مافه‌كانی منداڵ
October 2, 2010
وتار و بیروڕا
دێینه سه‌ر بابه‌تی سه‌رباسه‌كه‌مان، مافه‌كانی منداڵ..به‌داخه‌وه تا ئه‌مڕۆش به‌شی هه‌ره زۆری منداڵانی كوردمان، به هۆی كوێره‌وه‌ری و ژیانسه‌ختی و سه‌ركوتكردنه‌وه، نازانن مافه‌كانیان چین..؟ به‌ڵكو زۆری باوك و دایكان و مامۆستاكانیش،ئه‌وانیش نازانن كه به‌نده‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵ چین؟ یا ئه‌گه‌ر بشیانزانن،له‌وانه‌یه به هه‌ند و گرنگیان نه‌زانن. تا ئه‌مڕۆش حكومه‌تی كوردستان ئاوڕێكی پێویست و جدی له منداڵه‌كانمان نه‌داوه‌ته‌وه، ڕۆڵی گرنگی كوردیله‌كانمانیان له داهاتووی كورد و كوردستاندا له به‌رچاو نه‌گرتووه .. تا ئێستاش به هۆی گرانی و كه‌م ده‌ستكورتی و نه‌بوونییه‌وه، منداڵێكی زۆرمان هه‌یه كه له خوێندن دابڕاون ، یان هه‌ر نه‌نێراونه‌ته قوتابخانه، له‌و ته‌مه‌نه ناسكه‌دا ڕۆژ تا ئێواره له شه‌قام و بازاڕه‌كاندا، به نا چاری خه‌ریكی شت فرۆشتن و كاركردنن، تا هاوكاری له بژێوی خێزانه‌كانیاندا بكه‌ن..ئۆخه‌ی له تافی منداڵییان ناكه‌ن، نه تامی خۆشی ده‌زانن ونه ده‌زانن مافه‌كانیان چین..من ئه‌م لانه‌كردنه‌وه و به‌دوادانه‌چوونه‌ی حكومه‌ت و ئاوڕنه‌دانه‌وه‌یان له‌و منداڵ و خێزانه هه‌ژارانه، به نه‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی حكومه‌تی كوردستانی ده‌زانم..زۆر قسه و ڕه‌خنه‌ی تریشمان له باره‌ی به‌رجه‌سته‌نه‌كردنی مافه‌كانی منداڵه‌كانمانه‌وه هه‌یه، له داهاتوودا باسیان لێده‌كه‌ین. ناشڵێین منداڵه‌كانمان به جارێ په‌راوێز كراون، به‌ڵام به‌شی زۆری مافه‌كانیان نه‌هاتوونه‌ته‌دی..هیوادارم كه بێنه‌دی.. چونكه ئه‌ركێكی پێویستی سه‌رشانی حكومه‌ته، كه پێویستییه‌كانی گه‌شه‌كردن و نه‌شونماكردنی له‌ش و بیر وهۆشوگۆش و هه‌ست و سۆزی منداڵه‌كانمان دابین بكات و زه‌مینه‌یه‌كی له‌باریان بۆ بڕه‌خسێنێ بۆ زیاتر گه‌شه‌كردنی به‌هره و تواناكانیان و بۆ قۆستنه‌وه و سوود وه‌رگرتن له حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان.
له ساڵی ١٩٢٤دا، له‌و به‌یاننامه‌یه‌ی كه له شاری«جنێڤ ـ سویسرا» ده‌ركرا، جه‌خت له‌سه‌ر دابین كردنی ماف و پێویستییه‌كانی منداڵ و بایه‌خێكی تایبه‌تی
به پاراستنی منداڵ ده‌كات..به‌پێی بڕیاری" ٤٤/٢٥"كه له"٢٠/نۆڤه‌مبه‌ر/١٩٨٩ له لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه كه زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی له‌خۆگرتووه ده‌رچووه، لیستێكی زۆر دوورودێژی ده‌رباره‌ی مافه‌كانی منداڵ ده‌ركردووه، كه بریتیه له "٥٤" مادده، هه‌ندێك له مادده‌كان له چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتوون..باسیش له جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافانه و پاراستنی منداڵ ده‌كات..به‌پێی مادده‌ی" ٤٩" له ٢ ی/سێبته‌مبه‌ری/ ١٩٩٠دا ئه‌و مافانه‌ی منداڵ كه‌وته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه..سه‌رجه‌م " ١٩١" وڵاتی ئه‌ندام، ئه‌م گه‌ڵاڵه‌نامه"ڕێكه‌وتننامه" یه‌یان مۆركرد و،به‌ڵێنی پابه‌ندبوونی خۆیان نێشاندا، به ڕێزگرتن و پاراستن و جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی منداڵ..ته‌نها وڵاتی «سۆمال»و«وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا»نه‌بێت، كه تا ئه‌مڕۆش جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵیان مۆر نه‌كردووه.. ئه‌گه‌ر به درێژی و ته‌وای باس له ده‌قی هه‌موو مادده و بڕگه‌كانی جاڕنامه‌ی مافه‌كانی منداڵ بكه‌ین زۆری ده‌وێ..بۆیه لێره‌دا زۆر به كورتی و چڕی باسی به‌شێك له مافه‌كانی منداڵ ده‌كه‌ین، هیوادارم له ده‌رفه‌تێكدا،ده‌قی هه‌موو مادده و بڕگه‌كانی جاڕنامه‌كه‌ی مافه‌كانی منداڵ به كوردی له نامێلكه‌یه‌كدا بڵاوبكه‌مه‌وه.
