یاری پێویستییه‌كی گرنگی منداڵانه‌‌

یاری پێویستییه‌كی گرنگی منداڵانه‌‌
دوای گه‌ڵاڵه‌كردنی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵ ، كه‌ له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌ ڕۆژی« ٢٠ ی / نۆڤه‌مبه‌ری / ١٩٥٩ » دا، چووه‌ بواری پابه‌ندبوون و جێبه‌جێكردنه‌وه‌ .. له‌ « به‌ندی حه‌وته‌می » ئه‌م جاڕنامه‌یه‌دا نووسراوه‌ :
« پێویسته‌ هه‌موو توانایه‌ك بخرێته‌كار، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵ یاری بكات و چۆست و چالاكیی نوێ بنوێنێت و.. به‌ره‌و ئامانجێكی په‌روه‌رده‌یی دیاریكراو ئاراسته‌ بكرێت .. پێویسته‌ كۆمه‌ڵگه‌ و حوكمه‌تیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كاربكه‌ن »

جاكسۆن براون ده‌ڵێ : « كاتی گه‌ڕان و یاریكردن له‌گه‌ڵ منداڵه‌كاندا دوامه‌خه‌ ، ئه‌و كاتانه‌ چۆن بۆ تۆ گرنگن ، بۆ ئه‌وانیش ئه‌وها گرنگن »

یاری، هه‌موو ئه‌و چالاكییانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ ، كه‌ تام و چه‌ژیان لێوه‌رده‌گیرێت وخۆشنوودی و دڵخۆشی و شادی به‌ یاریكه‌ر ده‌به‌خشن.

پێویستی و گرنگی یاری بۆ منداڵان .. له‌ پێویستی و بایه‌خی هه‌ڵمـژینی هه‌وای پـاك و خواردن و خواردنه‌وه‌ و خه‌و و جلوبه‌رگ كه‌متر نییه‌ .. به‌ڵكو یاری به‌شێكه له‌ ژیــانی منداڵاند.. ئه‌گه‌ر منداڵ ڕێی یاریكردنی لێبگیرێت..نابێت به‌ مرۆڤێكی ته‌ندروست و ئاسایی.

زانایه‌كی ده‌رونناسی منداڵان ده‌ڵێت : « كه‌ به‌ منداڵێك ده‌ڵێیت هێنده‌ مه‌بزوێ و به‌ ئارامی دابنیشه .. وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ ماسییه‌ك له‌ ناو ئاودا ده‌ربهێنیت و بیخه‌یته‌ سه‌ر زه‌وی و پێی بڵێیت بڕۆ.. » بێگومان مه‌حاڵه‌ كه‌ ماسی له‌سه‌ر وشكانیدا بڕوات و .. مه‌حاڵیشه‌ كه‌ منداڵ له‌ شوێنێكدا ئۆقره‌بگرێت و بێ چركه‌ و بێ چرپه‌ دابنیشێت و نه‌بزوێت .. چونكه‌
ئاسوده‌یی و ئارامی منداڵ له‌وه‌دایه‌ ، كه‌ ئه‌و زیاده‌ وزه‌یه‌ی له‌ له‌شیدا په‌نگی خواردووه‌ ده‌ریبڕێت.. ئه‌گینا دووچاری دڵته‌نگی و ناڕه‌حه‌تی و ‌‌گرژی و كێشه‌ی ده‌روونی ده‌كات .

یاری غه‌ریزه‌یه‌كی سروشتیه‌..نه‌ك ته‌نها له‌ ئاده‌میزاد دا،به‌ڵكو له‌ زۆربه‌ی گیانه‌وه‌ره‌كانی تریشدا هه‌یه‌ .. بۆ نموونه‌ : بڕواننه‌ دوو تووتكه‌ سه‌گ ، یا دوو به‌چكه‌ ورچ ، یا به‌چكه‌ مه‌یموون..كه‌ چۆن پێكه‌وه‌ یاریده‌كه‌ن.. یه‌كتری ڕاوده‌نێن و یه‌كتری هه‌ڵده‌شه‌پێنن ، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كتریش ئازاربده‌ن ، قه‌پ له‌ گوێ و له‌ش و له‌ كلكی یه‌كتری ده‌گرن..كه‌سیش فێری یاری نه‌كردوون.

