .. ناتوانن جه‌ژنی نه‌ورۆز قه‌ده‌غه‌ بکه‌ن و نه‌هێڵن ئاگری نه‌ورۆز بکرێته‌وه‌ .. نه‌ورۆز ، جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌ و ، شاجه‌ژنی کوردستانه‌ و .. هه‌موو کوردێک شانازی به‌ جه‌ژنی نه‌رۆزه‌وه‌ ده‌کا .. هیچ جه‌ژنێکیش به‌ قه‌د جه‌ژنی نه‌ورۆز لای کورد شیرین نییه‌ و .. هیچ بۆن و جه‌ژنێکیش به‌قه‌د جه‌ژنی نه‌ورۆز ، ره‌گی له‌ دڵی کورد دا دانه‌کوتیوه‌ .. نه‌ورۆز ره‌نگدانه‌وه‌ و کاریگه‌رییه‌کی قووڵی ، له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌کانی ژیانی گه‌له‌که‌ماندا هه‌یه‌ .. بۆته‌ فاکته‌رێکی گرنگی هاوخۆشی و هاوڕیزی و یه‌کێتی گه‌لی کوردمان .

له‌ رۆژی نه‌ورۆزی ( 21 / 3 / 1990) دا .. کچه‌ کوردی قاره‌مان و دلێرمان ، خوێندکار (زه‌کیه‌ ئالکان ) که‌ پۆلی شه‌شه‌می کۆلێجی پزیشکی بوو ، له‌ زانکۆی دیجله‌ له‌ شاری ئامه‌د ( دیار به‌کر ) .. له‌ باکووری کوردستاندا .. میت و پۆلیسی تورکیای فاشستی ، به‌ چه‌که‌وه‌ دڕندانه‌ چوونه‌ ناو زانکۆکه‌وه‌ و ، نه‌یان هێشت خوێندکارانی کوردمان جه‌ژنی نه‌ورۆز بگێڕن و ، ئاگری نـه‌ورۆز بکه‌نه‌وه‌ .. به‌ڵام خوێندکار( زه‌کیه‌ ئالکان ) که‌ دڵسۆز و کوردستان په‌روه‌رێکی ناسراوبوو .. بڕیاری دا ، که‌ ده‌بێت ئاگری نه‌ورۆز هه‌ر بکاته‌وه‌ .. زه‌کیه‌ خان له‌ ناوه‌ڕاستی شاری ئامه‌د دا له‌ به‌رده‌م میت و پۆلیسی تورکیادا ، هاواری کرد و وتی : " ئه‌ی فاشستییه‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستان .. ئێوه‌ ناتوانن نه‌هێڵن من ئاگری نه‌ورۆز بکه‌مه‌وه‌ .. بڕوانن که‌ چۆن ئاگری نه‌ورۆز ده‌که‌مه‌وه‌.. ".. گاڵۆنێ به‌نزینی به‌ سه‌ری خؤیدا کرد و خۆی سوتاند و ، به‌ گیانی ناسک و پیرۆزی ئاگری نه‌ورۆزی کرده‌وه‌ .. شه‌هیدی نه‌مرمان ( زکیه‌ ئالکان ) به‌ جیهانی سه‌لماند ، که‌ کورد نه‌مردووه‌ و نامرێت .. به‌ داگیرکه‌رانی کوردستانیشی سه‌لماند ، که‌ کورد له‌ مردنیش به‌هێزتره‌ .. هیچ هێزێکیش ناتوانێت ، کورد و نه‌ورۆز له‌ یه‌کتری دابڕێ .. هه‌موو ئه‌وهه‌وڵانه‌ش که‌ تا ئێستا داگیرکه‌رانی کوردستان داویانه‌ .. بۆ کاڵ کردنه‌وه‌ی بایه‌خی نه‌ورۆز .. یا شێواندن و له‌به‌رچاوخستنی ، سه‌ریان نه‌گرتووه‌ و پووچه‌ڵ بوونه‌ته‌وه‌ .

نازانم رژێمی تورکیا ، له‌ گوێی گادا نووستوون ، یا به‌ ئه‌نقه‌ست خۆیان گیل ده‌که‌ن .. له‌ ( 23 / 2 / 2010 ) له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانه‌وه‌ ، که‌ تورکیاش ئه‌ندامێکێتی ، به‌ فه‌رمی ( جه‌ژنی نه‌ورۆز ) بوو به‌ بۆنه‌یه‌کی جیهانی دانپێنراو .. پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان رێز له‌م بۆنه‌یه‌یه‌ بگرن .. به‌ڵام که‌ی رێز و شه‌رم و شووره‌یی لای ڕژێمی فاشستی تورکیا هه‌بووه‌ .. ؟؟

به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی پیرۆز و ، سه‌ری ساڵی نوێ ی کوردیمان( 2712) له‌ ناخی دڵمانه‌وه‌ .. جوانترین پیرۆزبایی له‌ هه‌موو کوردێکی دڵسۆز ده‌که‌م ، له‌ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان ، یا له‌ هه‌ر شوێنێکی هه‌نده‌راندا بن .. بۆ یه‌که‌ به‌ یه‌که‌شتان چه‌پکێ گۆڵه‌ نێرگزی چاومه‌ستی ، نێرگزه‌جاڕی ئه‌م به‌هاره‌ هاته‌ی کوردستانی شیرینمان پێشکه‌شتان ده‌که‌م .

هیوادارین ، جه‌ژنی نه‌ورۆزی ساڵی داهاتوومان .. جه‌ژنی ئازادی کورد و رزگارکردنی کوردستان بێت .

جه‌ژنی گه‌ڕانه‌وه‌ی شاری که‌رکوک و ، ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی ترمان بێت بۆ باوه‌شی کوردستان .

جه‌ژ‌نی داهاتوومان ، جه‌ژنی جه‌ژنان بێت ، جه‌ژنی بڕیاردانی مافی چاره‌ی خۆنووسین بێت .. جه‌ژنی جاڕدانی ( ده‌وڵه‌تی کوردستان ) بێت .
Top