هه‌ندێك له مافه‌كانی منداڵ
یه‌كه‌م/ به پێی جاڕنامه‌كه‌ی مافه‌كانی منداڵ، منداڵ هه‌ر مرۆڤێكه كه له هه‌ژده ساڵ كه‌متر بێت.
دووه‌م / هه‌موو منداڵێك به‌بێ جیاوازی مافی ژیان و خواردن و خواردنه‌وه‌ی ئاوی پاكی هه‌یه.
سێیه‌م/ نابێت به هۆی نه‌ته‌وه جیاوازی، ڕه‌نگی پێست، ڕه‌گه‌ز، زمان، ئایین، كه‌م ئه‌ندامی، باری كۆمه‌ڵایه‌تی، سامان، یان به هۆی بیروڕای سیاسی باوك و دایك و خێزان، یا به‌خێوكه‌ری یاساییه‌وه، جیاوازی له نێوان منداڵاندا بكرێ.
چواره‌م/ منداڵ هه‌ركه له‌دایك ده‌بێت، ده‌بێ ناوێكی بۆ دابنرێت و ناونووس بكرێت، مافی ئه‌وه‌شی هه‌یه كه ناسنامه"نه‌ته‌وه‌نامه" وه‌ربگرێت..له سایه‌ی نازی دایك و باوكی‌دا به‌خێوبكرێت.
پێنجه‌م/ منداڵان مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه، كه به ئازادی و ئاشتی پێكه‌وه كۆببنه‌وه و كۆمه‌ڵه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بێت.پێویستیشه ڕاگه‌یاندنه‌كان له خزمه‌تیاندا بێت و هانی به‌رهه‌مهێنان و چاپكردنی كتێبی منداڵانیش بدرێت.
شه‌شه‌م/ په‌روه‌رده و گه‌شه‌كردنی منداڵ، به هاوبه‌شی له ئه‌ستۆی دایك وباوك، یان به‌خێوكه‌ری یاسایی دایه.پێویستیشه به‌رژه‌وه‌ندی منداڵه‌كه‌یان جێی بایه‌خی سه‌ره‌كییان بێت.
حه‌وته‌م/ پاراستنی منداڵ له هه‌موو توندوتیژی و خراپه و زیانپێگه‌یاندنی گیانی و هۆش، ناشبێ په‌راوێز بكرێت، یا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی ته‌وزیف بكرێت.
هه‌شته‌م/ ئه‌و منداڵه‌ی هه‌وڵی وه‌رگرتنی مافی په‌نابه‌رێتی ده‌دات،به‌پێی یاسا و ڕێسای نێوده‌وڵه‌تی یا ناوخۆیی كارپێكراو، یان به په‌نابه‌ر وه‌رگیراوه، ئه‌و منداڵه به ته‌نها بێت یا له‌گه‌ڵ دایك و باوكی یان له‌گه‌ڵ هه‌ر كه‌سێكدابێت كه گرتبێتیه خۆی، پێویسته بپارێزرێت و یارمه‌تی مرۆیی شیاوبدرێت.
نۆیه‌م/ منداڵێ كه‌م ئه‌ندامی له‌ش یان هۆش(هه‌ر وه‌كو منداڵێكی ئاسایی) مافی ژیانی هه‌یه.پێویستیشه بارودۆخێكی له‌باری بۆ بڕه‌خسێنرێت و، زامنی ڕێز و شكۆداری و سه‌روه‌ری بكرێت. ڕابهێنرێت كه پشت به خۆی ببه‌ستێت و، بشتوانێت به ئاسانی و كرده‌وه‌یی تێكه‌ڵی كۆمه‌ڵ بێت.
ده‌یه‌م/ پێویسته ته‌ندروستی منداڵ بپارێزرێت،ئه‌گه‌ر نه‌خۆش كه‌وت و پێویست بكات، ببرێت بۆ لای پزیشك یا بۆ نه‌خۆشخانه.مافی چاره‌سه‌ركردن و كوتان و داوده‌رمانی پێویستی هه‌یه.