بایه‌خ و سووده‌كانی یاری بۆ منداڵان زۆر زۆرن .. ناتوانین له‌ كورته‌ نووسینێكی وادا به‌ تێروتوسه‌لی باس له هه‌موویان بكه‌ین .. زۆر به‌ كورتی و ته‌نها بۆ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ سه‌رناوی هه‌ندێك له‌ سووده‌كانی یاری دێنین :
منداڵان له‌ ڕێیی یارییه‌وه‌ ساڵ له‌ دوای‌ ساڵ بیر و هۆش و زه‌ینیان زیاتر گه‌شه‌ده‌كه‌ن و، له‌ كاتی یاریكردندا ، ئه‌وپه‌ڕی توانا و هێزی جه‌سته‌ی و بیر و هۆشیان ده‌خه‌نه سه‌ر یارییه‌كانیان .. له‌شولار و ماسولكه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست ده‌رسكێن و ، ئاسۆی هزر و‌ خه‌یاڵیان، تێبینی و سه‌رنجدانیان، به‌هره‌ و خولیا و حه‌زه‌كانیان، توانای داهێنان و وه‌رگرتنی زانست و زانیاری نوێ و گۆڕانكاری و شاره‌زاییان .. زیاتر و فراوانتر ده‌بن.

یاری باشترین و ئاسانترین هۆیه‌ بۆ په‌روه‌رده‌كرن و فێركردنی و ڕێنمایی كردنی منداڵان. ئه‌و بابه‌ت و كه‌رستانه‌ی منداڵان یاری پێده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ساكار و ساده‌ش بن.. به‌ڵام سوود و بایه‌خیان له‌ به‌كارهێنانی كتێب بۆ فێركرنیان گرنگتر و كاریگه‌رترن .. له‌وانه‌یه‌ ئه‌وه‌ی به‌ هۆی كتێبه‌وه‌ فێری ده‌بن ، دوای ماوه‌یه‌ك به‌شێكیان له‌بیر بكه‌ن ، به‌ڵام ئه‌و زانست و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌ ڕێی یارییه‌وه‌ فێری ده‌بن ، بڕوا ناكه‌م به‌ ئاسانی له‌بیریان بچێته‌وه‌.. من خۆم وه‌كو مامۆستایه‌كی قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تی له‌ شاری كه‌ركوكدا،له‌ وانه‌كانی كوردی و بیركاری و جوگرافیا و مێژووشدا .. سوودێكی زۆر باشم له‌ یاری بینی ، وه‌كو هۆیه‌كی فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵان.. له‌م سه‌رده‌مه‌شدا، بۆ چۆنییه‌تی به‌كارهێنانی هه‌ندێ كه‌ره‌سته‌ و بابه‌تی نوێی یاری ، كتێب یا به‌ نووسینێ ساده‌یان له‌گه‌ڵدایه‌، ئه‌مه‌یان شتێكی باشه‌ و « به به‌ردێك دوو چۆله‌كه‌ ده‌پێكن‌ » چونكه‌ منداڵان له‌لایه‌كه‌وه‌ ، ئه‌و كتێبه‌ یا ئه‌و ڕێنماییانه‌ی ده‌رباره‌ی یارییه‌كان نووسراون ده‌خوێننه‌وه‌ ، له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یاری به‌و بابه‌تانه‌ ده‌كه‌ن .. هیوادارم دایكان و باوكان و مامۆستاكان سوود له‌م ڕاستی و له‌م بابه‌ت و كه‌ره‌سته‌ نوێیانه‌ی ئه‌مڕۆ وه‌ربگرن ، وه‌كو هۆیه‌كی ئاسانكاری بۆ په‌روه‌رده‌ و فێركردنی و ڕێنمایی ڕاست و دروستی منداڵه‌كانیان..پیویسته‌ به‌پێی ته‌مه‌نیان كه‌ره‌سته‌ و بابه‌ته‌كانی یارییان بۆ دابین بكه‌ن .. ئه‌و شه‌قشه‌قه‌ ڕه‌نگینانه‌ی كه‌ دایكان بۆ خه‌ڵافاندن ده‌یانده‌نه‌ ده‌ستی ساواكانیان ، یا ئه‌و زه‌نگوڵه و ته‌تكه‌ و په‌تكه‌ و زه‌رتكه‌ و ، مووروانه‌ی كه‌ به‌ لانكه‌كانیاندا شۆڕیان ده‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌و خڕخاڵانه‌ی له‌ پێیان ده‌كه‌ن، ئه‌و بازنگه‌ جوانانه‌ی له‌ ده‌ستیان ده‌كه‌ن ، تا كۆرپه‌كانیان یارییان پێبه‌كه‌ن.. زۆر به‌سوودن و ساواكانیان له‌ ده‌نگ و ڕه‌نگیان شاره‌زا ده‌بن.. به‌هۆی زرینگانه‌وه‌ و خڕوهۆریشیانه‌وه‌.. منداڵان زوتر خه‌ویان لێده‌كه‌وێت.

