دیارده‌ی خزمه‌تکار له‌ کوردستان

دیارده‌ی خزمه‌تکار له‌ کوردستان
یه‌کێک له‌ ناشرینترین دیمه‌نه‌کانی گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان ڕاگرتنی خزمه‌تکاره‌ ، نه‌ک ته‌نها ناشرین به‌ڵکو دیارده‌یه‌کی نامۆیه‌ به‌ کومه‌ڵگاکه‌مان و له‌ هه‌مان کاتدا بارێکی قورسه‌ به‌ سه‌ر لاشه‌ی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ ده‌بێت هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ که‌ هێشتا له‌ بێشه‌دایه‌ بنبڕ بکرێت ، ده‌کرێت له‌ په‌رله‌مانی کوردستان یاسایه‌ک پیاده‌ بکرێت بۆ رێگه‌ گرتن له‌و دیارده‌یه‌و په‌ره‌سه‌ندنی که‌ بێگومان کۆمه‌ڵگا زیانمه‌ندی سه‌ره‌کیه‌ و دیسانه‌وه‌ قوربانی چه‌ند نه‌فسنزمێکی بچوکی خۆ به‌ زه‌به‌لاحزانه‌ ئه‌وانه‌ی کورد پێیان ده‌ڵێ ( زلی بێهونه‌ر ) .
ئێمه‌ی کورد هێشتا نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ وڵاتین له‌ هه‌رێمێ ئازاددا ده‌ژین ، ده‌بێ ئه‌وه‌مان هه‌رگیز له‌ یاد نه‌چێت که‌ ئه‌و ئازادییه‌ زادی خه‌باتی بێوچانی هه‌زاره‌ها شه‌هیده‌ ، ئه‌و شه‌هیدانه‌ی سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی خوێن و ژیانی خۆیان به‌خشیوه‌ته‌ سه‌رفرازی نه‌ته‌وه‌که‌یان له‌ ژیانی خۆیانیشدا بێ به‌رامبه‌ر کاریان کردووه‌، نان و پیازێک ژه‌می نیوه‌رۆیان بووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن ئێوارێ خوا چی ده‌کات به‌ قیسمه‌تیان، به‌ ده‌ستی خۆیان جلیان شتووه‌ ، گه‌ر پێویستی به‌ پینه‌ کردنیش بووبێت دیسان به‌ ده‌ستی خۆیان ئه‌نجامیان داوه‌ ، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌مانه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ که‌ مانگانه‌ حکومه‌تی هه‌رێم به‌ سه‌دان سه‌رێشه‌ له‌ ناوه‌ندی وه‌رده‌گرێت به‌ڵام داخه‌که‌م فره‌حزبێ له‌ هه‌ر شوێنێکی دونیا مایه‌ی خێر و بێر بووبێت بۆ وڵات ، له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌ وای کردووه‌ مافی ملیۆنه‌ها بچێته‌ ورگی گورگ .
نه‌ته‌وه‌یه‌ک زاتێکی وه‌ک بارزانی نه‌مر نه‌خشه‌ی سیاسی بۆ کێشه‌که‌ی کێشا و له‌ هه‌مو جیهاندا کورد و بارزانی پێکه‌وه‌ گرێدراون نموونه‌یه‌ک بوو بۆ مرۆڤی خۆ نه‌ویست ، ئه‌و مرۆڤه‌ مه‌زنه‌ زۆربه‌ی ژیانی خۆی له‌ چیا سه‌رکه‌شه‌کانی کوردستان برده‌سه‌ر به‌ڵام هیچ کات و ساتێک رێگه‌ی به‌ که‌س نه‌داوه‌ پێویستییه‌کی زاتی خۆی له‌ لایه‌ن که‌سێکی تره‌وه‌ بکرێت ، له‌ هه‌ر شوێنێک بوایه‌ له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانده‌کان له‌ سه‌ر یه‌ک سفره‌ نانی خواردووه‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌شه‌که‌ی ئه‌و هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌کی هه‌بووبێت ،به‌ڵام ئێستا هه‌رچی و په‌رچی وڵات که‌ ڕه‌نگه‌ نه‌ دڵۆپه‌ خوێنێک یان دڵۆپه‌ ئاره‌قێک یان دڵۆپه‌ فرمێسکێکیان له‌ رێگه‌ی رزگاری وڵات ڕشتبێت‌ ، که‌چی وه‌ک لاساییکردنه‌وه‌یه‌کی وڵاتانی که‌نداو خزمه‌تکاری تایله‌ندی ڕاده‌گرن له‌ ماڵه‌وه‌یان ، جا سه‌یر له‌وه‌دایه‌ زۆربه‌یان هێشتا ئه‌ته‌کێتی به‌کارهێنانی چه‌تاڵ و چه‌قۆ له‌ سه‌ر مێزی نانخواردن نازانن ، ئه‌وه‌ی هه‌یانه‌ ته‌نها ئه‌و پاره‌ مته‌یه‌ که‌ حزب و خزمی گه‌نده‌ڵ و بازرگانی ساخته‌ و موقاوه‌لاتی بێ موناقه‌سه‌ و شتیتر باراندوێتی به‌ سه‌ریان .