یانزه‌یه‌م/ هه‌موو منداڵێك مافی سوودوه‌رگرتنی له مافی زامنی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه.ئه‌گه‌ر پێویست بوو، پێویسته مووچه‌ی بدرێتێت،پێوستیشه باری ژیانی خێزانه‌كه‌ی یا به‌خێوكه‌ره‌كه‌ی له‌به‌رچاوبگیرێت.
دوانزه‌یه‌م/ هه‌موو منداڵێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه گوزه‌رانی ژیانی له ئاستێكی شیاودابێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌شی و هۆشی و ده‌روونی و له ڕووی مه‌عنه‌وی و كومه‌ڵایه‌تیشه‌وه گه‌شه‌بكه‌ن.
سیانزه‌یه‌م/ هه‌موو منداڵێك مافی خوێندنی و چوونه قوتابخانه‌ی هه‌یه..پێویسته خوێندن به خۆڕایی بێ و خوێندنی بنه‌ڕه‌تیش به زۆربێت..بواری خوێندنیش بۆ هه‌موو منداڵان بڕه‌خسێنن..هه‌ر منداڵێكش ده‌سكورتی دارایی بوو، پێویسته به پاره یارمه‌تی بدرێت..هه‌وڵیش بدرێت دیارده‌ی وازهێنان و خۆدزینه‌وه له قوتابخانه كه‌متربێت.
چوارده‌یه‌م/ پێویسته فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ ئاراسته‌كراوبێت، به ئاراسته‌ی گه‌شه‌كردنی كه‌سایه‌تی منداڵ و به‌هره و توانا عه‌قلییه‌كانی تا ئه‌وپه‌ڕی توانا، گه‌شه‌كردنی ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان و بیروڕاكان..ده‌بێت منداڵ به جۆرێك ئاماده‌بكرێت، كه له نێو كۆمه‌ڵێكی ئازاد دا هه‌ست به ئه‌ركه‌كانی خۆی بكات..به هه‌ستی له‌یه‌كگه‌یشتن و ئاشتی و لێبووردن و یه‌كسانی له نێوان هه‌رد و ڕه‌گه‌زدا و هاوڕێتی له نێوان هه‌موو گه‌لاندا په‌روه‌رده بكرێن، هه‌روه‌ها فێربكرێن كه ڕێز له ژینگه‌ی سروشتی بگرن.
پانزه‌یه‌م/ له‌و وڵاتانه‌ی كه فره‌نه‌ته‌وه‌ن،نابێت منداڵانی نه‌ته‌وه‌كانی تر له نه‌ته‌وه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته جیابكرێنه‌وه و بێبه‌ش بكرێن له كولتوور،یان نه‌هێڵن ئایین و ڕێوڕه‌سمه ئاینی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان بگێڕن، یا نه‌هێلن كه به زمانی خۆیان بدوێن.
شانزه‌یه‌م/ هه‌موو منداڵێك مافی پشوودان و حه‌وانه‌وه و یاری كردن و پێكه‌نین وخه‌ون و خه‌یاڵ و ئه‌و چالاكییانه‌ی هه‌یه، كه له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نیدا ده‌گونجێن..بۆی هه‌یه به ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه به‌شداری له ژیانی ڕۆشنبیری و هونه‌ری بكات.
حه‌ڤده‌یه‌م/ پێویسته منداڵ له چه‌وسانه‌وه بپارێزرێ و له پێناوی ده‌سكه‌وتی ئابووریدا به‌ز‌ۆر نه‌یخنه بن باری ئیشكردنه‌وه،كه له‌وانه‌یه مه‌ترسیی بۆ هه‌بێت یا ته‌نگ به خوێندنه‌كه‌ی هه‌ڵبچنێت، یاخۆ زیان به ته‌ندروستی و گه‌شه‌كردنی گیان و هۆش و ده‌روون وباری كومه‌ڵایه‌تی بگه‌یه‌نێت.
هه‌ژده‌یه‌م/ پاراستنی منداڵ له به‌رهه‌مهێنان و به‌كارهێنان و بازرگانیكردنی نابه‌جێ به مادده هۆشبه‌ره‌كان، یا هه‌ر مادده‌یه‌ك كه كار له منداڵ بكات.
نۆزده‌یه‌م/ پاراستنی منداڵ له هه‌موو ده‌ستدرێژییه‌كی سیكسی، یا به‌كارهێنانیان له‌و بوره‌دا. بیسته‌م/ قه‌ده‌غه‌كردنی منداڵ ڕفاندن یا فرۆشتن یا بازرگانیكردن پێیانه‌وه، به هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان بێت یا بۆ هه‌ر مه‌به‌ستێك بێت.