هه‌روه‌ها له‌ ڕێی یارییه‌وه‌ ، منداڵ زمانی گه‌شه‌ده‌كات و پێشده‌كه‌وێت ، كۆمه‌ڵێك وشه‌ و ڕسته‌ تازه‌ یه‌ك له‌ یه‌كترییه‌وه‌ فێرده‌ن .

ئه‌گه‌ر منداڵان له‌ كاتی یاریكردندا هه‌ڵه‌یان كرد .. نابێت سزای جه‌سته‌یی و ده‌روونی بدرێن و شه‌رمه‌زاریان بكه‌ن ، به‌ڵكو پیشاندانی ڕاسـتی .. هه‌ڵه‌كانیان ڕاسـت بـكه‌ینه‌وه.
یوسف یوبێرت ده‌ڵی : « منداڵان زیاتر پێویستیان به‌ نموونه‌ هێنانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، له‌وه‌ی كه‌ ڕه‌خنیان لێ بگرن‌‌ »

یاری باشترین هۆیه‌ بۆچاره‌سه‌ركردنی : بێزاری ، دڵته‌نگی ، گۆشه‌گیری ، خه‌مناكی ، شه‌رمكردنی منداڵان .. له‌ ڕێی یاریشه‌وه‌ وڕك و گرژی و توڕه‌یی و هه‌ڵچوونی منداڵان هێورده‌بنه‌وه‌..یاری ڕێیه‌كی گرنگه‌ بۆ بنیاتنان و چه‌سپاندنی كه‌سایه‌تیه‌كی بڕوابه‌خۆی ته‌ندروست ..له‌ ڕێی یارییه‌وه‌ منداڵان فێری: سۆز و خۆشه‌ویستی ، برایه‌تی و هاوڕێتی ، پێكه‌وه‌ژیان و سازان و ته‌بایی ، لێبووردن و قبووڵكردنی یه‌كتری ، ڕووحی وه‌رزشی ، گوێدێری و ڕێزگرتن له‌ یاسا ، یارمه‌تی و هاوكاری ، ئازایه‌تی و بوێری و خوڕاگرتن ، هه‌وڵ و تێكۆشان و كۆڵنه‌دان ، سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌ و شسكتی و دۆڕاندن ، ئارامی و ئاشتی ، پێشبركێ و ململانێی ته‌ندروست و ....هتد ده‌بن.. به‌ڵێ منداڵان له‌ ڕێی یارییه‌وه‌ به‌ سه‌تان سوود و وانه ‌و په‌ند ورده‌گرن.. له‌ داهاتووشدا هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌بنه‌ تاكێك و به‌ هاوڵاتییه‌كی سوودبه‌خش و ، گه‌ل و نیشتمانپه‌روه‌ر.