پێتان سه‌یر نه‌بێت له‌م رۆژانه‌دا له‌ گه‌ڵ ژنێکدا که‌ تازه‌ له‌ کوردستانه‌وه‌ گه‌رابووه‌ دانیشتم حه‌سره‌ت و ده‌ردی دڵی خۆی بۆ باس ده‌کردم ، بێگومان ئه‌و ژنه‌ له‌م وڵاته‌دا فه‌قیرانه‌ی سۆسیال وه‌رده‌گرێت به‌ڵام نازانم خزمانی سلێمانیی چییان بۆ بڕیوه‌ته‌وه‌ که‌ ساڵانه‌ چه‌ند جارێک سه‌فه‌ر ده‌فه‌رمێت بۆ وڵات. کاتێک قسه‌ی ده‌کرد ده‌تووت ئێستا دڵی له‌ گه‌ڵ حه‌سره‌ته‌کان دێته‌ ده‌رێ ، ده‌یگووت ، خوا قبوڵ ده‌کات له‌ سلێمانی له‌ گه‌ڵ فڵانه‌ خزم و فستانه‌ هاوڕێم دانیشتووم هه‌موویان خزمه‌تکاریان هه‌بوو ته‌نها من نه‌بێت بۆیه‌ هه‌ستم به‌ ته‌ریقبوونه‌وه‌ ده‌کرد ، ئاخر ئه‌مه‌ که‌ی حاڵه‌ منی تێدام .
ئه‌م دیارده‌ چه‌په‌ڵه‌ رۆژ له‌ دوای رۆژ ته‌شه‌نه‌ ده‌سێنێ و گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ و دیاریشه‌ که‌ چه‌ند ئاسه‌واری گه‌ن له‌ گه‌ڵ خۆی دێنێته‌ ناو وڵاتێک که‌ پێویسته‌ تاکه‌کانی له‌ ده‌وری کێشه‌یه‌کی پیرۆز کو ببنه‌وه‌ نه‌ک له‌ رێگه‌ی لاسایی کردنه‌وه‌وی هه‌مو دیاده‌یه‌کی هاورده‌ خۆیان پتر گه‌نده‌ڵ بکه‌ن و له‌ هه‌مان کاتدا و که‌س و کاری شه‌هید و ئه‌نفال و هه‌ژارانی وڵاتیش بێ هیوا بکه‌ن له‌وه‌ی که‌ رۆژێک زووتر عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ کوردستان به‌رکه‌ماڵ ببێت، ده‌بێ دڵسۆزانی کێشه‌که‌ ، ئه‌وانه‌ی کاربه‌ده‌ستی باڵان هه‌مو رێگایه‌ک بگرنه‌به‌ر بۆ بنبڕ کردنی ئه‌م دیاده‌یه‌ ، پێش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان یاسایه‌ک دانێ که‌ زه‌مه‌نێکی زۆری پێویسته‌ ده‌بێ باج بخرێته‌ سه‌ر ئه‌وانه‌ی خزمه‌تکار ڕاده‌گرن و ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستی میریش بن ده‌بێته ڕاژه‌یه‌ک له‌ مانگانه‌که‌ی ببرێت ، وا نه‌بێت ده‌بێ هه‌ر رۆژه‌ی دیارده‌یه‌کی نامۆ دزه‌ بکاته‌ ناو وڵات .
Top