بیستویه‌كه‌م/ نابێت منداڵ ئه‌شكه‌نجه بدرێت یا ڕه‌فتاری نابه‌جێی ده‌رهه‌ق بكرێت ، یا سزای قورسی نامرۆیی و كارگرانی به‌سه‌را بسه‌پێنرێت ، ناشبێ له سێداره بدرێت، یا به به‌ندكردنی به درێژایی ژیانی سزابدرێت ، له‌سه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی كه ده‌یكات.
بیستودووه‌م/ پاراستن و چاودێریی منداڵ له كاتی شه‌ڕ و ئاژاوه‌دا.
بیستوسێیه‌م/ ئه‌و منداڵه‌ی كه ده‌بێته قوربانی هه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كانی پشتگوێخستن و به‌دڕه‌فتاری و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان یان هه‌ر جۆرێكی تر له جۆره‌كانی دڵڕه‌قی و توندوتیژی،هانی كه‌ییبوونه‌وه و ئاساییكردنه‌وه‌ی بدرێت كه ڕێخۆشكه‌ر ده‌بێت بۆ باشبوونه‌وه‌ی ته‌ندروستی و ئاساییبوونه‌وه‌ی ده‌روونی و تا به خۆشی و ڕێزیشه‌وه بگه‌ڕێته‌وه بۆ نێوماڵه‌كه‌یان و، دووباره‌ش تێكه‌ڵ به كومه‌ڵه‌ڵه‌كه‌ی ببێته‌وه. بیستوچواره‌م/هه‌موو منداڵیك مافی ئه‌وی هه‌یه كه خۆشیان بوێت و بایه‌خی پێبده‌ن له لایه‌ن كه‌سوكار و خێزانه‌كه‌یه‌وه،یان كه‌سانێكی تر كه جێی ئه‌وان ده‌گرنه‌وه.
بیستوپێنجه‌م/ هه‌موو منداڵێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، كه به ئه‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه گوزارشت له ڕاو بۆچوونی خۆی بكات و ڕێزی ڕایه‌كانیشی بگرن و له‌و بڕیارانه‌ش كه له ماڵه‌وه یا له قوتابخانه یا له هه‌رشوێنێكی تردا ده‌درێن و په‌یوه‌ندیان به ئه‌مه‌وه هه‌یه ، ده‌بێت منداڵ په‌راوێزنه‌كرێت و به شێك بێت له بڕیاردان.
كێسی مافه‌كانی منداڵانی كوردمان، له ئه‌مڕۆ و له ڕابردووش‌دا، له باكوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای كوردستاندا، له ژێر سایه‌ی ڕژێمه ڕه‌گه‌زپه‌رسته داگیركه‌ره‌كانی كوردستاندا، له تاوانی به‌ناهه‌ق به‌رانبه‌ر به منداڵانی كورد هیچ خاڵێكی باشی تێدا به‌دیناكرێ. بۆیه بۆته په‌ڵه‌یه‌كی قێزه‌وه‌نی ڕه‌شی شه‌رمه‌زاری به ته‌وێڵی ئه‌و ڕژێمانه‌وه..تا ئه‌مڕۆ نزیكه‌ی پانزه هه‌زار منداڵی كوردمان له به‌ندیخانه‌كانی توركیادان،زیاتر له سێ هه‌زاریش له به‌ندیخانه‌كانی ئێران و، زیاتریش له‌سه‌د و په‌نجا منداڵ له به‌ندیخانه‌كانی سوریادان ، كه له هه‌ژده ساڵ كه‌مترن، به‌ڵكو منداڵی ته‌مه‌ن یانزه ساڵیشیان تێدا هه‌یه..زۆر به‌بێ ویژدانانه ئه‌شكه‌نجه وئازاری جه‌سته‌یی و ده‌روونی ده‌درێنن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی توانیان به‌ده‌سته‌وه‌بێ بۆ به‌ندكردنیان، ته‌نها ئه‌وه‌یه كه منداڵانی كوردن و تینووی ئازادی و مافه زه‌وتكراوه‌كانیانن..ئه‌وه‌ی بۆته مایه‌ی داخ و نیگه‌رانی به‌لای ئێمه‌وه،ئه‌وه‌یه كه ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ و مافه‌كانی منداڵان، به توندی سه‌ركۆنه‌ی توركیا و ئێران و سوریایان نه‌كردووه،ده‌رهه‌ق به‌و تاوان و پێشێلكارییانه‌ی له مافه‌كانی منداڵانی كورد كه ڕوژانه ده‌كرێن..؟ بێده‌نگیش له ئاست تاوان وسته‌م ..تاوانه.
ره‌زا شوان// سه‌ر‌ۆكی كۆمه‌ڵه‌ی منداڵانی كورد // نه‌رویج