گه‌لێك له‌ شاعیرانی كوردمان ، ده‌رباره‌ی بایه‌خی یاری بۆ منداڵان.. شیعریان نووسیوه‌.. فایق بێكه‌س ده‌ڵێت :

تۆپــێن و كه‌وشــه‌ك و شه‌قێن
یارییه‌كی زۆر جوان و بـه‌جێن
ته‌وژم و تین ئه‌ده‌ن به‌ خــوێن
یاریــــكه ، ڕاكه‌ ، پێكه‌نه
جـــلی بێـــــكاری داكــه‌نه‌

هه‌ژار موكریانی ده‌ڵێت :
وه‌رزش مــرۆ ئـازا ده‌كــا
ئـــازا وڵات ئــــاوا ده‌كـــا
من له‌ وه‌رزش پــاڵه‌وانم
ڕۆڵه‌ی ئازای كوردستانم

دایكی سۆلاڤ « سه‌بریه‌ نوری قادر » ده‌ڵێت :
یــــــاری خۆشـــه‌ مــــناڵـــینه‌
هێز و توانا و خۆشی ژیـــــنه

ره‌زا ‌شـوان یش ده‌ڵێت :
زۆر حـه‌زم له‌ یــــارییه‌
له‌ هـی كـــــورده‌وارییه‌
له‌ بــووكه‌ به‌ بــــــارانه‌
نه‌ریتـــێكی كـــــــوردانه
له‌ هه‌تـه‌رێ و مـه‌تـه‌رێ
نــه‌ورۆزه‌ وه‌رنــه‌ ده‌رێ
له‌ چــاوشاركێ و له‌ ڕاونـــان
یاریی گورگ و مه‌ڕ‌‌ و شــوان

زانایانی ده‌رونناس ، چه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌نه‌وه‌ .. كه‌ هۆیه‌كی بڵاوبوونه‌وه‌ی تاوان له‌ نێو لاواندا،ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ قۆناغی منداڵییان..كه‌ ئۆخه‌یان له‌تافی منداڵییان نه‌كردووه‌ و به‌ هه‌وه‌س و كامی دڵیان یارییان نه‌كردووه‌ و سه‌ركوتكراون .. ئه‌و یارییانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ ده‌یكه‌ن .. یاریكردنه‌ به‌ ئاگر .. وه‌كو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك له‌ له‌ گه‌وره‌كان كه‌ له‌ یاریكردندا نامرادیان كردن .. وه‌كو منداڵ ژیانیان به‌سه‌ر نه‌بردووه‌ .. به‌ڵكو به‌ زه‌بر و توندوتیژی و تێهه‌ڵدان ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵدا كردوون و .. له‌سۆز و خۆشه‌ویستیش بێبه‌ش بوونه‌ .. هه‌ر ئه‌و ڕه‌فتار و په‌روه‌رده‌ سه‌قه‌ته‌ یه‌ ، كه‌ له‌ ژیانی ئه‌مڕۆیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌ و .. زیانێكی زۆر به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و نیشتمانه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نن و.. ڕاستكردنه‌وه‌شیان كارێكی ئاسان نییه‌.

زانایه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وت كه‌ « هیتله‌ر » : له‌ منداڵیدا تێر یاری نه‌بووه‌ .. باوكی فه‌رمانبه‌ر بووه‌ له‌ هێڵی ئاسنی شه‌مه‌نده‌فه‌ر.. دایكیشی له‌ ماڵاندا كاری ده‌كرد..هیتله‌ریان به‌ ته‌نها له‌ ماڵه‌وه به‌جێده‌هێشت..كه‌س نه‌بوو بیلاوێنی و یاریی له‌گه‌ڵدا بكات.. كه‌ گه‌وره‌‌‌ بوو ماڵی به‌ جێهێشت .. چووه‌ ڕیزی سوپای ئه‌ڵمانیا .. دوایش نوقمی سیاسه‌ت بوو..ئه‌و هه‌موو دڵڕه‌قی و بێبه‌زه‌ییه‌ی، كه‌ به‌رزترین سیفه‌ت بوو له‌ ژیان و له‌ ڕه‌وشتی هیتله‌ردا. تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ بوو له‌ په‌راوێزكردنی وه‌كو منداڵێك .. هیتله‌ر به‌رانبه‌ر به‌ دایكانیش زۆر دڵڕه‌ق بوو .. به‌ هه‌زاران كه‌سی بێ دایك كرد .. چونكه‌ له‌ منداڵیدا دایكی ده‌ستی به‌سه‌ریا نه‌هێناوه‌ و وه‌كو پێویست نه‌ی لاواندووه‌ .. ئه‌وه‌بوو هیتله‌ر بووه‌ هۆی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م و بووه‌ هۆی كوشتنی به‌ ملیۆنان كه‌س و كاولكردنی چه‌ندین شار و وڵات و قاتوقڕی و گرانی و برسێتی..كه‌ تا ئه‌مڕۆش جیهان باجی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌داته‌وه‌.

ده‌توانین بڵێین، بناغه‌ی ده‌وڵتێكی به‌خته‌وه‌ر و ئارام و سه‌قامگیر..له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ست پێده‌كا بۆیه‌ پێویسته‌ خێزان ( دایك ، باوك ، خوشك و برا ) درك به‌م ڕاستییه‌ بكه‌ن و ،‌ ئه‌ركی سه‌رشانیان به‌رانبه‌ر به‌ منداڵه‌كانیان به‌جێبهێنن .. ڕێ له‌ منداڵه‌كانیان نه‌گرن و ، با به‌ ئازادی و به‌ كامی دڵیان له‌ژێر چاودێرییاندا.. خۆیان مه‌ستی یاری و وه‌رزش بكه‌ن .

ئه‌گه‌ر به‌ هیوای داهاتوویه‌كی گه‌شتر و خۆشتر و شیاوتر بین بۆ كورد و كوردستان ، له‌ سایه‌ی كوردیله‌كانی ئه‌مڕۆماندا، كه‌ نه‌وه‌ی داهاتووی كوردستانن بحه‌سێینه‌وه‌.. پێویسته‌
به‌ شێوه‌یكی ڕاست و دروست منداڵه‌كانمان په‌روه‌رده‌ و فێربكه‌ین .. پێویسته‌ چاكسازی و گۆڕانكاری له‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ و فێركردنه‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ین .. پێش هه‌موو شتێك، به‌ په‌یڕه ‌و پرۆگرامه‌كانی باخچه‌ی ساوایان و قوتابخانه‌ی بنه‌ڕه‌تیدا بچینه‌وه‌ .. به‌ شێوه‌یه‌ك پروگرامه‌كان دابڕێژێنه‌وه‌ ، كه‌ له‌گه‌ڵ خواست و پێویستییه‌كانی ئه‌مڕۆی گه‌له‌كه‌ماندا بگونجێت.. پێویسته‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سوود له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی وڵاتانی پێشكه‌توو له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فیركردن وه‌ربگرێن ..تایبه‌تمه‌ندی و پێویستی خۆشمان ڕه‌چاو بكه‌ین.

نابێت دایكان و باوكان و مامۆستاكان ، به‌ زۆرداری و، به‌ گوێره‌ی خواستی خۆیان یاری به‌سه‌ر منداڵاندا بسه‌پێنن و ، چی ئه‌مان ده‌یانه‌وێت و به‌ ڕاستی ده‌زان ، منداڵان په‌یڕه‌وی بكه‌ن و لانه‌ده‌ن .. پێویسته‌ حه‌ز و خولیا و ئاره‌زووه‌كانی منداڵان فه‌رامۆش نه‌كه‌ن.
كارین هۆرینی ده‌ڵێت : « منداڵ هه‌میشه‌ ئاره‌زووه‌كانی خۆی به‌ ڕاست ده‌زانێت »

لێره‌دا مه‌به‌ستم له‌وه‌ نییه‌ كه پشت له‌ منداڵان بكه‌ین و چاودێریان نه‌كه‌ین و ، چیده‌كه‌ن با بیكه‌ن..‌ پێویسته‌ منداڵان له‌و یارییه‌ مه‌ترسیدارانه‌ دوور بخه‌ینه‌وه‌ ، كه‌ زیان به‌ خۆیان یا كه‌سانێكی تر ده‌گه‌یه‌نن..ئه‌و یارییانه‌ی كه‌ كاردانه‌وه‌یه‌كی خراپیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی منداڵان ده‌بێت و.. زیانێكی گه‌وره‌ش به‌ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌مان ده‌گه‌یه‌نن .. بۆ نموونه‌ : یاریكردن به‌ ده‌مانچه‌ و تفه‌نگی ته‌ره‌قه‌دار ، تیر و كه‌وان ، دارلاستیك ، قۆچه‌قانی ، ئاگرواسكێ ، یاریكردن به‌ كاره‌با ، یاریكردنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ به‌ چه‌قۆ و شمشیری باغه ،... هتد. ناشبێت شتی تیژ و كه‌ره‌سته‌ی ورد له‌ به‌رده‌م منداڵی ساوادا دابنرێن ، نه‌باكه‌ خۆیانی پێ بریندار بكه‌ن ، یا ئه‌و شته‌ وردانه‌ قووت بده‌ن..‌مه‌ترسی هه‌ندێ له‌و یارییانه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌ منداڵ فێری چه‌قاوه‌سوویی و له‌خۆبایی بوون وسه‌ركێشی و شه‌ڕانگێزی ده‌بن .. تا ئێستا چه‌ندین منـداڵ به‌ هۆی به‌رده‌لاستیك و به‌رده‌قۆچانی ، یا تیری كه‌وانه‌وه‌ ، یا به‌ هۆی ته‌ره‌قه‌ی ده‌مانچه‌ و تفه‌نگه‌وه‌ ، چاویان له‌ده‌ست داوه‌ ، یا سه‌ر و ده‌ست و قاچیان شكاوه‌ و عه‌یبداربوونه‌.بۆیه‌ دایك و باوك و مامۆستاكان و هه‌موو دڵسۆز و خه‌مخۆرێكی منداڵان مه‌ترسیی ئه‌و یاریانه له‌ به‌رچاوبگرن و منداڵانیان لێ دووربخه‌نه‌وه‌..پێویسته‌ حوكمه‌تی كوردستانیش ڕێ به‌ كۆگاكانی بابه‌تی یاری منداڵان نه‌دات ، كه‌ له‌و جۆره‌ بابه‌ته‌ یارییه‌ زیانبه‌خشانه‌ بفرۆشن ، پێویسته‌ قوتابخانه‌ و میدیاكانیش له‌م ڕووه‌وه‌ منداڵانی كوردمـان هۆشیاربكه‌نه‌وه‌ .. به‌ تایبه‌تیش ماوه‌ی به‌رنامه‌كانی منداڵان له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌ كوردییه‌كاندا.

بێگومان منداڵانی ئه‌مڕۆمان ، له‌ منداڵانی دوێنێمان به‌خته‌وه‌رتر و چاوكراوه‌تر و به‌ تواناتر و زۆرزانتر و خه‌یاڵ فراوانترن .. منداڵانی ئه‌مڕۆ نه‌وه‌ی داته‌ و ئینته‌رنێت و پله‌یستێشن و جۆره‌ها بابه‌تی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ن..جا كورد به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووه‌ كه‌ ده‌ڵـێ : « جوجگه‌كه‌ی ئه‌مساڵ ، جوجگه‌كه‌ی پار فێری جووكه‌ جووك ده‌كا ».. ئاخۆ ده‌بێت له‌ سبه‌ینێی پێشكه‌وتووتر له‌ ئه‌مڕۆ ..چ بابه‌تێكی یاریی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر بۆ منداڵان بێنه‌ كایه‌وه‌.. ؟ بێگومان پێشكه‌وتن و داهێنان هه‌رگیز ناوه‌ستی و دریژه‌ی دبێت.

منداڵ زۆر جار له‌ یارییه‌كانیدا، لاسایی گه‌وره‌كان ده‌كاته‌وه‌ ، بۆ نموونه‌ : ئه‌گه‌ر‌ سه‌رنجی ئه‌و خونچه‌گۆڵه‌ بده‌ین كه‌ به‌ بووكه‌ شووشه‌كه‌ی یاری ده‌كات و، جلوبه‌رگی له‌به‌ر ده‌كا و ده‌یخاته‌ ناو لانكه‌ قنجه‌كه‌یه‌وه‌‌ و ، دایده‌پۆشێ و ، ئینجا تێر لایلایه‌ی بۆ ده‌كات.. تا خه‌وی لێبكه‌وێت ، دواتر شاوشادی لێده‌كات ، ڕه‌نگه‌ ئه‌م منداڵه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی به‌ چـاوی خۆی له‌ دایكی بینیبێت.
له‌ چه‌ند نووسیێكی ترمدا دووباره‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌ت..چونكه‌ قسه‌لێكردنی زیاتر هه‌ڵده‌گرێت.
Top